لافاوەكەی ئەورووپا؛ پێنج هۆكار لە پشت بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانەوەیە

18-07-2021 08:24

پەرەگراف
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی قوربانیانی لافاو و زریانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی وڵاتانی ئەورووپا زیاد دەكات، تا ئێستا زیاتر لە 183 كەس گیانیان لەدەست داوە كە زۆرینەیان لە ئەڵمانیان، پرۆسەی ڕزگاركردن و گەڕان بە دوای بێسەروشوێنانیش بەردەوامە.

پۆلیسی ناوچەی ئارفیلەر لە ویلایەتی ڕاینلاند بالاتیانات لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا كە زۆرترین زیانی بەركەوتووە، ڕاگەیاندووە كە ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داوە لەوێ 110 كەسە، بەردەوامیش ترسی ئەوەیان هەیە ئامارەكە بەرزبێتەوە.

لە ویلایەتی نۆردراین فیستڤاڵ 45 كەس گیانیان لەدەست داوە كە چواریان لە پیاوانی بەرگریی شارستانین، بەلجیكاش تا ئێستا 27 قوربانیی هەیە.

بارانە بەلێزمەكەی ئەورووپا هاوشێوەی نەبووە. ئەڵمانیا و بەلجیكا زۆرترین زیانیان بەركەوتووە. سویسرا، لۆكسەمبۆرگ و هۆڵەندا، باسیان لەوە كردووە ئەوەی ڕووی داوە كارەساتێكی نیشتمانییە.

تا ئێستا سەدان كەس بێسەروشوێنن، دەیان هەزار بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و زیانیان بەركەوتووە.

كەشێكی تایبەت

جان جوزیڵ، زانای كەشناسی، دەڵێت "هەورەكان بڕێكی زۆر ئاویان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتبوو، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەو شێوەیە مانەوە، دواتر زۆر بە لێزمە دابرین".

ڕێكخراوی كەشناسیی جیهانی ئاماژە بەوە دەكات، بڕی ئەو بارانەی باریوە نزیكەی 100 بۆ 150 ملیمەترە و زۆر بەهێز و بەلێزمە بووە، لە كاتێكدا لەم وەرزدا بۆ بارینی ئەو بڕە مانگێك بۆ دوو مانگ كاتی پێویستە.

لای خۆیەوە كای شرۆتەر زانای سەرچاوە ئاوییەكان لە زانكۆی پۆتسدام، باس لەوە دەكات كە ئەو ناوچەیە بەردەوام بارانی بەلێزمەی لێ دەبارێت، بەڵام ئەوەی ئەم جارە جیاواز بووە لە بڕ و بەهێزییەكەیدا.

گۆڕانی كەشوهەوا

بابەتی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و پەیوەندیی بەو لافاو و زریانەوە، مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، سیاسییە ئەورووپییەكان دەڵێن پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، بەڵام چەپە توندڕەوەكانی ئەڵمانیا ئەوە ڕەتدەكەنەوە و دەڵێن بابەتەكە گەورە كراوە.

شرۆتەر دەڵێت "ناتوانین بە تەواوی بڵێین ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە گۆڕانی كەشوهەوا هەیە، بەڵام ئەم دیاردانە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە زیادیان كردووە و ئەگەر هەیە زیاتریش بن".

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی وای كردووە بڕێكی زیاتری ئاوی زەریا و ڕووبارەكان ببێتە هەڵم، ئەوەش وا دەكات بڕێكی زیاتر ئاو بچێتە بەرگە هەواوە، بڕێكی زیاتر باران بە شێوەی بەلێزمە ببارێت.

ڕێڕەوە ئاوییەكان پارێزراو نین

دابارینە بەهێزەكەی باران بەو شێوە لەناكاوە، بووە هۆی زیادبوون و هەڵكشانی ئاو لە ڕووبارە بچووك و جۆگەلەكاندا، بە ڕادەیەك كە توانایان نەما بڕی زیاتری ئاو لە خۆیان بگرن، ئەو شوێنانەی بەربەستی بەرز و گونجاویان نەبوو، ڕێ لە هاتنە ناوەوەی ئاوەكە بگرێت.

ئارمین لاشێت، سەرۆكی ناوچەی باكووری ڕاین و ستڤالیا، دەڵێت "ڕووباری ڕاین بەو جۆرە لافاوانە ڕاهاتووە، بەڵام كێشە گەورەكە ڕووبارە بچووك و جۆگەلەكانن".

هۆشداری نەبوو

بەشێكی دەزگاكانی ڕاگەیاندن، زانا ئەڵمانییەكان تۆمەتبار دەكەن بەوەی، هۆشداری و زەنگی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختیان بۆ دانیشتوان نەبووە.

هانا كلۆك، مامۆستای سەرچاوە ئاوییەكان لە زانكۆی ڕیدینگ لە بەریتانیا، لەوبارەیەوە دەڵێت "پسپۆڕانی كەشناسی ئاگاركردنەوەی خۆیان كرد، بەڵام بە شێوەیەكی جدی گوێیان لێ نەگیرا، ئامادەكارییەكان وەك پێویست نەبوون".

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خەڵكەی لەو شوێنانە نیشتەجێن، هۆشیاریی تەواویان لەسەر ئەوە نییە كە ناوچەكەیان ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی لافاو و زریان ببێتەوە.

ئارمین شۆستەر، سەرۆكی دەستەی حكومی تایبەتمەند بە ڕووداوە سروشتییەكان، ڕایدەگەیەنێت "بەشێكی قوربانییەكان لە ڕادەی مەترسییەكەیان كەم دەكردەوە، ڕێزیان لە دوو بنەمای سەرەكیی كاتی باران بارین نەگرت؛ یەكەم نەچنە ژێرزەمینەكان كە ئاوی تێدەچێت، دووەم ڕاستەوخۆ كوژاندنەوە كارەبا".

لە كاتی گەڕان بە دوای قوربانییەكاندا، تەرمی دەیان كەس لە ژێرزەمینی ماڵەكاندا دۆزراوەتەوە كە بۆ خۆپاراستن لە باران و زریانەكە چوونەتە ئەوێ.

پلانی شارستانی

بەشێكی زاناكان پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی شێوازی دانانی پلانی شارستانی لە خۆرئاوای ئەڵمانیا كردووە.

زەوییەكانی ئەو ناوچانە بە جۆرێكیان لێ كراوە، گڵیان تێدا نییە، ئەوە وا دەكات زەوییەكە ڕۆڵی ئیسفنجێك نەبینێت بۆ هەڵمژینی ئاوی باراناو و مەترسیی دروستبوونی لافاو زیاتر بێت.