ڕووداوەكانی پەرلەمان؛ داخستنی دەرگا بەسەر پەرلەمانتاراندا و ئاشكراكردنی "دزینی 42%ی داهاتی ناوخۆ"

06-07-2021 04:14
داخستنی دەرگای پەرلەمان لە پەرلەمانتاران، پەرلەمانتارە ناڕازییەكان لەسەر مەنەسەی پەرلەمان

پەرەگراف

كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ناڕەزایی بەشێك لە پەرلەمانتاران بەرانبەر كارنامەی كۆبوونەوەكە، گرژی و بایكۆتكردنی تێكەوت. 16 پەرلەمانتار كە بۆ دەربڕینی هەڵوێست كۆبوونەوەكەیان جێهێشت، دەرگای پەرلەمانیان بەسەردا داخرا و ڕێگە نەدرا بەشداریی كۆبووەنەوەكە بكەنەوە. بەپێی قسە و "بەدواداچوون"ی چەند پەرلەمانتارێكیش، "لەسەدا 42ی داهاتی ناوخۆ لە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد ناگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی و دەدزرێت".

كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان لە سێ‌ بڕگە پێكهاتبوو، ئەوانیش دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسایەك، خستنەڕووی بیرۆكەی چوار پەرلەمانتار و خوێندنەوەی دووەم بۆ سێ‌ پێشنیاز و پڕۆژەیاسایا بوون، ناڕەزایی بەشێك لە پەرلەماتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و داوایان كرد داواكاریی پێشتری "56 پەرلەمانتار بۆ كۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە" بكرێت بە بڕیارێكی یاسایی و بخرێتە دەنگدانەوە.

پاشان پەرلەمانتارە ناڕازییەكان چوونە سەر مەنەسەی بەردەم دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دانیشتنەكەیان ڕاگرت، دواتریش 16 پەرلەمانتار چوونە دەرەوە و بۆ میدیاكان دوان.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، وتی "لە كۆبوونەوەی پێشتری پەرلەمان و ئەمڕۆیش، داوامان كردووە كە بابەتی لێبڕینی مووچە بخرێتە دەنگدانەوە، تا دیار بێت كێ‌ لەگەڵ لابردنی لێبڕینی مووچەیە و كێ‌ لەگەڵ لابردنی نییە، بەڵام سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەوە چەندین جارە یاداشتەكان پشتگوێ‌ دەخات و بووەتە پاشكۆی حكومەت".

سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی مووچەیش، شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "40 ڕۆژە مووچە دابەش نەكراوە، لەبەر ئەوەی لە زۆنی سەوزدا لەسەدا 42ی داهاتی گومرگ و پۆلیسی هاتوچۆ و هی تر لادراوە، بە هەمان شێوە لە زۆنی زەردی هەولێر و دهۆكیش لەسەدا 42 لادراوە و دزراوە".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "كۆبوونەوەی پەرلەمانمان لە كۆبوونەوەی بەلاڕێداچوودا ڕاگرت، پەرلەمانی كوردستان دەبێت بۆ مووچە و كارەبا و ئاو و كێشەكانی دیكەی خەڵك كۆببێتەوە. شەرەف و نامووسی تاك بە تاكی فەقیر و هەژار و مووچەخۆران كەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی قەراری چەند بڕیاردەرێكی دز و گەندەڵ كە داهاتی ئەم هەرێمی كوردستانە بە هی خۆیان دەزانن".

هەروەها عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بەر لە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكە وتی "ئەمڕۆ بەدواداچوونی وردم كردووە لەسەر ئەوەی كە مووچە بۆ نادرێت؟ بەداخەوە گەیشتوومەتە كۆمەڵێك ئەنجامی مەترسیدار كە پێویستە پەرلەمان هەڵوەستەی لەسەر بكات. لەگەڵ زیادبوونی داهاتی نەوتدا، لەسەدا 42ی داهاتی ناوخۆ لەم سێ‌ مانگەدا كەمی كردووە. داهاتی سلێمانی لە 161 ملیارەوە بووە بە 94 ملیار، لە هەولێریش لە 201 ملیارەوە دەبێت 101 ملیار".

ئەو پەرلەمانتارە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "پارتی و یەكێتی دەستیان بەسەر مووچەدا گرتووە و 42%ی داهاتی ناوخۆیان كەم كردووەتەوە".

"پرسیارم كردووە بۆچی مووچە نادەن؟ دەڵێن سلێمانی تا كۆتایی ئەم هەفتە 35 ملیۆن دۆلار دەنێرێت، ئێرەش (هەولێر) ئەوەندە دەدات، هەفتەی ئایندە 25ی دیكە تەواو دەكەن، واتە جگە لە قاچاخچێتی، جگە لە خزمەتگوزاریی نەوتی، جگە لە داگیركردنی زەوی، دەیانەوێت دەست بەسەر پارەی ئاو، كارەبا و مروریشدا بگرن" عەلی حەمەساڵح لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا وای وت.

پاش ئەوەی 16 پەرلەمانتارەكە ویستیان بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان، دەرگایان بەسەردا دخراوە. ئەبووبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو، وتی "ئێمە هاتینە دەرەوە پەیامەكەمان بگەیەنین، بەڵام ئەوان فرسەتیان لێ‌ هێنا و بەبێ‌ زەنگی ئاگادركردنەوە هەرسێ‌ دەرگاكەی پەرلەمانیان لەسەر 16 پەرلەمانتار داخست، هێزێكی زۆی پاسەوانی پەرلەمان هێنراوەتە بەردەم دەگاكانی پەرلەمان".

هەڵەدنی وتیشی "ئێمە كۆبوونەوەكەمان ڕاگرت و وتمان ناكرێت 18 كاتژمێر كۆبوونەوەی پێشووی پەرلەمان بێهودە بێت، داوامان كرد بابەتی لێبڕینی مووچە بە بڕیارێكی یاسایی بخرێتە دانگدانەوە، بەڵام كە دێتە سەر ئەوەی بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خەڵك بدرێت، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەیكات بە ڕاسپاردە و نەخشەڕێ‌، كە شتی وا لە عورفی پەرلەمان و پەیڕەوی ناوخۆدا نییە".

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە دەبێت بیر لە "ڕێگەچارەی تر" بكرێتەوە و "تا هەڵوەشانەوەی حكومەت و پەرلەمانیش" بڕۆن، چونكە "كومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵناسن".

دوای ڕێگری لە چوونەژوورەوەی 16 پەرلەماتارەكە، هەریەك لە فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی دادگەری، نەوەی نوێ‌، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئازادی، دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ، بەشێك لە فراكسیۆنی گۆڕان و دوو پەرلەمانتاری یەكێتی بە تەواوی بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانیان كرد.

دواتر فراكسیۆنی گۆڕانیش لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "ئاگاداری ڕایگشتیی كوردستان دەكەینەوە، ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانمان كرد لەسەر داواكردنمان بە كۆتایی پێھێنان بە لێبڕینی مووچە و باشتركردنی باری گوزەرانی ھاووڵاتیان و دەستگرتن بەسەر داھاتی گشتیدا".