بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش؛ داوای پێكهێنانی لیوایەك لە خەڵكی داقوق دەكرێت

17-02-2020 07:15
هێشتا داعش مەترسییە بۆسەر چەند ناوچەیەك لە باشوری كەركوك. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف

پەرلەمانتاران‌و پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دۆخی ئەمنی‌و مەترسی پاشماوەكانی داعشیان لە سنوری قەزای داقوق تاوتوێ كرد، لە چەند ڕاسپاردەیەكدا بۆ چارەسەری دۆخەكە داوا لە حكومەتی عێراق كرا لیوایەك لە خەڵكی ناوچەكە پێكبهێنێت.

دیلان غەفور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە، بۆ پەرەگراف باسیلەوە كرد بە وردیی ئەنجامی ئەو بەدواداچوونە مەیدانییەیان خستووەتە ڕوو كە فراكسیۆنەكەیان‌و خودی خۆی لە داقوق ئەنجامیان داوە.

"كۆبوونەوەكە گرنگ بوو، هەمووان كۆكبوین لەسەر هەنگاوی بەپەلە بۆ چارەسەری دۆخی ئەمنیی گوندەكانی سنوری داقوق تا ڕێگە نەدرێت ببێتە مۆڵگەی تیرۆریستان‌و پاشماوەكانی داعش لەو ناوچەیە گەشە نەكەن، خەڵكی ناوچەكەش دڵنیاییان هەبێت كە ئەمنییەتیان پارێزراوە"دیلان وای وت.

پێشتر پەرەگراف لە بەدواداچوونێكدا ئەوەی خستە ڕوو، لە دوو ساڵی ڕابردوودا گوندەكانی قەزای داقوق چەندینجار ڕوبەڕوی هێرشی چەكداریی پاشماوەكانی داعش بوونەتەوە، گوندنشینان بۆ خۆپاراستن زیاتر پشت بە خۆیان دەبەستن‌و چەكیان هەڵگرتووەو چەندین كوژراو و برینداریان داوە لە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆریستاندا.

دیلان غەفور كە خۆی خەڵكی ئەو ناوچەیە یە، دەڵێت"دەرئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ چەند ڕاسپاردەیەك بوون كە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كران، گرنگترینیان پێكهێنانی لیوایەكی تایبەت بوو لە خەڵكی ناوچەكە بۆ پاراستنی ئەمنییەت، هەروەها گرنگیدانی زیاتر بە ناوچەكە لە ڕووی هەواڵگریی‌و بەهێزكردنی ئەو هێزە ئەمنییانەی بوونیان هەیە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژەی بەوەش كرد، بەردەوام دەبن لە كارەكانیان‌و لە نزیكەوە چاودێریی جێبەجێكردنی ئەو ڕاسپاردانە دەكەن لەلایەن حكومەتەوە.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەبارەی دۆخی ئەمنیی داقوق.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە پێشمەرگە لە كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆك كشانەوەو هێزە عێراقییەكان شوێنیان گرتنەوە، چەندین گوند لە سنوری ناوچەكانی جێناكۆك ڕوبەڕوی دۆخێكی ئەمنیی ناجێگیرو مەترسیی داعش بوونەوە، بەتایبەت گوندەكانی قەزای داقوق.

هەرچەندە هێزە ئەمنییەكان لەو سنورە بوونیان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە تەواوی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكەن‌و دڵەڕاوكێی خەڵك بڕەوێننەوەو مەترسیی داعش دوربخەنەوە.

خەڵكی ئەو ناوچەیە پێشتر بۆ پەرەگراف قسەیان كردو ئەوەیان خستە ڕوو، گەنجانی ئەو گوندانە ڕاستەوخۆ لە پشتی ماڵەكانی گوندەكانیانەوە چەند خاڵێكی پاسەوانییان داناوە(ڕەبایە)، لە دوای ئەوانیش پۆلیسی فیدراڵی چەند خاڵێكی دیكەی پاسەوانیی هەیە، بەڵام خاڵی پاسەوانییەكانی پۆلیس دوورن لەیەكتر‌و لە نێوان دوو خاڵی پاسەوانییدا نزیكەی 4 كیلۆمەتر بۆشایی هەیە، وەك خەڵكی ناوچەكە دەڵێن، داعش لەو بۆشاییەوە بە ئاسانیی هاتووچۆ دەكات.

ئەوەی وایكردووە داعش لە سنوری داقوق‌و ناوچەی حەفتەغار جموجۆڵەكانی زیاتر بێت لە ناوچەكانی دیكە، چەمی ڕۆخانەیە كە ناوچەیەكی چڕە بەدارو درەخت‌و"بووەتە مۆڵگەی چەكدارانی داعش".