میدیای فەرمیی یەكێتی: لەناو ماڵی مام جەلال سیخوڕ گیراوە

15-07-2021 12:27
ماڵی مام جەلال لە دەباشان

پەرەگراف

گرژیی‌و ناكۆكییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی تادێت تووندتر دەبێت، میدیای فەرمیی یەكێتی دەڵێت: لەناو ماڵی مام جەلال لە دەباشان سیخوڕ گیراوەو كاری بۆ لاهور شێخ جەنگی كردووە بۆ لێدان لە یەكێتی.

ماڵپەڕی پیوكەی میدیا زمانحاڵی فەرمیی یەكێتی دەڵێت "سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: لەناو ماڵی مام جەلال لە دەباشان سیخوڕ گیراوە و دانیناوە بەوەی كاری بۆ ھاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی كردووە و بەكارھێنراوە بۆ مەرامی تایبەتی و لێدان لەبەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی".

گرژییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی بەھۆی گۆڕانكاریی لە پۆستەكانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەكێتی تەقینەوە، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە فەرمیی بەرپرسی نوێی ئەو دوو دەزگایە دەستبەكاربوون كە كەسانی نزیك لە خۆیانن، ئەژی ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆر، بەوەش شوێنی ئەو كەسانەیان گرتەوە كە پێشووتر لەو پۆستانەدا بوون و نزیكبوون لە لاھور شێخ جەنگی.

بافڵ تاڵەبانی، 8ی ئەم مانگە بە بەكارهێنانی هێز، هەستیارترین دەزگای یەكێتی كۆنتڕۆڵ كرد كە دەزگای زانیارییە، بەرلەوەش دژەتیرۆری خستبووەژێر ڕكێفی خۆیەوە، لە 12ی مانگیشدا خۆی بە "سەرۆك"ی یەكێتی ناساند، بەوەش تاك لایەنە سیستمی هاوسەرۆكیی هەڵوەشاندەوە.

بافڵ تاڵەبانی ئێوارەی 13ی ئەم مانگە، جارێكی دیكە هێزی بەكارهێنا، ئەوەش بۆ دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەی ئای پڵەس كە تۆڕێكی میدیاییە‌و خاوەنەكەی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەو بڕیار بوو بەم زوانە كەناڵە ئاسمانییەكەی دەست بە پەخش بكات.