مۆبایلی بەرهەم ساڵح‌و مەسرور بارزانی كراوەتە ئامانج تا سیخوڕییان بەسەرەوە بكرێت

21-07-2021 02:52

پەرەگراف

هەریەكە لە بەرهەم ساڵح‌و مەسرور بارزانی ناویان لەو لیستەدا هەیە كە كراونەتە ئامانج تا سیخوڕیی بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیانەوە بكرێت، لیستەكە چەندین سەرۆك‌و سەرۆكوەزیران‌و پادشایەكی تێدایە.

80 ڕۆژنامەنووس لە 17 دەزگای ڕاگەیاندن كە ڕاگەیاندنە بەناوبانگەكانی جیهانی تێدایە، لەوانە؛ واشنتۆن پۆست، گاردیان‌و لیمۆند، كاریان لەسەر ئەم دۆسیەیە كردووە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریی ڕۆژنامەوانیدا.

بەپێی بەدواداچوونەكان، بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ 2 سەرۆكی دیكەو 10 سەرۆكوەزیران‌و پادشایەك، ناویان لەو لیستەدا هەیە كە كراونەتە ئامانج.

لیستەكە چەندین كەسایەتی كوردیشی تێدایە، ئەوەی تا ئێستا ئاشكرا بووە، بەپێی ماڵپەڕی دەرەج كە یەكێكە لەو ڕاگەیاندنانەی بەشداربووە لە بنكۆڵكارییەكەدا، مەسرور بارزانی لەلایەن ئیماراتەوە بۆماوەی ساڵ‌و نیوێك مۆبایلەكەی خراوەتەژێر چاودێرییەوە. یەكێك لە كەسە نزیكەكانیشی كە ڕاوێژكاری ئەمنییەتی بەناوی حەمدی سنجاری لەلایەن هەمان وڵاتەوە خراوتەژێر چاودێرییەوە. هێشتا ناوی كەسایەتییەكانی دیكەی كورد ئاشكرا نەبووە كە لە لیستەكەدان.

هەوڵی هاككردن‌و چاودێریكردنی تەلەفۆنی ئەو كەسایەتییانە، لەڕێی بەرنامەی پێگاسۆس بووە كە بەرنامەی هاك‌و دەستبەسەرداگرتنی تەلەفۆن‌و ئامێرە ئەلكترۆنییەكانەو كۆمپانیای ئێن ئێس ئۆی ئیسرائیلی خاوەنیەتی.

هێشتا ڕوون نییە ئەو هەوڵی هاككردنە سەركەوتوو بووە یان نا، ئەو ڕۆژنامەنووسانە لیستێكیان دەستكەوتووە كە ناوی 50 هەزار كەسی تێدابووە كە دانراون بكرێن بە ئامانج لەلایەن وڵاتانی جیاوازەوە.

لیستەكە ناوی چەندین سەرۆك‌و پادشا‌و سەرۆكوەزیرانی وڵاتان‌و كەسایەتی سیاسی‌و ڕۆژنامەنووس‌و خەڵكانی دیاری تێدایە، لەوانە؛ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا، پادشای مەغریب، سەرۆكی ئەفەریقای باشوور، سەرۆكوەزیرانی میسرو سەرۆكوەزیرانی پێشووی لوبنان.