شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا لە هەرێم؛ نیشانە و مەترسیی ڤایرۆسەكە و ڕێنماییەكان چین؟

26-07-2021 05:31

پەرەگراف

ژمارەی قوربانییانی شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە هەڵكشانی خێرایە، بە جۆرێك كە دوو ڕۆژە بەرزترین ئاماری تووشبوون لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاكەوە تۆ مار دەكرێت. وەزارەتی تەندروستی پێشنیازی "قەدەغەی هاتوچۆی گشتی" دەخاتە بەردەم لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا. دكتۆرێكی پسپۆڕیش جەخت دەكاتەوە كە جۆری نوێی كۆرۆنا "مەترسیدارتر نییە"، بەڵام مەترسی لەسەر ئەو كەسانەیە كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.

پاش تۆماركردنی هەڵكشانی بەرچاوی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە پارێزگای دهۆك، وەزیری تەندروستیی هەرێم سەردانی ئەو پارێزگایەی كرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گەیشتنە "ئاستی نارنجیی تۆخ" و مەترسیی پێ‌ نانە "ئاستی ڕەنگی سوور"ی لەبارەی كۆرۆناوە ڕاگەیاند و بە "بارودۆخێكی مەترسیدار" وەسفی كرد.

دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە كۆی 17 هەزار و 141 پشكنین، سێ‌ هەزار و 559 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، بە ڕێژەی لەسەدا 20 و پۆینت هەشتی ئەوانەی پشكنینیان ئەنجام داوە، تووشبوو بوون. ئەمە زۆرترین ژمارەیە تا ئێستا و نیشاندەكرێكی خراپە. هەروەها 13 تووشبوو گیانیان لەدەست داوە".

وەزیری تەندروستی ئەوەیشی خستە ڕوو كە "هەزار و 41 حاڵەتی چاكبوونەوە لە كۆرۆنا تۆمار كراوە، واتە سێ‌ هێندەی چاكبوونەوە تووشبوون هەیە، بۆیە پێویستمان بە داخڵبوونی نەخۆی زیاتر و چاودێریی چڕی زیاتر هەیە".

بەپێ ئاماری وەزارەتی تەندروستی، زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا "لە پارێزگای دهۆك تۆمار كراوە كە هەزار و 564 حاڵەت بووە"، بەڵام دكتۆر سمان بەرزنجی تۆماركردنی ئەو ژمارە زۆرەی لە دهۆك بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە "زۆرترین ژمارەی پشكنینی ئەنجام داوە" و جەختی كردەوە كە "بە هەمان شێوە ڕێژەی تووشبوون لە هەموو هەرێمی كوردستان زۆرە".

وەزیری تەندروستی وەكوو هەمیشە دووپاتی كردەوە كە پێویستە هاووڵاتیان پابەند بن بە ڕێكارەكانەوە بە تایبەت بەستنی ماسك و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵغی، هەروەها ئەنجامدانی پشكنینی لە كاتی بوونی هەر نیشانەیەكی پەتاكە.

دكتۆر ڕەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستیدا، ژمارەیەك پێشنیاز خراونەتە ڕوو كە "سبەینێ‌ دەخرێتە بەردەستی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا".

"داوا دەكەین كە كەرەنتینەی گشتی ڕابگەیەندرێت، ئەگەر لەم قۆناغەدا كەرەنتینەی گشتی نەكرا، كەرەنتینی ڕێژەیی ڕابگەیەندرێت، دەبێت بۆ ماوەی هەفتەیەك یان 10 ڕۆژ تا دوو هەفتە، قەدەغەی كاتی بكرێت، بە تایبەت لە شەواندا"، دكتۆر ڕەهێڵ فەرەریدوون وای وت.

بریكاری وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت دەوامی دامودەزگا حكومییەكان جگە لە وەزارەتی تەندروستی كەم بكرێتەوە و بۆ ماوەیەكیش ڕابگیرێت. هەروەها ئەو ڕێككارانەی لە كەرەنتیەنەكانی پێشوو بەرانبەر شوێنە گشتی و ڕێستۆرانت و كافتریا و شوێنەكانی دیكە گیراونەتە بەر، دەست پێ‌ بكرێنەوە.

دكتۆر كامەران قەرەداغی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سینگ و بۆرییەكانی هەوا، سەبارەت بە مەترسییەكانی شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا كە بە (دەلتا) ناسراوە، دەڵێت "مەترسییەكانی لە دوو شتدایە، یەكەم: خێرایی لە بڵاوبوونەوەدا. دووەم: كە بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، لەو شوێنەدا قەرەباڵغی لە ڤایرۆسەكەدا دروست دەبێت، ئەمەش وا دەكات لە هەندێك كەسدا كە ژمارەی ڤایرۆسەكە زیاد بوو، كاریگەری و مەترسییەكانی زیاد دەكەن".

هاوكات ئەو دكتۆرە جەخت دەكاتەوە كە بەراورد بە دوو شەپۆلی پێشووی كۆرۆنا، شەپۆلی سێیەم "مەترسیدارتر نییە". بۆ سەلماندنیشی نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە كە "لە ئەمریكا و بەرتانیا ژمارەی تووشبوون زیادی كردووە، بەڵام بەراورد بە شەپۆلی دووەم ژمارەی مردن زیادی نەكردووە".

دەربارەی سیفات و نیشانەكانی ئەم جۆرە نوێیەی كۆرۆنا، دكتۆر كامەران قەرەداغی دەڵێت " سیفاتی شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا ئەوەیە كە خێرایی بڵاوبوونەوەی لەسەدا 60 لە شەپۆلی دووەمی ئەلفای بەریتانی زیاترە و لەسەدا 100یش لە ڤایرۆسە ئەسڵییەكە خێراتر بڵاو دەبێتەوە".

"نیشانەكانی وەكوو نیشانەی نەخۆشیی هەڵامەتی ئاساییە: ئاو بە لووتدا دێتە خوارەوە، پژمە، چاوسووربوونەوە و چاوخوران، قوڕگخوران، سەرئێشە و گیانئێشە، جاروبار سكچوون، گوێ‌ كپ بوون".

هاوكات ئەو دكتۆرە پێی وایە مەترسیی ئەم جۆرە نوێیەی كۆرۆنا بۆ سەر ئەو كەسانەیە كە "ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، كە لەسەدا 95ی خەڵكی كوردستان دەكات". لەو ڕووەشەوە ڕ‌خنەی لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق گرت كە كەمترین بڕی ڤاكسینیان بۆ هاووڵاتیانیان دابین كردووە.

لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستیش لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، كاردانەوە بەرانبەر هەڵكشانی قوربانیانی كۆرۆنا نیشان دراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان، لە نووسراوێكدا بۆ ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ئیدارەی گەرمیان، دەڵێت "لە دوای جەژنی قوربان، ڕێژەی تووشبوون بە كڤید ١٩ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە هەڵكشاندایە، لەبەر پاراستنی تەندروستیی گشتی، ئێمە پێشنیازی قەدەغەی نیمچەیی هاتوچۆ دەكەین لە كاتژمێر (٨)ی شەو بۆ (٦)ی بەیانی بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ، ڕێگەپێدان تەنها بۆ لایەنی ئەمنی و تیمی تەندروستی و جووڵەی بارهەڵگری بازرگان و كشتوكاڵی هەبێت".

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانییش داوا لە هاووڵاتیان دەكات "بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پابەند بن بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان. هەوڵ بدەن بەركەوتن كەم بكەنەوە و لە كاتی بوونی نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستبەجێ سەردانی كلینیكی ڕاوێژكاری شەهید تاهیر عەلی كلینیكی ڕاوێژكاریی شەهید د. هێمن بكەن".

"داواكارین لە هاووڵاتیان ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بكەن: 1: بەكارهێنانی ڤاكسین لەو جۆرانەی كە بەردەستە. 2: بەكارهێنانی دەستكێش و بەستنی ماسك. 3: خۆبەدوورگرتن لە تووشبووان و ئەو هاووڵاتیانەی گومانی ئەوەیان لێ دەكرێت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بن. 4: گرنگیدان بە دەستشتن و پاكوخاوێنی و خواردنی خۆراكی تەندروست. 5: مانەوە لە ماڵەوە و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵغی"، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی وا دەڵێت.

هەرچی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێریشە جەخت لەوە دەكاتەوە كە "ئێستا دۆخەكە مەترسیدارە" و داوا لە هاووڵاتیان دەكات "ڕێنماییەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەین".