چێشتخانە سوورییەكان كوردستان داگیر دەكەن؛ بۆچی بازاڕی خواردنە سوورییەكان گەرمە؟

22-07-2021 10:10

پەرەگراف

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی چێشتخانە سوورییەكان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە زیادبووندان، بەتایبەت لە شارە گەورەكانی وەك هەولێر و سلێمانی و دهۆك. ئەو چێشتخانانە لەلایەن سەرجەم چینەكانی كۆمەڵگەی كوردییەوە خواستێكی زۆریان لەسەرە.

ئەو دیاردەیە هەمەچەشنیی زیاتری بە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەخشیوە، كۆمەڵێك بژاردەی زیاتری خستووەتە بەردەم بەكارهێنەران، لە هەمان كاتدا وای لێ كردوون بە خواردنی دیكە لەوەی لەسەری ڕاهاتوون، ئاشنا بن.

چەند ساڵێك پێش ئێستا چێشتخانە سوورییەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر كەم بوون، تەنانەت شایەنی باسكردنیش نەبوون، بەڵام ئێستا بە دەیان دانەیان لە شارەكان هەیە.

ئەوە جێی سەرنجی هەمووانە، خاوەنی چێشتخانەكان ناوێكی وەرگیراو لە ناوی شام (سووریا) لە شوێنەكانیان دەنێن، وەك هەوڵێك بۆ ڕاكێشانی موشتەرییەكی زیاتر و سەلماندنی ئەوەی ئەوان مۆركێكی سوورییان هەیە.

چێشتخانەی شامی بە شێوەیەكی گشتی بە سووری و لوینانییەوە، خاوەنی ناوبانگێكی باشن لە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی.

مالك ئەحمەد، گەنجێكی سوورییە و لە یەكێك لەو جۆرە چێشتخانانە لە سلێمانی كار دەكات، ئاماژە بەوە دەكات خواردنەكانی ئەوان بەوە لە خواردنە عێراقییەكان جیا دەكرێنەوە كە هەمەچەشنی زیاتریان تێدایە.

"ساڵ لەدوای ساڵ خواستی هاووڵاتیان لەسەر خواردنەكانی ئەو جۆرە چێشتخانانە زیاتر دەبێت، كە بە وەجبە سوك و خێراكانیان بەناوبانگن، وەك لەفەی شاورمە و فەلافل، یاخود پرۆستد كە كنتاكییە بە شێوازی شامی و چەند جۆرێك خواردنی دیكە"، گەنجە سوورییەكە وا دەڵێت.

مالیك ئەحمەد دەشڵێت "كڕیارەكانمان لە هەموو چین و تەمەنە جیاوازەكانی كۆمەڵگەن، تەنانەت گەشتیار و بیانییەكانیش كە لێرە كار دەكەن، حەزیان لەم خواردنانەیە، ئەمە جگە لە خەڵكی شارەكە، دەوڵەمەند و ئەوانەش كە دۆخیان مامناوەند و هەژارە، داوای دەكەن، چونكە نرخەكان لای ئێمە هەرزانە، بەراورد بە چێشتخانەكانی دیكە بەتایبەت و ڕاقییەكان".

شاخەوان، گەنجێكی خەڵكی سلێمانییە، بەردەوام بۆ نانخواردن دەچێتە چێشتخانە سوورییەكان، ئەو دەڵێت "هاوشێوەی من، هەزاران كەس لێرە هەیە عاشقی ئەم خواردنانەن. هەرچەندە تازە پێی ئاشنا بووین، بەڵام بەڕاستی تامێكی خۆشیان هەیە و لەسەر شێوازی شامی و بەتایبەت سووری دروست دەكرێن، تایبەتمەندییەكی تێدایە كە نازانم چۆن باسی بكەم".

"خواردن بە نیسبەت منەوە چێژە، ئەم چێشتخانانەش بێسنوور ئەو چێژە دەبەخشن. ئەوەش گرنگە چێشتخانە سوورییەكان هەمەچەشنییەكی زیاتریان بەخشی، ڕووبەرێكی فراوانی لەبەردەم بازاڕی خواردن لە هەرێمی كوردستان كردەوە"، شاخەوان وا دەڵێت.

ئەوە جێی سەرنجە لە چێشتخانە سوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بچووكیی ڕووبەریانە، كە بە زۆر جێی دوو یاخود سێ مێزیان تێدا دەبێتەوە، ئەوەش شتێكی سەیر نییە، چونكە ئەوان زیاتر پشت بە داواكاری و گەیاندن بۆ ماڵەكان دەبەستن.