مەسروور بارزانی: لەم مانگەوە مووچە بە بێ‌ لێبڕین دابین دەكرێت

25-07-2021 02:17
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێم

پەرەگراف

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئابووری و ئەنجومەنی وەزیران، لەم مانگەوە مووچە بە بێ‌ لێبڕین دابین دەكرێت".

سەبارەت بە مانگەكانی داهاتوویش، مەسرور بارزانی وتی "هیوادارم حكومەتی فیدراڵی لە بەڵێنی خۆی بەردەوام بێت بۆ ناردنی ئەو بڕە بودجەیە، بۆ ئەوەی بتوانین لە مانگەكانی داهاتوویش بەم شێوەیە مووچە بەبێ‌ بڕین دابەش بكەین".

بڕیاری هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێمدا دراوە. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت "لەو كۆبوونەوەیەدا باسی‌ بارودۆخی ئابووریمان كرد و ھە‌ڵسە‌نگاندنمان بۆ داھاتە‌كان كرد. بڕیارمان دا مووچە‌ی مووچە‌خۆرانی ھە‌رێمی كوردستان بە‌ تە‌واوە‌تی تە‌مویل بكرێت و ھیچ بڕە‌ پارە‌یە‌كی لێ كە‌م نە‌كرێتە‌وە‌".

وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، نووسیویشیەتی "سبە‌ینێ 26-7-2021 دە‌ست بە‌ دابە‌شكردنی مووچە‌ بە تەواوی دە‌كرێت".

هەروەها سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەڵێت "ڕێكخستنە‌وە‌ و زیادبوونی داھاتی ناوخۆی ھە‌رێمیش ھۆكار بوو بۆ تە‌مویلكردنی تە‌واوە‌تیی مووچە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی لەوە كردەوە كە كەلێنی كورتهێنانی داهات بەو 200 ملیار دینارە پڕ كراوەتەوە كە لە بەغداوە هاتووە و هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە "زۆری دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە حكومەتی فیدراڵی بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێ‌ دەكات لە بەردەوامیی دابینكردنی ئەو بڕە بوودجەیەی كە بۆ هەرێمی دەنێرێت".

"دوو ساڵی پڕ لە قەیرانمان بەڕێ‌ كرد، هەندێك لەو قەیرانانە سروشتی بوون، وەكوو هاتنی پەتای كۆرۆنا و تێكچوونی باری ئابووریی جیهانی، هەندێكیشیان بە ئەنقەست ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان كرانەوە، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی چاكسازی خاومان بكەنەوە و وامان لێ‌ بكەن واز لە مافە دەستوورییەكانی خۆمان بهێنین"، مەسروور بارزانی وای وت.

ڕۆژی یەكشەمە 11-7-2021، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ڕایگەیاند "ئەمڕۆ كاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، یەكەمین بڕەپارە لە لایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە كە بڕی 200 ملیار دینارە، خرایە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر".