كۆسرەت ڕەسوڵ: ڕێككەوتنی نهێنیم ئەنجام نەداوە بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی یەكێتی

19-02-2020 08:15
كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی


پەرەگراف

كۆسرەت ڕەسوڵ ڕەتی دەكاتەوە هیچ ڕێككەوتنێكی نهێنی ئەنجام دابێت لەبارەی هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی یەكێتی، بەڵام هەڵوێستی خۆی ئاشكرا ناكات لەبارەی هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆك.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی، دەڵێت "‎لە دوێنێوە دەنگۆیەك بڵاوبۆتەوە گوایە هەڤاڵ كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكی ئەنجامی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی ڕەزامەندبووە و ڕێككەوتنی نهێنی لەژوورە تاریكەكان ئەنجامداوە بۆ هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆك بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان".

"‎لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە جەنابی كاك كۆسرەت هیچ ڕێككەوتنێكی نهێنی ئەنجام نەداوە و هەمیشە لەگەڵ تەبایی و یەكڕیزی نێوان هەڤاڵانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو ڕای وایە ئەمڕۆو ئایندەی یەكێتی پێویستی بە هەموو هەڤاڵانەو دەبێ هەموو پێكەوە كاربكەن بۆ سەرخستنی یەكێتی و خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كوردستان" ‎نووسینگەی ڕۆژنامەوانی ‎كۆسرەت ڕەسوڵ وادەڵێت.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هەڵوێستی كۆسرەت ڕەسوڵ‌و ڕازی بوون یاخود ڕەزامەند نەبوونی ناوبراو ئاشكرا نەكراوە لەبارەی هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكانی یەكێتی.

دوێنێ سەركردایەتی یەكێتی هاوسەرۆكانی حیزبەكەی هەڵبژارد، ئەوە لەكاتێكدایە سیستمی هاوسەرۆكایەتیی ناڕەزایی لەناوخۆی یەكێتی دروست كردووە، پێشتر پەرەگراف زانیاریی وردی ئاشكرا كرد لە بارەی ململانێی باڵەكانی یەكێتی‌و بۆچوونە جیاوازەكانیان.

لە چوارچێوەی ناڕەزاییەكاندا، هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بە واژۆی كۆسرەت ڕەسوڵ نامەیەكی ئاڕاستەی سەركردایەتی یەكێتی كرد كە 3 بڕیاری لەخۆ گرتبوو، بەڵام سەركردایەتی پابەندی بڕیارەكان نەبووە كە لە یەكەمیاندا داوای هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی كرا بوو.

"تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن، بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەكان، مەترسی لەسەر هاوسەنگی ڕیزەكانمان هەیە، بۆیە پێش بەكاڵاكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیكی وەرناگرێت" بڕیاری دووەمی نامەكەی كۆسرەت ڕەسووڵ وا دەڵێت.

لە بڕیاری سێیەمیشدا بە پێویست زانراوە كۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ گفتوگۆی چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان و بۆچوونە جیاوازەكان بكرێت، "پاش ئەم كۆبوونەوەیە و لێكتێگەیشتن، بڕیاربدرێ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بەردەوام بێت. داوامان وایە لە هەموو بارێكەوە دۆخی یەكێتی وردتر لێكبدەنەوە و تەواوی ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرن".

گۆڕینی سیستمی یەكێتی بۆ هاوسەرۆكیی، وایكرد بەرهەم ساڵح ناڕازیی بێت‌و دووربكەوێتەوە لە وەرگرتنی پۆستی یەكەمی یەكێتی، لە كاتێكدا لە دوای كۆنگرەی ئەو حیزبە چاوەكان لەسەر ناوبراو بوون‌و كاندیدی بەهێز بوو بۆ سەرۆكی ئەو حیزبە، دوای بەرهەم ساڵح چەند سەركردەیەكی دیكەی نزیك لە ناوبراو و ئاڕاستەی كۆسرەت ڕەسوڵیش ناڕەزاییان لە هەنگاوەكانی سەركردایەتی پیشانداو بایكۆتی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتییان كرد.