پەرەگراف
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاو مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لە واشنتن کۆبوونەوە، بایدن تەئکیدی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ عێراق کردەوە لە ھاوکاریی سەربازی و مەشق و ڕاھێنان بە ھێزە عێراقییەکان و وتی: ئەرکی جەنگیی لە عێراق ئەنجام نادەین و ناچینە ھیچ شەڕێکەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا ھاوکاریی دەکەن و ٥٠٠ ھەزار ژەم ڤاکسین بۆ عێراق دەنێرن، بایدن خواستی وڵاتەکەی پیشاندا کە دەیانەوێت ھەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەرانە لە عێراق لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
بڕیارە لە ١٠-١٠ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام ھێشتا دەنگۆی دواخستنی ھەڵبژاردنەکە ھەیە بەتایبەت دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە پڕۆسەکە کشایەوە.
لە بەرامبەردا کازمی سوپاسی سەرۆک و گەلی ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان و پەیوەندییەکانی بەغداد و واشنتنی بە ستراتیژی ناوبردو وتی "پەیوەندییەکانمان ئەمڕۆ لە ھەمووکات بەھێزترە".
کازمی جارێکی دیکە سوپاسی یارمەتییەکانی ئەمریکای کرد بۆ لەناوبردنی داعش.