لاهور شێخ جەنگی لە سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكەی یەكێتی‌و گۆڕان دەكشێتەوە

17-07-2021 08:42

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی لە سەرۆكایەتی (هاوپەیمانی كوردستان) دەكشێتەوە كە یەكێتی‌و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكیان هێنا، لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: پلانی هەبووە شاربەشار بگەڕێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بۆ هاوپەیمانییەكە، بەڵام پێی گوتراوە "ئەوە گرنگ نییە".

كشانەوە لەو پۆستە بەهۆی كێشەكانی ناو یەكێتی‌و نێوان هاوسەرۆكانی ئەو حزبەیە كە بەهۆیەوە لاهور شێخ جەنگی تەواوی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد.

بە وتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەناو یەكێتی بۆ پەرەگراف، لەناو ئەو حزبەدا دوو بۆچوون هەیە بۆ سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكە كە پشكی ئەو حزبەیە، بۆچوونێك پێیباش كەسێكی دیكە دیاری بكەن بۆ پڕكردنەوەی شوێنی لاهور شێخ جەنگی وەك سەرۆك بۆ هاوپەیمانییەكە، بەڵام بۆ چوونێكی دیكەش هەیە كە سەرۆك بۆ هاوپەیمانییەكە دانەنرێت، لەبەرئەوەی هیچ كێشەیەكی یاسایی نابێت‌و هاوپەیمانییەكە ڕێپێدراوی یاسایی هەیە.

"پۆستەكە پشكی یەكێتییە خۆیان ئازادن كەسێكی دیكە دادەنێن یان نا، بەڵام ئەگەر دایشی نەنێن كێشە دروست نابێت، ئەگەریش كەسێكی دیكە دیاری بكەن ئێمە ئاگادار دەكەنەوەو هەماهەنگیمان دەبێت لەوبارەیەوە" سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وادەڵێت، ڕێپێدراوی یاسایی هاوپەیمانییەكە دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانە.

یەكێتی‌و گۆڕان بە ئامانجی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان‌و كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز بەرامبەر پارتی هاوپەیمانییەكەیان پێكهێنا، بەڵام تەقینەوەی كێشەكانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی لەو پڕۆسەیە دووردەخاتەوە.

لاهور شێخ جەنگی لە كۆبوونەوەی 15ی ئەم مانگەیدا لەگەڵ كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی كە دەقی وتارەكەی بە دەنگ لای پەرەگرافە، دەڵێت "باسمان لە هاوسەنگی هێز دەكردو دەمانگوت ناكرێت تاكە حزبێك مەرجەع بێت.. چاوەڕانی زیاتر لە 35 كورسیمان دەكرد لە بەغداد".

لەبارەی تەقینەوەی كێشەو ناكۆكییەكان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی‌و كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن، لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "پرسیاری ئەوەم لێكردن باشە بیرتان لەوە نەكردووەتەوە كە هەڵبژاردنمان لە پێشە، بۆ چاوەڕێی ئەوەتان نەكرد سێ مانگ دەنگەكان كۆبكەمەوە، بەتەمابووم شاربەشار بگەڕێم دوایی خۆم بۆم بەجێ دەهێشتن، چ پێویستی بەمە دەكرد؟ وتیان ئەوە گرنگ نییە".

لەماوەی یەك هەفتەی تووندبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوانیان، بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی دوو كۆبوونەوەیان ئەنجامداو نەگەیشتنە ڕێككەوتن، لە یەكێك لەو كۆبوونەوانەدا لاهور ئەو پرسیارەی كردووەو بەوجۆرە وەڵام دراوەتەوە.

بەپێی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان كە بۆ هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆكە، گۆڕان حەوت كاندیدی دەبێت لەناو هاوپەیمانییەكەدا؛ چوار لە سلێمانی و دوو لە ھەولێر و یەك لە كەركوك.

ئەو دوو حزبە هەماهەنگییان لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامیش هەیە بۆ هەڵبژاردنەكە كە بڕیارە لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازەو عێراق كراوە بە83 بازنەو 83 كورسیی بۆ كۆتای ژنان دیاریكراوە. هەرێمی كوردستان 44 كورسیی پەرلەمانی بۆ دانراوەو كراوە بە 12 بازنەی هەڵبژاردن؛ سلێمانی كراوە بە 5 بازنەی هەڵبژاردن‌و 18 كورسیی، هەولێر 4 بازنەیەو 15 كورسییە، دهۆك 3 بازنەیەو 11 كورسییە.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كەسێك كە تەمەنی لە 28 ساڵ كەمترنەبێت و مەرجە دەستورییەكانی تێدابێت و دانیشتو و دەنگدەری بازنەی هەڵبژاردنەكەی بێت، دەتوانێت خۆی كاندید بكات. لەم هەڵبژاردنەدا هاووڵاتیی دەنگ بە لیست نادات، بەڵكو ڕاستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات لەوبازنەی هەڵبژاردنەی مافی دەنگدانی تێدا هەیە.

بردنەوەی كورسییەكانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی دەنگی كاندیدەكانەو هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ بهێنێت كورسیی پەرلەمان دەباتەوە.