كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارە 56 لە ڕیزبەندیی كاندیدەكاندا لادەبات، چیرۆكەكەی چییە؟

06-07-2021 07:26

پەرەگراف

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بڕیارێكی تاڕادەیەك سەیر لەبارەی ڕیزبەندیی ژمارەی كاندیدی هەڵبژاردنەكانەوە دەردەكات، بڕیارەكە ئەوەیە ژمارە 56 هەڵدەوەشێنێتەوە و نایداتە هیچ كاندیدێك.

بڕیارەكە پەیوەندی بە ڕەشبینیی كاندیدەكانەوە هەیە، بەجۆرێك زۆرینەیان ڕەتیانكردۆتەوە ئەو ژمارەیەیان هەبێت لە ڕیزبەندییەكەدا، بۆیە كۆمسیۆن لەو ڕێنماییانەدا كە ڕۆژانە دەریدەكات، بڕیارێكی لەوبارەیەوە ڕاگەیاند.

ژمارەیەك وەك هێمای گەندەڵیی

كۆمسیۆن ڕوونكردنەوەی بۆ بڕیارەكەیداوە و ئاماژەی بەوەكردووە، ژمارە 56 ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 دەخاتەوە بیری هەمووان، كە كۆمەڵێك سزای تێدایە تایبەت بە تاوانەكانی فێڵ و تەڵەكەبازی، بەهەدەردان و بەرتیل و گەندەڵی.

بەوپێیە هیچ كاندێك ئامادە نییە ناوی لەگەڵ ژمارەی ئەو ماددەیەدا بێت، بەتایبەت كە زۆرینەیان لە پڕۆگرامەكەیاندا باسی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵییان كردووە كە عێراقی نوقم كردووە.

ئە‌و بڕیارەی كۆمسیۆن كاریگەری لەسەر پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانیش دەبێت، كە ڕاستەوخۆ دوای تەواوبونی پڕۆسەی دەنگدان دەكرێت، چونكە چاودێرەكان و ئەوانەی دەنگەكان جیادەكەنەوە ڕاهاتوون لەسەر ڕۆیشتن بەپێی ڕیزبەندی ئاسایی ژمارەكان، بەڵام ئەمجارە ناتوانرێت ئەوە بكرێت، كۆمسیۆنیش لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو كێشەیە تێدەپەڕێنن.

ڕەوان بەعاح توێژەری كۆمەڵایەتی هۆكاری ڕەتكردنەوەی ئەو ژمارەیە ڕووندەكاتەوە و دەڵێت "ئەو مادەیەی باسكراوە لە هیچ مادەیەكی دیكەی سزا و یاساكانی عێراق ناچێت، بەهۆی ئەوەی زۆرترین بەكارهێنانی هەیە لە قسەی ڕۆژانەی خەڵكدا، هەروەها زۆری دۆسیەكانی بەهەدەردان و فێڵ و گەندەڵی لە وڵاتدا".

"ئەو مادەیەی باسكراوە لە قسەی ڕۆژانەی هاوڵاتیاندا وەك وشەیەك كە مانایەكی مەبەستداری هەبێت بەكاردێت، كاتێك عێراقییەك بیەوێت ئاماژە بۆ كەسێكی گەندەڵ بكات، تەنها دەڵێت 56" توێژەرەكە وادەڵێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، بەلایەنێكی سەربەخۆ دادەنرێت، كاری ڕێكخستن و چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانە، لەهەموو پارێزگاكانیش نوسینگەی سەربەخۆی خۆی هەیە.

بەڵام چاودێریكردنی ڕاستەوخۆ و دانانی ئەندامانی ئەنجومەنەكەی و بەڕێوەبردنی، لەڕێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەكرێت، ئەوەش وایكردووە هەمووان دڵنیابن لەوەی بڕیارەكە لەلایەن كوتلە بەهێزەكانی پەرلەمانەوە بە كۆمسیۆن دەركراوە.

بەشێكی چاودێران پێیانوایە "هاوپەیمانی سائیرون" كە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ڕەوتی سەدر و چەند لایەنێكی دیكەی لەخۆی گرتبوو، لە پشت دەركردنی بڕیارەكەوەن، چونكە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ژمارەی لیستەكەیان 156 بوو، ئەوەش وایكردبوو لەلایەن بەشێكی عێراقییەكانەوە وەك نیشانەی گەندەڵی ئاماژەی پێبكرێت.

موعید جبوری شارەزا لە بواری هەڵبژاردنەكان باس لەوە دەكات، بابەتی ژمارە 56 لە هەڵبژاردنەكانیی داهاتوودا بابەتێكی گەرم و جێی گرنگی دەبێت.

"دۆسیەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە پڕۆسەی دەنگدانی داهاتوودا زۆر ناوخۆیی دەبێت، واتە زۆر بچوكترە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، بەتایبەت لەسەر ئاستی شار و شارۆچكەكانی عێراق، ئەوەش مانای وایە كاندیدەكان زۆر نزیكتر دەبن لە خەڵك و لە ناوچەكانی خۆیان ناسراوترن، پەیوەندیی كۆمەڵایەتییان لەگەڵ دەنگدەران بەهێزترە، بۆیە نایانەوێت ژمارەیەك كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنیان دروست بكات، ئەوە بابەتێكە هەموو كاندیدەكان خۆیانی لێ بەدوور دەگرن" جبوری وادەڵێت.

لەسەر ئاستی جیهانیش ڕووداوی هاوشێوە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕیزبەندی ژمارەیەك، بەجۆرێك چەند وڵاتێكی ئەوروپی ژمارە 13 لە ناونانی شەقام و ماڵ و ڕێكخستنی وڵاتدا بەكارناهێنن، چونكە بەڕای ئەوان ئەو ژمارەیە شوومە، چونكە پەیوەندی بە ژمارەی ئەو كەسانەوە هەیە كە لە دوانانخواردنی پێغەمبەر عیسای مەسیح بەشدارییان كردووە.

یانەی بایرن میونخی ئەڵمانیش ڕێگە بە هیچ یاریزانێكی نادات درێسی ژمارە 12 لەبەر بكات، ئەوەش وەك ڕێزك بۆ جەماوەرەكەیان تا وا هەست نەكەن 12 یاریزان لە یاریگاكەدا یاری دەكەن.