توركیا دوای پێنج ساڵ لە كودەتا شكستخواردووەكە؛ چی گۆڕا؟

15-07-2021 10:15

پەرەگراف

كۆماری توركیا لە سەرەتای دروستبوونیەوە ڕووداوی گەورە و جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، سوپا ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوی هەبووە لە ژیانی سیاسیدا، بە جۆرێك چوار كودەتایان ئەنجام داوە كە دووانیان بوونەتە هۆی گۆڕینی حكومەت بێ ئەوەی سوپا دەسەڵات بگرێتە دەست.

شەوی 15 تەمووزی 2016 دەنگی ئەنجامدانی كودەتایەكی شكستخواردوو لە توركیا جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ، بەدواشیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری زۆر لەو وڵاتە ئەنجام دران.

ئەو شەوە چی ڕووی دا؟

سەربازە یاخییەكان شەقامەكانی ئەنقەرە و ئیستەنبوڵیان داخست، هێزێكی تایبەت دانرا بۆ دەستگیركردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.

هێزەكە بە تەقەكردن و فڕێدانی بۆمبی دەستی هێرشیان كردە سەر ئەو ئوتێلە گرانبەهایەی سەرۆك لێی دەمایەوە، كە ناوی كلۆب تۆربانە و دەكەوێتە كەناراوەكانی مارماریس لە باشووری توركیا، دوو پاسەوانیش لە هێرشەكەدا كوژران.

هێزە تایبەتەكە بەدوای خودی ئەردۆغاندا دەگەڕان، كە لە ڤێلایەكی تایبەتی سەر بە ئوتێلەكە بۆ پشوودان مابووەوە، بەڵام ئەوان كەمێك دواكەوتن.

دوای گەیشتنی بروسەكەیەك بۆی، سەرۆك بە كۆپتەرێك شوێنە گەشتیارییەكەی جێهێشت و چووە فڕۆكەخانەی دالامان، لەوێوە بە فڕۆكەیەكی تایبەت چووە ئەستەنبوڵ، كاپتنی فڕۆكەكە ناسنامەی فڕۆكەكەی گۆڕی و ڕاداری فڕۆكەخانەكەی ئاگاداركردەوە كە ئەوە فڕۆكەیەكی مەدەنیی ئاساییە.

دوای كاتژمێر سێی بەرەبەیان، ئەردۆغان لە دەرەوەی فڕۆكەخانەی ئەتاتورك لەناو هوتافی لایەنگرانیدا دەركەوت، بەوەش كودەتاكە شكستی هێنا و سەرۆكی توركیا بە بەهێزتر لە جاران گەڕایەوە.

زۆرێك لە توركەكان ئەو شەوە بە لەدایكبوونێكی نوێی كۆماری توركیا دادەنێن، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە كاتی گەشتەكەیدا لە مارماریسەوە بۆ ئەستەنبووڵ، پەیامێكی ڤیدیۆیی لەڕێی تەلەفزیۆنی توركیاوە بڵاو كردەوە و داوای لە خەڵكی كرد بچنە سەر شەقامەكان و بە ڕووی هەوڵی كودەتاكەدا بوەستن.

خەڵكی بەدەم داواكارییەكەی سەرۆكەوە ڕۆشتن و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هاووڵاتیان و كودەتاچییەكان ڕووی دا، بەهۆیەوە 265 كەس كوژران.

بەشێكی ئەو كەسانە جەستەی خۆیان خستە بەر دەبابەكان بۆ ئەوەی ڕێیان لێ بگرن و نەهێڵن جووڵە بكەن، بەشێكی دیكەشیان لەسەر پردی بۆسفڕ تەقەیان لێ كرا، لە بەرەبەیانیشدا دەركەوت كە كودەتاكە شكسستی هێناوە.

مارك لوین، ڕۆژنامەنووس لە بی بی سی، لەبارەی ڕووداوەكەی ئەو شەوەی توركیاوە دەڵێت، بۆ یەكەم جار لە دوای دامەزراندنی كۆماری توركیا لە 1923، خەڵكی بە ڕووی دەبابەی سوپادا وەستایەوە، چونكە لە ساڵانی ڕابردوودا چوار كودەتای سەركەوتوو ئەنجام دراوە، بەڵام ئەردۆغان ڕێگربوو لە سەركەوتنی پێنجەمیان.

شكستی كودەتاكە شەوانە ملیۆنان توركی لەسەر شەقامەكان كۆدەكردەوە كە دروشمی پشتگیرییان بۆ سەرۆك دەوتەوە، ئەوەش وای كرد لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا ئەردۆغان لە سەرۆكێكەوە كە نزیك بوو لەوەی دەسەڵات لەدەست بدات، ببێتە سەركردەیەك كە زۆرینە پشتگیریان دەكرد.

هەڵمەتەكانی دەستگیركردن

دوای شكستی كودەتاكە، هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردن دەستی پێ كرد، 160 هەزار كەس بە تۆمەتی بەشداری لە پرۆسەكە دەستگیركراون و دەركران، یان لە كار دوورخرانەوە، لە نێوانیاندا پۆلیس و فڕۆكەوان و مامۆستا و بازرگانان هەبوون.

سەرۆكی توركیا و هاوپەیمانەكانی، كودەتاكەیان بە كاری ئەو كەسانە زانی كە دەیانەوێت پلانگێڕی لە دژی توركیا ئەنجام بدەن.

ئەردۆغان تۆمەتبار كرا بەوەی هەوڵی كودەتاكەی قۆستەوە بۆ دەستگیركردنی ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستكارانی لەوانەی كە بەشداری كودەتاشیان نەكردبوو، بۆ ئەوەش سەردان كەسی ئەكادیمی لە كارەكانیان دوورخستەوە، بە تایبەت ئەوانەی بە بەیاننامەیەك داوای كردبوو حكومەت ئۆپراسیۆنەكانی لە ناوچە كوردییەكان بوەستێنێت.

ئەردۆغان هێرشێكی توندی كردە سەر ئەو كەسانەش كە بە "ڕۆشنبیرە وەهمییەكان" یان "كەسانی ڕیزی پێنجەم" ناسرابوون و خواستی لایەنە بیانی و تیرۆرستیییەكانیان جێبەجێ دەكرد.

فەتحوڵا گولەن

كەسایەتیی دیاری ئایینیی توركیا فەتحوڵا گولەن، بۆ چەندین ساڵ هاوپەیمانی ئەردۆغان بوو، یارمەتیی دا بۆ پاككردنەوەی سوپای توركیا لە عیلمانییەكان، بەڵام كاتێك ساڵی 2013 ئابڕووچوونێكی گەندەڵی بەرۆكی ئەردۆغانی گرت، ئەو لایەنگرانی گولەنی تۆمەتبار كرد بەوەی سخوڕییان بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیەوە كردووە و كۆمەڵێك بەڵگەیان دژی ساختە كردووە، بۆیە فەتحوڵا گولەن گۆڕا بۆ دوژمنی یەكەم.

حكومەت ئەو كەسایەتییە ئایینییەی بە وەستان لە پشتی كودەتاكەوە تۆمەتبار كرد، داوای لە واشنتۆن كرد ڕادەستی بكاتەوە.

بەڵام بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەورووپا گومانیان لە تۆمەباركردنەكە هەبوو، دەزگای هەواڵگریی ئەورووپیی حكومەتی ئەڵمانیا بە ئاشكرا وتیان، باوەڕیان بەوە نییە گولەن لە پشت كودەتاكەوە بوبێت.

سیستمی سەرۆكایەتی

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە بەهێزترین سەركردەی توركیا دادەنرێت لەوەتەی كۆمارەكە لەلایەن مستەفا ئەتاتوركەوە دامەزراوە. ئەو ساڵی 2014 دوای مانەوەی 11 ساڵ لە سەرۆكایەتیی حكومەتدا، بووە سەرۆكی وڵات.

هەرچەند سەرۆككۆمار لە توركیا پۆستێكی فەخری بوو، بەڵام ئاردۆغان نیەتی دیكەی هەبوو، دەمێك بوو خەونی بەوەوە دەبینی گۆڕانكاری لە سیستمی وڵاتدا بكات و لە پەلەمانییەوە بیكاتە سەرۆكایەتی، بە جۆرێك پۆستی سەرۆكوەزیران هەڵوەشنێتەوە و وڵات لەژێر قەڵەمڕەوی خۆیدا بێت.

لە ڕاپرسییەكدا كە 16 نیسانی 2017 بەڕێوە چوو، ئەو گۆڕانكارییە ئەنجام درا، سەرۆكی توركیا ئەوانەی بە "نەخێر" دەنگیان دابوو بە هاوسۆزانی كودەتا ناو برد، ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە ئەو بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبووەوە بەهۆی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە دوای كودەتاكەوە.

مانگی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجام درا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان توانیی ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی بەدەست بهێنێتەوە، بەوەش زیاتر دەستكراوە بوو تا گۆڕانكاریی تەواو لە سیستمی سیاسیی وڵاتدا بكات.