٥٩ تووشبوی کۆرۆنا لە عێراق گیانیان لەدەستدا، زۆرترین لە ھەولێر بووە

20-07-2021 05:32

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە یەکەم ڕۆژی جەژندا ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی کۆرۆنای بڵاوکردەوە، ٥٩ تووشبو گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان لە ھەولێر بووە کە ٨ کەسن.

ھەر بەپێی ئامارەکە، لە سلێمانی ٥ تووشبو و لە دھۆک ٣ تووشبو، لە کەرکوکیش یەک تووشبوی کۆرۆنا ھەر لەو ٢٤ کاتژمێرەدا گیانیان لەدەستداوە.

کۆی گشتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە عێراق تا ئێستا ١٧ ھەزارو ٩٥١ کەسە.

ھەر لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨ ھەزارو ٩٢٢ تووشبوی نوێ تۆمارکراون، لە دھۆک ٦٣٨ حاڵەت، لە سلێمانی ٣٦١، لە ھەولێر ٣٤٨و لە کەرکوک ٣٢٣ تووشبوی نوێ تۆمار کراون.

کۆی گشتی تووشبون تائێستا لە عێراق گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٥١٠ ھەزارو ٥١٧.

ئەو ئامارە نوێیە لەکاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ھۆشداریی دەدات لە ڕوودانی کارەسات بەھۆی کۆرۆناوە، ئەگەر خەڵک پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان نەبن، ھاوکات چەند حاڵەتێکی جۆری نوێی دەلتا کۆرۆنا لە شارەکانی ھەرێم تۆمارکراون.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریی لەبارەی هەڵکشانی ئاماری قوربانیانی کۆرۆنا و پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە ڕێکارە تەندروستییەکانەوە دا و وتی "بەپێی ئامار و هێڵکارییەکان، دۆخی کۆرۆنا بەرەو مەترسیداربوون دەڕوات".

وەزیری تەندروستی وتیشی "جۆری نوێی کۆرۆنا (دەلتا) زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و دەبێت ئێستا خۆپارێزی بکرێت تا دۆخەکە لەدەست دەرنەچووە".