مەسرور بارزانی بۆ حیزبەكان: دوور لە موزایەدەو بە كردەوە پشتگیریی یاسای چاكسازیی بكەن

12-02-2020 02:50
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم


پەرەگراف

حكومەتی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی كۆبووەوەو جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازیی تاوتوێ كرد، سەرۆكی حكومەت داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەكان دەكات دوور لە موزایەدە و بە كردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێكردنی یاساكە بكەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی حكومەت، مەسرور بارزانی جەخت دەكاتەوە كە پڕۆسەی چاكسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێكتەرەكان دەگرێتەوە، مەسرور بارزانی دەشڵێت"هەر لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازی دارایی وكارگێڕیدا كار لە سەر ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لەوانەش داهاتی نەوت وگاز دەكەین كە دەمانەوێت شەفاف و ڕوون بێت".

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/2/12 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی داواکاری گشتی ئامادەیبوون، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیدا بە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 و گوتی ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکان بوو. بۆیە داوا لەپارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە. گوتیشی هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی وکارگێڕیدا کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت وگاز دەکەین کە دەمانەوێت شەفاف و روون بێت، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی راسپارد کە لە ماوەی پازدە رۆژدا، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاريی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر لە کۆبوونەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی كردەوە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.