مستەفا کازمی دەستگیرکردنی بکوژانی ھیشام ھاشمی ڕاگەیاند

16-07-2021 04:57
ھیشام ھاشمی توێژەری دیاری عێراق ساڵی ڕابردوو لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە بەغداد تیرۆر کرا

پەرەگراف

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گفتی خۆمان بردەسەر و بكوژانی هیشام هاشمی ـ مان دەستگیركرد.

"پێشتریش گروپەكانی مەرگ و بكوژانی ئەحمەد عەبدولسەمەدمان ڕووبەڕووی دادگا كردەوە و سەدان تاوانبارمان دەستگیركرد" کازمی لە تویتێکدا وادەڵێت.

‏سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت: ڕەخنەگرتن مافی هەمووانە، بەڵام ئێمە بۆ ڕیكلام و موزایەدە كارناكەین، بەپێی توانا ماف دەچەسپێنین و خزمەت دەكەین.

کازمی ھیچ زانیارییەکی لەبارەی دەستگیرکراوانی دۆسیەی تیرۆرکردنی ھاشمی و ئەوانەی لەپشت ئەو کارەوەبوون نەخستووەتەڕوو.

دۆسیەی تیرۆركردنی هیشام هاشمی توێژەری دیاری عێراقیی بە یەكێك لە دیارترین دۆسییەكانی تیرۆركردن دادەنرێت لەماوەی ساڵی ڕابردوودا.

ھەفتەی ڕابردوو، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ چەند تۆمەتبارێكی كوشتنی هاشمی دەركردووە، بەردەوامیش دەبن لە گەڕان بەدوای ئەوانەی لەو دۆسیەیەوە تێوەگلاون تا دەخرێنە بەردەم دادگا.

ڕۆژی 6ی ئەم مانگە ساڵێك تێپەڕی بەسەر تیرۆركردنی هیشام هاشمی، لەماوەی ئەو ساڵەدا هیچ كەسێك لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیر نەكرا تا ئەمڕۆ کازمی دەستگیرکردنی بکوژانی ڕاگەیاند، چالاكوانان میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران بە كوشتنی تۆمەتبار دەكەن.