مردن بە کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دوو ھێندە زیادی کرد

22-07-2021 03:52

پەرەگراف

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٢ حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا لە ھەرێم تۆمارکراوە؛ ١٠ لە دھۆک، ٨ لە سلێمانی و ٤ لە ھەولێر، بەپێی ئاماری ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی.

ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی پێشووتر ١١ حاڵەتی مردن بەو ڤایرۆسە ھەبووە.

ھەر لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ٨٠٢٣ پشکنین ئەنجام دراوەو ١٢٢٠ تووشبوی نوێ تۆمار کراون، ٧٠١ حاڵەتی چاکبوونەوە لە ڤایرۆسەکە ھەبووە.

کۆی گشتی تووشبون گەیشتە ٢٠٩ ھەزار و ٢٢٠ کەس، مردنیش بە ڤایرۆسەکە ٤٦٤٨ حاڵەت تۆمار کراوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەڵێت، جەخت دەکەینەوە هاووڵاتیان پابەند بن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەباڵغو دانانی ماسك و وەرگرتنی ڤاکسین. لە کاتی پێویستیشدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن".

چەند ڕۆژێکە وەزارەت و پسپۆڕانی تەندروستی ھۆشداریی دەدەن لە تەشەنەکردنی خێرای شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسەکە کە بە دەلتا ناسراوە، بەھۆی ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر ڤایرۆسەکەدا ھاتووە ئەم شەپۆلەی کۆرۆنا زۆر خێراتر لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوەو بڵاودەبێتەوە.

بەھۆی زۆریی حاڵەتی نوێی تووشبون، لە سلێمانی نەخۆشخانەیەکی نوێ تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە، لەو دوو نەخۆشخانەیەی کە تایبەت بوون بەو ڤایرۆسە شوێنی وەرگرتنی نەخۆش نەماوە.

تەندروستی ھەرێم ھۆشداریی دەدات لە "ڕوودانی کارەسات"، ئەگەر خەڵک پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان نەبن.