ئەفسەرە بكوژەكە؛ وردەكاریی نوێ لەسەر دۆسیەی تیرۆركردنی هیشام هاشمی

17-07-2021 09:47

ئاشكراكردنی ناسنامەی بكوژی لێكۆڵەری سیاسی هیشام هاشمی، تەواوی ڕایگشتی عێراقی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، هەمووان دەیانەوێت زانیاریی نوێ و وردەكاریی زیاتر لەبارەی ئەحمەد عوەید كینانی و ئەو لایەنەی كاری بۆ دەكات و هۆكاری كوشتنەكە بزانن.

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕۆژی هەینی دەستگیركردنی بكوژی هاشمی ڕاگەیاند، بەدوایدا تەلەفزیۆنی فەرمیی عێراق دانپێدانانەكەی بڵاو كردەوە.

كینانی بە ئاشكراكردنی كارەكەی كە ئەفسەری پلە یەكە لە وەزارەتی ناوخۆ، هەمووانی تووشی شۆك كرد، ئەوەش توڕەبوونێكی گەورەی جەماوەریی لێ كەوتەوە. عێراقییەكان لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەیانوت ئەركی كارمەندانی ئەمنی، پاراستنی ڕۆحی هاووڵاتیانە نەك كوشتنیان.

لە میلیشیاكانەوە نزیكە

چالاكوانە عێراقییەكان بە ناو ئەكاونتی بكوژەكەی هاشمیدا گەڕاون لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بینیویانە نزیكە لە میلیشیا چەكدارەكان و لە زۆر بۆنەدا پیاهەڵدانی لەسەر نووسیون، وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبیشی بڵاو كردووەتەوە كە سەرەتای ساڵی 2020 لەگەڵ قاسم سولەیمانیدا كوژرا.

ئاژانسی فرانس پێرس لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقییەوە ئاشكرای كردووە، كینانی پەیوەندیی بە كەتیبەكانی حیزبوڵاوە هەیە، كە میلیشیایەكی چەكداریی سەر بە ئێرانن كە هیشام هاشمی لە نووسین و چاوپێكەوتنەكانیدا بەردەوام ڕەخنەی لێ گرتوون، لە ئەمریكاش لە لیستی تیرۆردان.

چالاكوانە عێراقییەكان ساڵی ڕابردوو ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوی تیرۆركردنەكە، حیزبوڵایان بە تێوەگلان لە تاوانەكە تۆمەتبار كرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێشتر لەو لێكۆڵەرە لەلایەن ئەبو عەلی عەسكەری وتەبێژی حزبوڵاوە هەڕەشەی لێ كرابوو.

كینانی لە دانپێدانەكەیدا وتی "سەر بە گرووپێكی لە یاسا دەرچووە". ئاژانسی ئەسۆشەیتدپرێس ئاشكرای كردووە، ئەحمەد عوەید كینانی بەر لە دوو هەفتە دەستگیر كراوە، ڕاستەوخۆ لای دادوەری لێكۆڵینەوەش دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.

دوو بەرپرسی عێراق بی ئاژانسەكەیان ڕاگەیاندووە "هێزە ئەمنییەكان بە دوای شەش كەسی دیكەدا دەگەڕێن كە پەیوەندییان بە ڕووداوی تێرۆركردنەكەوە هەیە" باسیان لەوەش كردووە بەشێكیان چوونەتە دەرەوە عێراق.

هۆزەكەی خۆی لە كینانی بێبەری دەكات

هۆزی كینانە كە یەكێكە لە هۆزە دیارەكانی عێراق و ئەحمەد عوەید سەر بە هۆزەكەیانە، بێبەریبوونی خۆیان لە بكوژەكە ڕاگەیاند.

عەدنان دەنبوس، سەرۆكی هۆزی كینانە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی وتی "بە ناوی خۆم و بە نوێنەرایەتیی هۆزی كینانە، هۆزی قوربانیدان و پاڵەوانێتی و هەڵوەستە نیشتمانییەكان لە مێژوو و سەردەمەكاندا، بێبەریبوونی خۆمان لە تاوانبار (ئەحمەد حەمداوی عوەید معارج) ڕادەگەیەنین، كە كاری تیرۆركردنی شەهید هیشام هاشمیی ئەنجام داوە".

سەرۆكی هۆزەكە داوای لە لایەنە بەرپرسەكان كردووە، توندترین سزا بەسەر ئەو تاوانبارەدە بسەپێنن و لەو شوێنەی تاوانەكەی لێ ئەنجامداوە و لەبەردەم خەڵكیدا، لە سێدارەی بدەن.

لای خۆیەوە یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی سەركردەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیرانە، داوای لێبوردنی كردووە لەوەی بكوژەكە كارمەندی هێزە ئەمنییەكانە. جەختیشی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی "سزاكەی توندتر دەبێت، چونكە ئەفسەرە و لە دامەزراوەی سەربازییدایە".

لە لێكۆڵینەوەكاندا ناوی لایەنە چەكدارەكان ناهێنرێت

عێراقییەكان سوورن لەسەر ئەوەی ئەو لایەنە ئاشكرا بكرێت كە لە پشت تیرۆركردنی هاشمییەوەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە دانپێدانانەكەیدا وتی سەر گرووپێكی دەرەوەی یاسایە، ئەوەش بە گرنگترین ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكان دادەنرێت، چونكە تا ئێستا كینانی بە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی تاوانەكە دادەنرێت و ئەو لایەنەی لە پشتیەوە بووە بە نادیاری ماوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەش بكوژەكە بە ئاشكرا ناوی هیچ لایەنێكی نەهێناوە، بەڵام قسەكانی هەندێك شتیان ئاشكرا كرد، ئەوەش باسی لەوە كرد لە ناوچەی بوعەیسەی باشووری بەغدادەوە بۆ جێبەجێكردنی تاوانەكەی بەڕێ كەوتووە. ئەو شوێنە ناوچەیەكی كشتوكاڵییە و دەكەوێتە سەر ڕووباری دیجلە، ڕووبەرێكی فراوانی هەیە و پێشتر پێگەی ڕێكخراوی قاعیدە بووە، دواتر بە دەستی هێزەكانی سەحوە ڕزگار كرا، دوای ساڵی 2014 گرووپە چەكدارەكان چوونە ئەوێ، ئێستا كردوویانە بە بنكەی سەربازی و ڕاهێنان، هەروەها كۆگای حەشاردانی چەك و تەقەمەنییەكانیان.

كەتیبەكانی حیزبوڵڵا لەو ناوچەیە زۆر چالاكن، چەندین شوێنی گرنگیان لەژێر دەستدایە و كردوویانە بە بنكەی خۆیان، هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو شوێنەش دوورییەتی لە شار، لەگەڵ چەند حیساباتێكی ئەمنی و پاراستنی لە ئەگەری بۆردوومان.

ساڵی ڕابردوو هێزە عێراقییەكان چەند ئەندامێكی حیزبوڵایان لە بوعەیسە دەستگیر كرد، ئەوەش بە تۆمەتی بۆردوومانكردنی باڵوێزخانەی ئەمریكا و باڵەخانەی حكومی و دامەزراوە بیانییەكان، لەوێ دەست بەسەر سەكۆی هەڵدانی مووشەكی كاتیۆشادا گیرا، بەڵام دواتر ئازاد كران.

پێدەچێت كینانی ئەندامێكی پلە بەرز نەبێت لە میلیشیاكاندا، بەڵام لە قسەكانیدا دەردەكەوێت وەك ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی تاوانەكە بەكار هاتووە، بێ ئەوەی خۆشی هۆكاری ئەنجامدانی ئەو كارە بزانێت.

نیبراس كازمی، توێژەر، كە كەسایەتییەكی نزیكە لە حكومەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات، ئەحمەد كینانی ڕاستەوخۆ دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و یەكەم جاریش بووە كە تەقەی لە كەسێك كردووە.

ئەو توێژەرە دەڵێت، تاوانبارەكە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا وتویەتی "بەهۆی نزیكیی هاشمی لە ئەمریكییەكان" ئەو كارەی كردووە.

میساق قەیسی، توێژەر و شارەزا لە دۆخی عێراق، دەڵێت "لە دانپێدانانەكەدا هیچی نوێ نییە، هەموو كەسێك ئەو زانیارییانە دەزانێت، دەزانێت لایەنی ئەنجامدەری تاوانەكە كێیە، بەڵام ئەوەی لەسەر حكومەتە هەنگاوێك بچێتە پێشەوە و ناوەكان و هۆكاری ئەنجامدانی تاوانەكە ئاشكرا بكات، لێپێچینەوە لەگەڵ ڕێكخەران و ئەوانەی پشتگیرییان كردووە، بكات، گرووپەكەش بخاتە لیستی تیرۆرەوە، وەك چۆن هەموو وڵاتانی دونیا وا دەكەن".