پەرەگراف زانیاریی نوێ‌ سەبارەت بە چارەنووسی پەنابەرە كوردەكانی ناو یەختە نوقمبووەكە بڵاو دەكاتەوە

25-07-2021 07:11

پەرەگراف

ناوەندی هەواڵگریی فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقى-كوردستانی، لیستی ناوی 32 پەنابەری ڕزگاربووی ناو یەختە نوقمبووەكەی دەریای ئیجەی بڵاو كردەوە كە ئێستا لە دوورگەی ئیراپێترای یۆنانن. بەپێی زانیارییەكانی فیدراسیۆنەكە "12 پەنابەر بێسەروشێنن". بەڵام دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت "١٠ كەس بێسەروشوێنن كە دوانیان خەڵكی میسر و دانەیەكیان كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و حەوت كەسیشیان هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانن".

ئێوارەی ئەمڕۆ فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی-كوردستانی، بڵاوی كردەوە كە "لە درێژەی بەدواداچوونیان بۆ بەهاناوەچوونی ئەو پەنابەرانەی یەختەكەیان لە دوورگەی كریتی یۆنانی نقوم بوو، لیستی ناوی ئەو 32 پەنابەرە بڵاو دەكەینەوە كە لە ئێستادا لە دوورگەی ئیرا پێترای یۆنان دەستبەسەرن".

فیدراسیۆنەكە هاوكات "لیستی ناوی ئەو پەنابەرە كوردانە"ی بڵاو كردووەتەوە كە "لەلایەن كەسوكاریانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داویانە بە فیدراسیۆن تا بە دەم ئەو پەنابەرانەوە بچن".


ئەو شوێنەی پەنابەرە ڕزگاركراوەكانی تێدا ڕاگیراوە

عومەر ئەحمەد، ئەندامی فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی-كوردستانی كە لە وڵاتی یۆنان بەدواداچوون بە چارەنووسی پەنابەرەكان دەكات، دەڵێت "ئێستا ٣٢ پەنابەر لە كەمپی ئێراپیترا ڕاگیراون كە ژنێك و منداڵێك لەنێویاندان".

سەبارەت بە چارەنووسی پەنابەرەكانی دیكە، عومەر ئەحمەد دەڵێت "پێنج پەنابەر لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، سێ‌ پەنابەر بە تاوانی قاچاغچێتی و لێخوڕینی یەختەكە دەستگیر كراون، ١٢ پەنابەریش چارەنووسیان نادیارە".

پەرەگراف پەیوەندیی بە ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەرانەوە كرد، ناوبراو وتی "هیچ شتێكی نوێ‌ نییە، ئەوەی كە هەیە بڵاومان كردووەتەوە و سبەینێ‌ بەدواداچوونی زیاتر دەكەین".

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو یەختێكی پەنابەران كە لە توركیاوە بەناو دەریای ئیجەدا بەرەو دەریای سپیی ناوەڕاست بەڕێ‌ كەوتبوو تا خۆی بگەیەنێتە ئیتاڵیا، یەختەكە لە نزیك دورگەی كریتی یۆناندا پەكی كەوت.

"بەپێی دواهەمین بەدواداچوونەكانی دەزگای لووتكە، ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی باشووری كوردستان ڕزگاریان بووە، كە ١٧ لەو كەسانە لەلایەن كەسوكاریانەوە لە دەزگای لووتكە تۆمار كراون و دوای بەدواداچوونی وردی دەزگاكە، هەواڵی سەلامەتییان دراوە بە كەسوكاریان"، دەزگای لووتكە وا دەڵێت.

دەزگاكە ئاماژە بەوەش دەكات كە "تاكو ئێستا بەڵگەنامەی چوار كەس لە بێسەروشوێنبووەكان لەلایەن كەسوكاریانەوە دراون بە دەزگای لووتكە".