بافڵ تاڵەبانی: دامەزراوە ئەمنییەكان بۆ تەسفیاتی حیزبی بەكاردەھێنران

15-07-2021 01:48

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی یەكەم پەیامی لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزبەكەی‌و گۆڕانكارییەكان بڵاوكردەوەو دەڵێت: بڕیاری گۆڕانكاریی ڕیشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێك بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێك كەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەكاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و یەكێتییەكەمان دەجووڵانەوە.

بافڵ چووەتە سەر گۆڕی مام جەلالی باوكی‌و وەك سەرۆكی یەكێتی پەیامەكەی لە فەیسبوك بڵاوكردووەتەوە، لە بەشێكیدا دەڵێت: بڕیارە دروستەكەمان دا لەبەرامبەر یاساشكێنان.

"ئەمڕۆ لەسەر مەزارەكەت بەڵێن دەدەین یەكێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەكەمەوە داھاتووی یەكێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ كەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناكات جارێكیتر سیخوڕ نەك بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو كۆمەڵانی خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەت و رێگەنادرێت ئەم كارە نەشیاوانە بكرێن" بافڵ وادەڵێت.

دەقی پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزبەكەی

باوكە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژووییمان

ئەمڕۆ ھاتوومەتە حزورت تا لەنزیكەوە خۆم راستییەكانت پێبگەیەنم و دڵنیات بكەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێكۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، كەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی كۆمەڵانی خەڵك.

دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و كۆشش لەپێناو یەكێتییەكەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەركردە تێكۆشەرەكان و خەمخۆرانی یەكێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانكاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێك بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێك كەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەكاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و یەكێتییەكەمان دەجووڵانەوە. لەكاتێكدا كارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵكانی تێكۆشەر و دڵسۆزبوون بەڵام بەمەبەست ئەم كارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا. دەست خرابووە بینەقاقای كاروكاسبی كاسبكاران و سەرمایەداران. بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەكانی حكومەت دەكرا تاوەكو كار و پڕۆژەكانیان جێبەجێنەكەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیكردن كرا بە بەرنامە.

دواجار گلەیی و گازندەی كۆمەڵانی خەڵك، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەكەمان دا لەبەرامبەر یاساشكێنان.

ئەمڕۆ لەسەر مەزارەكەت بەڵێن دەدەین یەكێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەكەمەوە داھاتووی یەكێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ كەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناكات جارێكیتر سیخوڕ نەك بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو كۆمەڵانی خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەت و رێگەنادرێت ئەم كارە نەشیاوانە بكرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەكان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵك و فەراھەمكردنی ژینگەیەكی لەبار بێت بۆ كاروكاسبی و ژیانی ھەمووان.

بەڵێن بێت... بەڵێن لەئاست گەورەیی یەكێتی و سەروەری خاكی ھەرێم بم بۆ پارێزگاریكردن لەمافەكانی خەڵك و بەرژەوەندی گشتی و یەكێتییەكان و تێكۆشەران و كەسوكاری شەھیدان.

بافڵ تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان