مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە بەشداریی بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی کۆبووەوە

15-07-2021 08:52

پەرەگراف

میدیای فەرمی یەکێتی ڕایگەیاند، مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە بەشداریی بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی کۆبووەوەو بڕیاری گرنگی داوە.

ماڵپەڕی پیوکەی میدیا زمانحاڵی یەکێتی دەڵێت کۆبوونەوەکە بە بەشداری "هەردوو هاوسەرۆک" بووە، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر بافڵ تاڵەبنی بە سەرۆک ناوبردو ئەمڕۆش لاھور شێخ جەنگی بە ھاوسەرۆکی پێشوو ناوبرد.

"لە کۆبونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ دران وەک هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەو ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردوو. مەکتەبی سیاسی جەختیکردەوە کە یەکڕیزی یەکێتی و پابەندبون بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و جەماوەرەکەی و خەڵکی کوردستان بەگشتی ئەولەویەتی خەباتە" پیوکەی میدیا وادەڵێت.

ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی یەكەم پەیامی لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزبەكەی‌و گۆڕانكارییەكان بڵاوكردەوەو دەڵێت: بڕیاری گۆڕانكاریی ڕیشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێك بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێك كەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەكاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و یەكێتییەكەمان دەجووڵانەوە.

بافڵ چووەتە سەر گۆڕی مام جەلالی باوكی‌و وەك سەرۆكی یەكێتی پەیامەكەی لە فەیسبوك بڵاوكردووەتەوە، لە بەشێكیدا دەڵێت: بڕیارە دروستەكەمان دا لەبەرامبەر یاساشكێنان.

"ئەمڕۆ لەسەر مەزارەكەت بەڵێن دەدەین یەكێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەكەمەوە داھاتووی یەكێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ كەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناكات جارێكیتر سیخوڕ نەك بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو كۆمەڵانی خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەت و رێگەنادرێت ئەم كارە نەشیاوانە بكرێن" بافڵ وادەڵێت.

پاشان لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی كۆبووەوەو ڕایگەیاند، ئەمشەو پەیامی دەبێت لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی.

لاهور شێخ جەنگی لەو كۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاندووە، ئەوەی لەناو حزبەكەی ڕوودەدات پلانی پارتی‌و توركیایەو ئەو دوو لایەنە وتویانە لاهور بەمزووانە نامێنێت.

"خەمیس خەنجەر پێیوتم، ئەردۆغان پێی وتووە لاهور تەواو دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتودا"، لاهور شێخ جەنگی لە كۆبوونەكەدا وای وتووە ئەوەشی بۆ هاوكارییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گەڕاندووەتەوە كە توركیای نیگەران كردووە، بەوتەی بەشداربوویەتی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف.

خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم و سیاسەتمەدار و سەركردەی دیاری سوننە لە عێراق 24-6-2021 سەردانی سلێمانی كردو لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كۆبووەوە.

لەبارەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لاهور شێخ جەنگی پێیوایە دۆخی ناو یەكێتی دەستی ئەو حزبەی تێدایەو وتویەتی "كاك مەسعود ماوەیەك لەمەوبەر بە كۆمەڵێك كەسایەتی وتووە لاهور تەنها هەفتەیەكی ماوەو كۆتایی دێت".