لاهور شێخ جەنگی: ئەوەی ڕوودەدات پلانی پارتی‌و توركیایە

15-07-2021 04:05

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی ڕایگەیاندووە، ئەوەی لەناو حزبەكەی ڕوودەدات پلانی پارتی‌و توركیایەو ئەو دوو لایەنە وتویانە لاهور بەمزووانە نامێنێت.

"خەمیس خەنجەر پێیوتم، ئەردۆغان پێی وتووە لاهور تەواو دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتودا"، لاهور شێخ جەنگی لە كۆبوونەكەدا وای وتووە ئەوەشی بۆ هاوكارییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گەڕاندووەتەوە كە توركیای نیگەران كردووە، بەوتەی بەشداربوویەتی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف.

خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم و سیاسەتمەدار و سەركردەی دیاری سوننە لە عێراق 24-6-2021 سەردانی سلێمانی كردو لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كۆبووەوە.

لەبارەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لاهور شێخ جەنگی پێیوایە دۆخی ناو یەكێتی دەستی ئەو حزبەی تێدایەو وتویەتی "كاك مەسعود ماوەیەك لەمەوبەر بە كۆمەڵێك كەسایەتی وتووە لاهور تەنها هەفتەیەكی ماوەو كۆتایی دێت".

لاهور شێخ جەنگی لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، تەئكیدی لەوەش كردووەتەوە كە وەك هاوسەرۆكی یەكێتی بەردەوام دەبێت لە پۆستەكەی هەتا كۆنگرەی داهاتووی حزبەكەی، ئەوشی خستووەتە ڕوو، ئەمشەو پەیامی دەبێت لەوبارەی ئەو دۆخەی نوێیەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی تووندی لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزبەكەی‌و گۆڕانكارییەكان بڵاوكردەوەو دەڵێت: بڕیاری گۆڕانكاریی ڕیشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێك بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێك كەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەكاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و یەكێتییەكەمان دەجووڵانەوە.

بافڵ چووەتە سەر گۆڕی مام جەلالی باوكی‌و وەك سەرۆكی یەكێتی پەیامەكەی لە فەیسبوك بڵاوكردووەتەوە، لە بەشێكیدا دەڵێت: بڕیارە دروستەكەمان دا لەبەرامبەر یاساشكێنان.

"ئەمڕۆ لەسەر مەزارەكەت بەڵێن دەدەین یەكێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەكەمەوە داھاتووی یەكێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ كەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناكات جارێكیتر سیخوڕ نەك بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو كۆمەڵانی خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەت و رێگەنادرێت ئەم كارە نەشیاوانە بكرێن" بافڵ وادەڵێت.