قوباد تاڵەبانی: گۆڕانکارییەکان بۆ باشتر خزمەتکردنەو سزای قورسی گەندەڵکاران دەدەین

16-07-2021 04:00

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئامانج لەو گۆڕانکارییانەی دەستیان پێکردووە بۆ باشتر بەڕێوەچونی کارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیانی سلێمانییە، دەشڵێت: قورسترین سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە تێوەبگلێن لە گەندەڵی و پۆست و پێگەکانیان بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربھێنن.

ئەو وتانەیجێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەماینی کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ لێپرسراوانی بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی گوتویەتی، ئەرکی سەرەکی فەرمانگە حکومییەکان خزمەتکردنە و کاری جدی دەکەن بۆ گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی حزبەکەی لە سلێمانی دەستی پێکردووە، قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستووەتەڕوو، کرۆکی گۆڕانکارییەکان لە سەر بنەمای توانا و دڵسۆزی و خزمەتکردن دەبێت، "ئەو کەسانەی کاری باش دەکەن و خزمەتی ھاوڵاتیان دەکەن پاڵپشتی تەواودەکرێن، بەڵام لە بەرامبەردا قورسترین سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە تێوەبگلێن لە گەندەڵی و پۆست و پێگەکانیان بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربھێنن و دڵسۆز نەبن لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی کە پێیان سپێردراوە".

"بەھیچ جۆرێک رێگە بە ھێزە ئەمنییەکان نادرێت دەستێوەردان لە کاروباری بازاڕو سیاسەت و بژێوی ژیانی خەڵکدا بکەن"، قوباد تاڵەبانی گوتوشییەتی "تەنیا ئامانج لەم بڕیار و گۆڕانکارییانە خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەتە لە ئاستێکی باش و پێویستدا لە بەرامبەر خەڵک و رێگریکردن لەھەر ھەڵەو کەموکورتییەک کەزیان بە ژیان و کاسبی خەڵک بگەیەنێت".

گۆڕانکارییەکانی یەکێتی لە سلێمانی گرژییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی تەقاندەوە، بەتایبەت لە پۆستەكانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەكێتی، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە فەرمیی بەرپرسی نوێی ئەو دوو دەزگایە دەستبەكاربوون كە كەسانی نزیك لە خۆیانن، ئەژی ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆر، بەوەش شوێنی ئەو كەسانەیان گرتەوە كە پێشووتر لەو پۆستانەدا بوون و نزیكبوون لە لاھور شێخ جەنگی.

پاشان یەکێتی گۆڕانکاریی لە ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی و چەند پۆستێکی دیکەی حزبییدا کردو بڕیارە گۆڕانکارییەکان بەردەوامییان ھەبێت.