ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ ئەو كەسانەی قوربانی دەكەن

18-07-2021 01:37

پەرەگراف

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ژمارەیەك ڕێنمایی سەبارەت بە قوربانیكردن بڵاو دەكاتەوە و داوا لەو كەسانە دەكات كە قوربانی دەكەن، پابەندی ئەو مەرج و ڕێنماییانە بن بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیان، بە تایبەت كە ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەك لەئارادایە كە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە.

دەقی ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ:

چەند ڕێنماییەكی گرنگ بۆ بەرچاوڕوونیی ئەو هاووڵاتیانەی خوازیاری قوربانی كردنن بە بۆنەی جەژنەوە، بەتایبەتی دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون (الحمی النزفیە) لە عێراق.

بەڕێزان، لەبەر هەبوونی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لەعێراق، هەرچەندە تا ئێستا لە كوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەكراوە، لەپێناو كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە و سەلامەتیی ئێوە، بەهۆی ئەوەی كە ئەم جۆرە نەخۆشییە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو /ب.گ. سامانی ئاژەڵ و ڤێترنەری، بە پێویستی دەزانێت كە ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتری بەڕێزتان بڵاو بكاتەوە :

یەكەم: ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت، دەبێت تەندروست بێت و قڕنە و گەنەی لەسەر نەبێت.

دووەم: ئاژەڵی قوربانی لە كوشتارگە سەردەبڕدرێت، تاكو پشكنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی بۆ بكرێت و دڵنیا بین لە تەندروستیی گۆشتەكە.

سێیەم: گۆشتی قوربانی لەناو كیسی شەفاف دابەش بكرێت و دەبێت كیسەكە خاوێن و نوێ بێت .

چوارەم: سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ و كۆڵان هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان و پیسبوونی ژینگە، هەروەك دیاردەیەكی ناشارستانییە، بەتایبەتی لە ئێستادا كە چەند حاڵەتێكی نەخۆشیی خوێنبەربوون (الحمی النزفیە) لە عێراقدا تۆمار كراوە.

پێنجەم: لە كاتی وەرگرتنی گۆشتی قوربانی، ڕاستەوخۆ بەكاری مەهێن و بیست چوار كاتژمێر لە ساردكەرەوەی بهێڵەوە.

شەشەم: لە كاتی دەستكاریكردنی گۆشت و لاشەی ئاژەڵ دەستكێش بەكار بهێنە.

حەوتەم: ئەگەر گومانت لە گۆشتی ئاژەڵی قوربانی هەبوو، پەیوەندی بە لیژنەكانەوە بكە.

لەپێناو سەلامەتی و تەندروستیی ئێوە، هیوادارین كە سەرباری ڕێنماییە ئایینییەكان، ئەم ڕێنماییانەش جێبەجێ بكەن. خێری هەموولایەك قبووڵ بێت ٳن شا‌واللە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو