سەركردایەتی یەكێتی سەرجەم ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەند كرد

13-02-2020 04:54
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی. وێنە: كوردسات نیوز


پەرەگراف

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ ڕۆژی دووەم لەسەر یەك پابەندی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای حیزبەكەی نەبوو، كۆبوونەوەكانی ڕانەگرت‌و ئەمڕۆ سەرجەم ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەی پەسەند كرد، بەڵام پەیڕەوەكە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و لەگەڵیاندا تاوتوێ دەكرێت بۆ پەسەندكردنی كۆتایی.

مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، پەسەند كردنی سەرجەم ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەی ڕاگەیاند بە پەسەندكردنی 12 ماددە لە ئەمڕۆدا.

مستەفا چاوڕەش وتی"هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ دەمێنێتەوە، چونكە وردە موشكیلەمان هەیەو بتوانین بیگونجێنین، ئیشێكمان ماوە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و شتێك بێت بە دڵی هەموو لایەك بێت".

سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی بەوەش كرد، لەدوای ئەوەی پەیڕەوەكە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای سیاسیی‌و بەرژەوەندی یەكێتی ڕێكدەخرێت، بۆ كۆتا جار لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەخوێندرێتەوە بۆ پەسەند كردنی كۆتایی.

"پرسی دارایی بەسترایەوە بە دەستەی سەرۆكایەتی‌و هاوسەرۆكی‌و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی بۆ كۆنگرە بێت بان كاری حیزبی دەبێت بە هەڵبژاردن بێت‌و دامەزراندن نەبێت" مستەفا چاوڕەش وای وت.

ململانێی باڵەكانی یەكێتی

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی دوای ئەوەهات، دوێنێ لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە پێشنیارێكی نوێوە سەردانی كۆسرەت ڕەسووڵ عەلییان كرد بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە سیستمی هاوسەرۆكایەتی بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی، بەڵام پەرەگراف ئاشكرای كرد، گفتوگۆی نێوانیان بێ‌ ئەنجام بووە و بەرهەم ساڵح پێشنیارەكەی ڕەتكردووەتەوە.

لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی گشتیی یەكێتی بۆ پەسەندكردنی ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكە، سیستمی هاوسەرۆكی (دوو هاوسەرۆك) بۆ یەكێتی پەسەند كراوە، ئەوەش ناڕەزایی ناوخۆیی دروست كردووە. بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، هەریەك لە لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی گشتی یەكێتی، سەردانی كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتییان كرد.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی كە ئاگاداری وردەكاریی ناو كۆبوونەوەكەیە، بۆ پەرەگرافی ئاشكرا كرد كە "لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە كۆسرەت ڕەسووڵیان گوتووە: هاوسەرۆكییەكە دەكەین بە پێنج كەس، بەڵام هەموومان یەك دەسەڵاتمان هەبێت".

ئەم پێشنیارەی لاهوور و بافڵ لە كاتێكدایە كە سیستمی هاوسەرۆكایەتی بە دوو هاوسەرۆك لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتیی گشتیی یەكێتییەوە پەسەند كراوە.

سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف وتیشی "كۆسرەت ڕەسووڵ لە وەڵامدا گوتوویەتی: كۆبوونەوە و ئەنجامەكانی هەرچییەك بێت، پێویستی بە تەوافق و ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی هەیە".

هاوكات كۆسرەت ڕەسووڵ گوتوویەتی بۆ ئەو پێشنیارە دەبێت قسە لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح بكات و هەر لەناو كۆبوونەوەكەدا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە ناوبراوەوە كردووە.

"من پێشتر وتوومە كە نامەوێت كێشەی یەكێتی زیاتر بكەین. لاشم وانییە بەم شێوەیە كێشەكان چارەسەر ببێت"، بەپێی سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی بۆ پەرەگراف، ئەمە وەڵامی د. بەرهەم بووە بۆ پێشنیارەكەی لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و ڕەتی كردووەتەوە كە ببێتە ئەندام لە هاوسەرۆكایەتییەكەدا.

پێشووتریش پەرەگراف ئاشكرای كرد كە د. بەرهەم ساڵح دوو جار ڕەتی كردووەتەوە ببێت بە ئەندام لە هاوسەرۆكییەكە، جارێك وەكو ئەندام و جارێك وەكو سەرۆكی دەستەی هاوسەرۆكایەتییەكە.

 

*لاهوور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی پێشنیارێكی نوێیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی پێشكه‌شی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كردووه‌