سەدر بۆچی لە هەڵبژاردنەكان كشایەوە؟ كۆمسیۆن لەوبارەیەوە چی دەڵێت؟

16-07-2021 12:31

پەرەگراف

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر و كەسایەتیی ئایینیی شیعەكان، كشانەوەی لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق ڕادەگەیاند كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمدا ئەنجام بدرێت. سەدر بڕیاریش دا پشتگیریی هیچ حیزب و لایەنێك نەكات.

لە وتارێكی ڤیدیۆیيدا كە لە نەجەفەوە پێشكەشی كرد، سەرۆكی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات "پیلانێكە بۆ زەلیلكردنی گەل". بڕیاریش دەدات پشتگیری هیچ كەسێك نەكات كە خۆیان وەك ئەندامی ڕەوتەكەی ئەو بناسێنن و لە حكومەتی ئێستا یاخود داهاتوودا بەشدار بن.

لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەران، كوتلەی سائیرون كە سەدر سەركردایەتیی دەكرد، لە هاوپەیمانێتیی بەرەی سەدر و حەوت حیزبی دیكە پێكهاتبوو، توانییان 54 كورسی بەدەست بهێنن، بەوەش بوونە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان.

موقتەدا سەدر لە وتارەكەیدا وتی "من بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە ناكەم، چونكە نیشتمان لە هەموو ئەوانە گرنگترە". دوو جاریش لەسەر یەك جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە "هەمووان لەژێر لێپرسینەوەدان".

"ئاگادار بن پێش ئەوەی چارەنووسی عێراق وەك سووریا و ئەفغانستان و وڵاتانی دیكەی لێ بێت كە بوونە قوربانیی دەستی سیاسەتی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی"، سەرۆكی ڕەوتی سەدر وای وت.

موقتەدا سەدر لە كۆتایی پەیامەكەشیدا هیوای سەركەوتنی بۆ هەڵبژاردنەكان خواست، لەگەڵ گەیشتنی كەسانی شیاو بە پۆستەكان و دووربوون لە كەسانی گەندەڵ.

دواتریش سەدر دەستەی سیاسیی ڕەوتەكەی داخست و نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند "بە ڕەچاوكردنی دۆخی ئێستا و لەبەر بەرژەوەندیی گەل، بڕیار درا بە داخستنی دەستەی سیاسی و دامەزاندنی دكتۆر نەسار ڕوبەیعی و شێخ محەمەد موسڵی وەكوو ڕاوێژكاری سەماحەتی موقتەدا سەدر".

سەدر بۆچی كشاوەتەوە؟

لای خۆیەوە عەلی بیدەر، نووسەر و چاودێری سیاسی، لەبارەی كشانەوەكەی سەدرەوە دەڵێت "ئەمە یەكەم جار نییە سەدر بڕیاری كشانەوە لە هەڵبژاردن دەدات، ساڵی 2013 بڕیاری بایكۆتكردنی پرۆسەكەی دا و دواتر پاشگەز بووەوە. بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارەش بە هەمان شێوە بێت، ئەم ڕاگەیاندنەش بە ئەگەری زۆرەوە لە تاقیكردنەوەیەكی سیاسی و تاكتیكێك زیاتر هیچی تر نییە".

لەبارەی ئەگەری ئەو بڕیارەوە بیدەر ڕایدەگەیەنێت "دەیەوێت گردبوونەوەیەكی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی دروست بكات، سەرنجەكان بۆ خۆی ڕابكێشێت، ژینگەی گونجاو بۆ ڕێكخستنی هەڵبژاردنەكان بخولقێنێت، لە كاتێكدا گومانی زۆر لە خاوێنیی هەڵبژاردنەكان هەیە بەتایبەت بەهۆی چەكی لەژێر دەسەڵات دەرچووەوە".

ڕۆژنامەنووسێكی نزیك لە ڕەوتەكەش كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، پێی وایە جارێ زووە بۆ ئەوەی قسە لەبارەی كشانەوەی ڕاستەقینەی ڕەوتەكە و بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان بكرێت.

غەیس تەمیمی، كەسایەتیی سیاسیی سەربەخۆی عێراق، لە ڕێی تویتەرەوە ئاماژەی بەوە كردووە، وەلید كەریماوی، یەكێك لە سەرپەرشتیارە سیاسییەكانی ڕەوتی سەدر و ئەوانەی لە بەشی هەڵبژاردنی ڕەوتەكە كار دەكەن، بە سەدریان ڕاگەیاندووە لە باشترین حاڵەتدا ناتوانن لە 30 كورسی زیاتر بەدەست بهێنن، ئەوەش بە لای سەدرەوە زۆر قورس دەبێت، بۆیە بڕیاری كشانەوەی داوە.

كۆمسیۆن وەڵامی سەدر دەداتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای دەكات، تا ئێستا هیچ داواكارییەكی فەرمیی كشانەوەیان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەدەست نەگەیشتووە.

نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی كۆمسیۆن، ئاشكراشی كردووە "دەرگای پێشكەشكردنی داواكاریی كشانەوە لە 20ی حوزەیرانەوە داخراوە، كۆمسیۆنیش نیازی نییە جارێكی دیكە دەرگاكە بكاتەوە".

لەبارەی ئەگەری گەیشتنی داواكارییەكی لەو شێوەیە، یاریدەدەری وتەبێژی كۆمسیۆن باسی لەوە كردووە، لەو كاتەدا بابەتەكە دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەنجومەنی كۆمسیاران، ئەوان بڕیاری گونجاو لەوبارەیەوە دەردەكەن.