"چالاكێكی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان" لە سلێمانی كوژرا

15-07-2021 12:14

پەرەگراف

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند "چالاكێكی سیاسیی كورد كە بە قسەی كەسوكاری ئەندامی پارتی ژیانی ئازادیی كوردستان (پژاك) بووە، لە لایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە تیرۆر كراوە". پۆلیسی سلێمانییش بۆ پەرەگراف دەڵێت "فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتبارەكان دەرچووە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە كار لەسەر ڕووداوەكانی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، دەڵێت "كاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 14-6-2021، چالاكێكی سیاسیی خەڵكی سنە بە ناوی (بێهرووز ڕەحیمی) ناسراو بە ڕێبین، كە تەمەنی ٤٩ ساڵ بووە، لە شوێنی كارەكەی لە گەڕەكی ژاڵەی سلێمانی كە لە دەرەوەی شار هەڵكەوتووە، لە لایەن كەسانێكی نەناسراوەوە كوژراوە".

هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاوی كردووەتەوە كە "ئەو چالاكە سیاسییە پاسەوانی كۆگایەك بووە و لە لایەن سەرنشینانی ئوتۆمبێلێكی BMWی ڕەش بە دەمانچەیەك كە بێدەنگكەری لەسەر بووە، لە پشتەسەرڕا تەقەی لێ كراوە و لە پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شۆڕشی سلێمانی، بە هۆی قووڵبوونی برینەكەیەوە گیانی لە دەست داوە".

لەوبارەیەوە، سەركەوت محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە پەرەگرافی وت "ئێمە نازانین ئەو كەسە چالاكی سیاسی بووە یان نا، بەڵام پاسەوانی مەخزەنێك بووە لە ژاڵە، فیشەكێكیان پێوە ناوە و بەر ڕانی كەوتووە، فیشەكەكە دەرنەچووە و لەناو لەشیدا ماوەتەوە، هەوڵیان داوە چارەسەر بكرێت، بەڵام گیانی لەدەست داوە".

سەركەوت محەمەد وتیشی "پۆلیس و ئاسایش بەدواداچوونیان كردووە و هەرچی كامێرای سنوورەكە هەیە هەڵیان گرتووەتەوە، ئێستا لێكۆڵینەوە لای پۆلیسە".

لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ "ئەو كەسانە دەرچووە كە ئەو كارەیان ئەنجام داوە"، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "جارێ‌ تۆمەتبارەكان نەناسراونەتەوە، دوای ئەوەی كە ناسرانەوە، دەستگیر دەكرێن".

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ڕێبین ڕەحیمی بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوی وتووە "ڕێبین یەكێك لە ئەندامانی چالاكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بووە و لە دە ساڵ لەمەوبەرەوە وەك پەنابەری سیاسی لە هەرێمی كوردستان نشتەجێ بووە. ناوبراو سەرەتا لە قەڵادزێ دادەنیشت و لەم ساڵانەی دواییشدا دانیشتووی سلێمانی بووە".

تەرمی ڕێبین رەحیمی گوازراوەتەوە بۆ پزیشكی دادی سلێمانی و بڕیارە ئەمڕۆ ڕادەستی بنەماڵەكەی بكرێ.

هەنگاو دەڵێت "چالاكانی مەدەنی، دەزگا ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لە چەند دەیەی ڕابردوودا نزیكەی ٤٠٠ كەس لە چالاكانی سیاسی و ئەندامانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان لە هەرێمی كوردستان تیرۆر كردووە، بە ئەنجامدانی ئەم تیرۆرە تۆمەتبار دەكەن".

 

گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوەكە كە چالاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاویان كردووەتەوە