"سوپایەكی ئەلیكترۆنی" لەسەر هێڵی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی عێراق

16-07-2021 06:14

پەرەگراف

تا دێت هۆشدارییەكان توندتر دەبن لەبارەی كاریگەریی "سوپایەكی ئەلیكترۆنی" لەسەر ڕایگشتیی عێراق لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا، سوپایەك لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی كاندیدانی هەڵبژاردنەكان، چەندین پەیجی ساختەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كارا كردووە و هاوشێوەی ئاژانسێكی هەواڵی كار دەكەن.

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بڕیاری دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی دا كە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت، ئەوەش دوای پەسەندكردنی لیستی كۆتایی كاندیدەكان كە ژمارەیان سێ هەزار و 243 كەسە.

بەدوایدا كاندیدەكان پرۆگرامی سیاسی و چالاكیی كۆمەڵایەتیی خۆیان خستە سەر پەڕەی پەیجەكانیان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ماڵپەڕانەی سەر بە خۆیانە، دەستیان كرد بە بڵاوكردنەوەی كار و چالاكییەكانیان.

لایەنە پەیوەندیدارەكان و ڕۆژنامەوانان هۆشداری دەدەن لە پەرەسەندنی دیاردەیەك بە ناوی "سوپای ئەلیكترۆنی" یاخود كە بە"مێشی ئەلیكترۆنی" دەناسرێت، ئەوەش ڕێگایەكە كاندیدەكان پشتی پێ دەبەستن بۆ زیاتر دەركەوتنیان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕكابارەكانیان لە ڕێی ڕەخنە و تانەوە، لە زۆرینەی حاڵەتەكانیشدا ئەو سوپایە لەسەر پەیجی فەیك و نادیار چالاكن.

هیچ چاودێرییەك نییە

لە عێراق هیچ چاودێرییەك بەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە نییە، دەزگا ئەمنییەكان شكستیان هێناوە لە گەیشتن بەو كەسانەی لە ڕێی ئەو تۆڕانەوە تاوان ئەنجام دەدەن، ئەوەش بەهۆی نەبوونی یاسا. یاسای تاوانی زانیارییش تا ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەران ماوەتەوە، چونكە چەند ماددەیەكی تێدایە كە ڕێگری لە ئازادیی ڕادەربڕین دەكەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی ژمارەیی باسی لە دەركەوتنی دەیان پەیجی ساختەی فەیسبووك كردووە كە هاوشێوەی ئاژانسێكی هەواڵی كار دەكەن، زانیاری و هەواڵ لەبارەی ڕووداوەكانی عێراقەوە بڵاو دەكەنەوە.

"چەندین پەیجی سیاسی بە پاڵپشتییەكی دارایی بەهێز كارا كراون، لە كاتی گەڕان بە فەیسبووكدا لەبەردەم بەكارهێنەردا دەردەكەون، هیچ ژمارە تەلەفۆنیێكیان لەسەر نییە و ماڵپەڕیان نییە، زانیارییەك نییە لەبارەی زانیارییە ژمارەییەكانی تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی و مێژوو و ئاژانس و بەرهەمی ڕاگەیاندن"، ناوەندەكە وا دەڵێت.

ڕاگەیاندنی ژمارەیی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی، بەشێكی ئەو پەیجانە بە جۆرێك پاڵپشتیی دارایی دەكرێن، وەك ئەوەی ئاژانسێكی هەواڵی بن، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیریی حیزبێك یاخود كەسایەتییەكی سیاسی دەكەن و هێرش دەكەنە سەر حیزب و ڕكابەرە سیاسییەكانی دیكەیان.

"سوپای ئەلیكترۆنی" دەستەواژەیەكە بۆ ئەو كۆمەڵە ڕاهێنراوانە بەكار دەهێنرێت كە لە ڕێی پەیج و ئەكاونتی وەهمی و ناوی خوازراوەوە، هێرش دەكەنە سەر ڕكابەرەكانیان، دەیانەوێت لە ڕێی پڕوپاگەندە و درۆ و هەواڵی ناڕاستەوە، هەرایەك دروست بكەن و كاریگەرییان لەسەر خوێنەر و بینەر و بیستەر هەبێت، هاوكات بە ئەجێندای تایبەت پیاهەڵدان بۆ بیروباوەڕێكی دیاریكراو دەكەن.

زۆرینەی حیزبە سیاسییەكان بە تایبەت ئەوانەی نزیكن لە ئێرانەوە، هەروەها گرووپە چەكدارەكان، پشت بەو جۆرە سوپا ئەلەكترۆنییە دەبەستن، لە هەندێك كاتدا هەواڵی بە جۆرێك بڵاو دەكەنەوە كە تەنیا ئامانجیان بڵاوكردنەوەی ڕق و دووبەرەكییە لەناو كۆمەڵگەی عێراقیدا.

باشترین نموونە ئەو هەڵمەتەی گرووپە چەكدارەكان بوو كە ماوەیەك پێش ئێستا دەستیان پێ كرد، باسیان لە بوونی پلانێك كرد بۆ بە ئامانج گرتنی عەلی سستانیی مەرجەعی شیعەكان، ئەوەش لە ڕێی وتارێكی ناڕاست كە بە ناوی دۆگلاس سێلمان، باڵوێزی پێشووی ئەمریكا لە بەغداد، بڵاو كرایەوە.

سەدان سەربازی ئامادە

پسپۆڕێكی ئەمنیی عێراقی ڕایدەگەیەنێت "ئەو سوپایانە ناسراون، لە ڕێی ئەو هەزاران پەیجانەی بەڕێوەی دەبەن و سەدان سەربازیان هەیە، لە هەڵمەتێكدا پێكەوە هاشتاگێك بەكار دەهێنن و كاتژمێری سفری بۆ دیاری دەكەن، ئەوەش بۆ بڵاوكردنەوەی تویتەكان لە ناوەندێكەوە كە ئەو كەسانە دەجووڵێنێت".

"كاری ئەو گرووپانە لە ماوەی ڕابردوودا بڵاوكردنەوەی ڕق و دووبەرەكی و هاندان بوو، هەروەها سووكایەتی كردن بە چالاكان و هێز و كەسایەتییە سیاسییەكانی سەر بە دەوڵەت، بەڵام بەكارهێنانی ئەو سوپایە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان هێشتا بە فەرمی دەستی پێ نەكردووە"، پسپۆڕەكە وا دەڵێت.

ئەو شارەزایەی بواری ئەمنی ئاشكرای دەكات، ئەوانەی ئەو سوپایەیان لەژێر دەستدایە، زۆر باش ڕاهێنراون، سەدان كەسی ڕاهێنراوی دیكە لەگەڵیان كار دەكەن، تەنها لە كاتی دەستپێكردنی هەڵمەتەكانیشدا بانگ دەكرێن و كاركردنیان بە شێوەیەكی ڕۆژانە نییە.

پێشتر لێكۆڵینەوەیەكی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە ئابی 2020 دەری خست، حیزبوڵڵای لوبنانی ڕاهێنانی بە هەزاران كەسی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن بۆ ئەوەی "سوپایەكی ئەلیكترۆنیی بەهێز" لە تەواوی ناوچەكە دابنێن.

ئەنەس محەمەد، ڕۆژنامەنوسی عێراقی، پێی وایە "دەركەوتنی ئەو سوپایانە ئەنجامێكی سروشتیی لاوازی چاودێرییە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بە تایبەت كە ئەمجارە كێبڕكێ و بانگەشە بە زووی دەستی پێ كرد، لە چەند ناوچەیەكی دیاریكراو هەڵمەتی خستنی كاندیدەكان دەستی پێ كردووە، كێبڕكێییەكی توند هەیە".

ئەو ڕۆژنامەنووسە باس لەوە دەكات، كارابوونی ئەو سوپایە ئاماژەیە بۆ هەڵگیرسانی جەنگێكی وێرانكەر كە عێراق لە ماوەی داهاتوودا بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە پێویستە لیژنەی باڵای ئەمنی كە چاودێریی هەڵبژاردنەكان دەكات، وەڵامی خۆی بۆ ئەو هەڵمەتانە هەبێت.