ڕوونكردنەوەیەك لە دژەتیرۆری یەكێتییەوە لەبارەی؛ قاچاخچێتی، سەرانە وەرگرتن‌و داگیركردنی زەوی

23-07-2021 03:01

پەرەگراف

دژەتیرۆری یەكێتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا دانبەوەدا دەنێت، "هەندێ كەسی نابەرپرس لە دەرەوەی ویستی ئێمەو بەخواستی چەند كەسێكی یاساشكێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە، ناو و ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەكارهێناوە بۆ كاری نایاسایی و دەستدرێژیكردن بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی كە بەڕەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر نەبوون".

دژەتیرۆر ڕەتی دەكاتەوە هێزەكانی ئەوان تێوەگلابن لە كاری نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی زەوی و موڵكی گشتی، لەبارەی ئەو كەسانەشەوە دەڵێت "چەند كەسێكیش كە تێوەگلابوون بەم كارە نایاساییانە بە ڕەسمی دەركراون و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە و چیتر ڕێگەش نادرێت كەسانێكی بەرژەوەندی خواست بۆ مەرامی تایبەتی دەست لەكاروباری دژەتیرۆرەوە وەربدەن".

دەقی ڕوونكردنەوەكە

ڕوونكردنەوەیەكی پێویست لە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆرەوە بۆ ڕای گشتی

لای ھەمووان ڕوونە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر ھێزێكی تایبەت و مەشق پێكراو بە دسپلینی سەربازیی نیشتیمانییە، ڕۆڵی گرنگ و كاریگەری بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەركەوتن
بە سەر تیرۆرستانی داعش و بەرقەراركردنی ئارامی و ئاسایش لە ھەرێمی كوردستان.

بەداخەوە لە چەند رۆژی ڕابردوو، چەندین پەیج و ئەكاونتی سێبەر و بێخاوەن و بەكرێگیراو، ھێرشی ناڕەواو بێبنەما دەكەنەسەر ھێزەكەمان و بە ئەجێنداو مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن!

ئێمە لێرەدا بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ڕوون دەكەینەوە، ھێزی دژەتیرۆر دوورو نزیك پەیوەندی بەھیچ كارێكی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی زەوی و موڵكی گشتی یەوە نیەو نەبووە، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە ھەندێ كەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمەو بەخواستی چەند كەسێكی یاساشكێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە ناو ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەكارھێناوە بۆ كاری نایاسایی و دەست درێژكردن بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی كە بەڕەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر نەبوون، چەند كەسێكیش كە تێوەگلابوون بەم كارە نایاساییانە بە ڕەسمی دەركراون و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە و چیتر رێگەش نادرێت كەسانێكی بەرژەوەندی خواست بۆ مەرامی تایبەتی دەست لەكاروباری دژەتیرۆرەوە وەربدات.

بۆ ھەموولایەكی ڕووندەكەینەوە دژەتیرۆر وەك ھەمیشە لە سەنگەری خەڵك، سەروەری یاسا، ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵك و شكۆی ھەرێمی كوردستان دەبێت، ئەركی سەرەكیمان ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلانێكە كە بیەوێت ئارامی لە خەڵك تێكبدات ئاشكراشیدەكەین ھێزی دژەتیرۆر ھێزی خەڵك و ھەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەكانە و بەگڕوتینێكی نوێ و بە بەھێزترەوە لە ڕابردوو، پشتیوان بەخوای گەورەو بە ھاوكاری ھەمووان و ھێزی پێشمەرگەو ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەركداین بۆ پاراستنی كوردستانەكەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنان و ھەڵھاتوان لە یاسا.

بەڕێوبەرایەتی دژەتیرۆری كوردستان