قوباد تاڵەبانی: لە ئەمڕۆ بە دواوە دەرەنجامی هەوڵەکانمان بۆ چاکسازی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی دەبینن

25-07-2021 08:04

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەكێتیی بەگیانێكی تازەو بەكردەیی ئەمجارەیان كار بۆ چاكسازی و گۆڕانكاریی دەكات و بە دەستێکی ئاسنین بەگژ خواروخێچییەكاندا دەچێتەوە.

"کۆمەڵانی خەڵکیش دڵنیا دەکەینەوە لە ئەمڕۆ بە دواوە دەرەنجامی هەوڵەکانمان بۆ چاکسازی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی دەبینن" جێگری سەرۆکی حکومەت لە پەیامێکدا بۆ ساڵیادی گۆڕان وادەڵێت.

قوباد تاڵەبانی پەیامەکەی ئاڕاستەی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کردووەو لە بەشێکیدا ئاماژە بە دۆخی ناوخۆی حزبەکەی و گۆڕانکارییەکان دەکات.

"ئێمە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دەستپێكێكی نوێ و لە قۆناغێكی نوێداین، پێشمانوایە بەردی بناغەی چاكسازی و بەرەوپێشچوون لە بەهێزكردنی ڕایەڵەكانی پەیوەندیی هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا دێتەدی، بەتایبەت یەكێتی و گۆڕان كە ئامانجە هاوبەشەكانیان زیاترە لە جیاوازییەكانیان، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە پێداگرین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندی گەندەڵی و یاساشكێنی لەپێناو ئەوەی بگەینە حوكمڕانییەكی دروست و ڕەشید كە خەونی چەندین ساڵەی گەلەكەمانە".

قوباد تاڵەبانی تەئکید لە سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان دەکات کە یەکێتی و گۆڕان بۆ ھەڵبژاردن پێکیانھێناوە، داوای ھاوکاریش دەکات بۆ چاکسازیی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دەڵێت "لەم ئەركە نوێیەش كە خستوومانەتە بەردەم خۆمان چاومان لە پشتیوانی هاوپەیمان و دۆستەكانمانە و كورد دەڵێت، چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت".

ئەو پەیامانەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەدێت، گۆڕانکارییەکانی یەکێتی لە سلێمانی، لە ٨ی تەمموزدا گرژییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی تەقاندەوە، بەتایبەت لە پۆستەكانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەكێتی، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە فەرمیی بەرپرسی نوێی ئەو دوو دەزگایە دەستبەكاربوون كە كەسانی نزیك لە خۆیانن، ئەژی ئەمین بۆ بەرپرسی دەزگای زانیاری و وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆر، بەوەش شوێنی ئەو كەسانەیان گرتەوە كە پێشووتر لەو پۆستانەدا بوون و نزیكبوون لە لاھور شێخ جەنگی.

پاشان یەکێتی گۆڕانکاریی لە ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی و چەند پۆستێکی دیکەی حزبییدا کردو بڕیارە گۆڕانکارییەکان بەردەوامییان ھەبێت.

دوای یەک ھەفتە لە ناکۆکی و گرژیی توندی نێوان ھاوسەرۆکانی یەکێتی، لە ١٥ تەمموزدا لاھور شێخ جەنگی سەرجەم دەسەڵاتەکانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی کرد.

دواتر لاھور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتیی دەسەڵاتەکانی پێشکەش بە بافڵ تاڵەبانی کردووە تا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیان هەموار دەکرێتەوە.

لە ماوەی ئەو گۆڕانکارییانەو کۆبوونەوەی دەسەڵاتەکان لای بافڵ تاڵەبانی، میدیای نزیک لە ئەو و میدیای فەرمیی یەکێتی، چەندجارێک باسیان لە "یەکێتی نوێ" و قۆناغێکی نوێی ژیانی حزبەکەیان کردووە.

قوباد تاڵەبانی کە سەرۆکایەتی تیمی یەکێتی لە حکومەت دەکات، سەرپەرشتیی ئەو گۆڕانکارییانە دەکات کە لە دەزگا حکومییەکاندا دەکرێن، ١٦ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی سلێمانی ڕایگەیاند، ئامانج لەو گۆڕانکارییانەی دەستیان پێکردووە بۆ باشتر بەڕێوەچونی کارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیانی سلێمانییە.

"قورسترین سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە تێوەبگلێن لە گەندەڵی و پۆست و پێگەکانیان بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربھێنن" قوباد تاڵەبانی وای وت، وتیشی "بەھیچ جۆرێک رێگە بە ھێزە ئەمنییەکان نادرێت دەستێوەردان لە کاروباری بازاڕو سیاسەت و بژێوی ژیانی خەڵکدا بکەن".