پەرەگراف
سەركردایەتی یەكێتی هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆكی حیزبەكەی هەڵبژارد، لە یەكەم پەیامیاندا وەك هاوسەرۆك لە بەردەم ئەندامانی سەركردایەتی پەیمانی هەستانەوەی یەكێتییان دا.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا سەرباری هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی یەكێتی، دواین خاڵی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە پەسەند كراو ئەركو دەسەڵاتی سەرجەم ئۆرگانەكان دیاریی كراون.
هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی، وەك هاوسەرۆكی یەكێتی وتەیەكی كورتیان لەبەردەم ئەندامانی سەركردایەتی پێشكەش كردو پەیامی خۆیان ڕاگەیاند.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە كرد، هەڵبژاردنی وەك هاوسەرۆك، "شەرەفێكی گەورەیەو ئەركێكی قورسیشە"، ئەوەشی خستە ڕوو، یەكێتی لە 10 ساڵی ڕابردو چەندین هەورازو نشێو و جیابوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بە هەوڵی هەموو لایەك دەربازی بووە.
لاهور وتی"ئەركە قورسەكەی ئێمە لە دوای كۆنگرەو لە ئەمڕۆوە دەستپێدەكات. نامەوێت بچمە سەر هۆكاری ئەوەی بۆ یەكێتی گەیشتە ئەوەی پاشەكشە بكاتو لە جەماوەر دووربكەوێتەوە، واجبی ئێمە ئەوەیە خەڵك لەگەڵ یەكێتی ئاشت بكەینەوە، بەڵێنتان پێدەدەم سەربازێكی ونی ئەم حزبە دەبینو شەو و ڕۆژ دەخەینەسەریەك بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدان ئاسوودە ببێت، ماڵ بە ماڵو دێ بە دێو كۆڵان بە كۆڵان دەگەڕێین بۆئەوەی یەكێتی بخەینەوە سەر ڕێی خۆی".
دواتر بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لە وتەیەكیدا وتی"ئەم متمانەیە لە دەست نادەینو یەكێتیەكەمان هەڵدەستێنینەوەو دەیكەنەوە بە یەكێتییەكەی مام جەلال".
هەڵبژاردنی هاوسەرۆكو بەردەوامیی كێشە ناوخۆییەكان
هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەكاتێكدایە سیستمی هاوسەرۆكایەتیی ناڕەزایی لەناوخۆی یەكێتی دروست كردووە، پێشتر پەرەگراف زانیاریی وردی ئاشكرا كرد لە بارەی ململانێی باڵەكانی یەكێتیو بۆچوونە جیاوازەكانیان.
لە چوارچێوەی ناڕەزاییەكاندا، هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بە واژۆی كۆسرەت ڕەسوڵ نامەیەكی ئاڕاستەی سەركردایەتی یەكێتی كرد كە 3 بڕیاری لەخۆ گرتبوو، بەڵام سەركردایەتی پابەندی بڕیارەكان نەبووە كە لە یەكەمیاندا داوای هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی كرا بوو.
"تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن، بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەكان، مەترسی لەسەر هاوسەنگی ڕیزەكانمان هەیە، بۆیە پێش بەكاڵاكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیكی وەرناگرێت" بڕیاری دووەمی نامەكەی كۆسرەت ڕەسووڵ وا دەڵێت.
لە بڕیاری سێیەمیشدا بە پێویست زانراوە كۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ گفتوگۆی چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان و بۆچوونە جیاوازەكان بكرێت، "پاش ئەم كۆبوونەوەیە و لێكتێگەیشتن، بڕیاربدرێ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەردەوام بێت. داوامان وایە لە هەموو بارێكەوە دۆخی یەكێتی وردتر لێكبدەنەوە و تەواوی ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرن".
گۆڕینی سیستمی یەكێتی بۆ هاوسەرۆكیی، وایكرد بەرهەم ساڵح ناڕازیی بێتو دووربكەوێتەوە لە وەرگرتنی پۆستی یەكەمی یەكێتی، لە كاتێكدا لە دوای كۆنگرەی ئەو حیزبە چاوەكان لەسەر ناوبراو بوونو كاندیدی بەهێز بوو بۆ سەرۆكی ئەو حیزبە، دوای بەرهەم ساڵح چەند سەركردەیەكی دیكەی نزیك لە ناوبراو و ئاڕاستەی كۆسرەت ڕەسوڵیش ناڕەزاییان لە هەنگاوەكانی سەركردایەتی پیشانداو بایكۆتی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتییان كرد.