لاھور شێخ جەنگی: بەشێوەیەکی کاتیی دەسەڵاتەکانم پێشکەش بە هاوسەرۆکی دووەم کردووە

19-07-2021 10:13

پەرەگراف

لاھور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتیی دەسەڵاتەکانی پێشکەش بە بافڵ تاڵەبانی کردووە تا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیان هەموار دەکرێتەوە.

پەیامێک لە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتییەوە

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت، هیوادارم ئەم جەژنەبە ئارامی و بە خۆشی بەسەربەرن.

لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم کە داوای لێبووردن لە ئێوەی خۆشەویست بکەم بۆ ئەو ڕووداوانەی کە لە پیلانگێڕیی ٨ـی تەمووزەوە دەستیانپێکرد وبوونە مایەی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ لای ئێوەی خۆشەویست.

دیارە هەمووتان پرسیاری ئەوەتان لا دروستبووە کە بەندە بۆچی بێدەنگیم هەڵبژارد، لێرەوە دەمەوێت پێتان بڵێم هەرگیزا و هەرگیز باوەڕم بەبەکارهێنانی هێز نەبووە و نییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی حزبی، پێم وایە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەنها لە کاتی مەترسی لە سەرهەرێمەکەمان و هاووڵاتییانی کورد دەبێت ڕووی تفەنگەکانیان لە دوژمن بێت، نابێت ڕێگە بدەن نە بەندە و نە هیچ کەسێکی تر لەم هەرێمە بۆمەرامی شەخسی خۆیان بەکاریان بهێنن، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە دان بەخۆداگرتنمان و نەبوونی پەرچەکردارمان تەنها لە پێناوخۆشەویستیمانە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی شاری سلێمانی و هەرێمەکەمان، ئەوەی کە گرنگ بوو خوێنلە لوتی منداڵێکی هەژاری ئەم هەرێمە نەهات لە پێناو یەکلایکردنەوەی کێشەی حزبی ئێمە، لە هەمان کاتدا توانیمان بەو بێدەنگییە؛ ڕێگریبکەین لە لەتبوونی یەکێتییەکەی مامی ڕابەر و کۆچکردوومان، لە ئێستاشدا خۆشحاڵم کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێرەوی حزبیمانگرتۆتەبەر کە تەنها ئەوەش ڕێگەچارە درووست و ڕێپێدراوەکەیە، کە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرەداشەرعیەتی وەرگرتووە، چونکە ئێمە لە کۆنگرەدا بە هەڵبژاردن هاتووین نەک بە ئینقیلاب.

لەو پێناوەشدا بەندە بە دڵێکی فراوانەوە لەسەر ڕەزامەندیی خۆم و بەشێوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانم پێشکەش بە هاوسەرۆکی دووەم کردووەتا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەمان هەموار دەکرێتەوە. ئەمەش وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لەو خوێن بەربوونەی کە لە ئارادابوو.

لە هەمان کاتدا تاکە مەرجم بۆ ئەمەش پێکهێنانی لیژنەیەکە لە مەکتەبی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەموو ئەو تۆمەت وپڕوپاگەندە بێبنەمایانەی لە هەندێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا بۆ چەواشەکردن بڵاو دەکرانەوە و لە دوایشدا ئەنجامەکانی بۆ ئەنجوومەنیسەرکردایەتی و ڕایگشتی بڵاوبکرێتەوە.

هاوکات بەدڵگرانییەوە لە سۆنگەی ئەم پێشهاتە نوێیانەی ناو حزبەکەم لە بەرپرسیارییەتی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان دەکشێمەوە وبەرپرسیارێتییەکەی بە هاوسەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسپێرم.

ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپاسی یەک بە یەکتان دەکەم بۆ دەربڕین و نیشاندانی ئەو پشتیوانییەگەورەیە بۆ بەندە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دووپاتی دەکەمەوە کە یەکێتیی لای من لە هەموو پلە و پۆستێک گەورەترە و دڵنیاش بن کە لە جێی ئەومتمانەیە دەبم کە پێتان بەخشیوم و بە تەنیا بەجێتان ناهێڵم، هەموو توانای خۆم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی ناوماڵی یەکێتیی و بەردەوام دەبملەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانم لەسەر شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و بە سەروەریکردنی یاسا و ڕێگریکردن لە تاکڕەوی سیاسیو ئەجێندا ئیقلیمییەکان.

دووپاتیشی دەکەینەوە پشتیوانیی هەموو کارێکی چاکسازی و پاکسازی دەکەین، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەموو هەوڵێکمان خستەگەڕ بۆدابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە، لە داهاتووشدا کار بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان دەکەین وپشتیوانی لەو هەوڵانەش دەکەین کە بۆ ڕێگەگرتن لە قاچاخچێتیی سنوورەکان لە ئارادان.

لە کۆتاییدا ئامۆژگاریی هەڤاڵانم دەکەم کە بۆ پاراستنی ناو و ناوبانگی حزبەکەمان و سەقامگیریی هەرێمەکەمان، تاکە ڕێگەی حەکیمانە بۆچارەسەرکردنی کێشەکان، پەنابردنە بۆ وتووێژ و گفتوگۆ لەناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.

هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن