لە تونس چی ڕوو دەدات؛ كودەتا یاخود شۆڕش؟

26-07-2021 11:33

پەرەگراف

درەنگانێكی شەوی یەكشەممە، قەیس سەعید، سەرۆكی تونس، پەنا بۆ ماددەی 80ی دەستوور دەبات، حكومەت هەڵوەدەشێنێتەوە و پەرلەمان سڕ دەكات، ئەوەش لە هەنگاوێكی نائاساییدا كە لایەنگرانی بە شۆڕش ناوی دەبەن، نەیارانی سەرۆكیش دەڵێن كودەتایە و لە شەقام ڕووبەڕووی دەبنەوە.

سەرۆكی تونس لە بەیاننامەیەكدا ڕوونی كردووەتەوە، دەستووری بەكار هێناوە بۆ لەكارخستنی هیشام مەشیشیی سەرۆكوەزیران و سڕكردنی پەرلەمان بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، ئاماژەی بەوەش كردووە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی نوێ حوكمی وڵات دەكەن.

ئێستا لە تونس دۆخەكە نادیارە، قەیس سەعید هەموو دەسەڵاتی جێبەجێكردنی خستووەتە ژێر دەستی خۆی، بزوتنەوەی نەهزەش بە تەواوی بڕیارەكانی ڕەت دەكاتەوە.

یەكێكی دیكە لەو بڕیارانەی زۆرترین دەنگدانەوەی هەبووە، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران و گرتنە دەستی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی داواكاری گشتییە كە دەتوانێت دۆسیە لەسەر چەندین كەس بجووڵێنێت كە تۆمەتباربن لە دۆسییەكی دیاریكراودا.

هەمووان چاوەڕوانی هەنگاو و ڕێكارەكانی دواتری سەرۆكن، چونكە پێشتر چەند جارێك ئاماژەی بەوە كردووە كە دەیەوێت گۆڕانكاری لە سیستمی حوكمڕانیدا بكات و بیگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی.

حسێن بوشینە، چالاكی مافەكانی مرۆڤ، پێی وایە بڕیارەكانی سەرۆكی تونس پشت بەدەستوور نابەستێت، چونكە ماددەی 80 جەخت لەسەر مانەوەی پەرلەمان دەكاتەوە، بە تایبەت ئەگەر لە حاڵەتی چالاكی و ئەنجامدانی دانیشتنەكانیدا بێت. ئەو چالاكە هەنگاوەكەی سەعید بە دژی حوكمی دیموكراسی دادەنێت.

"تونسییەكان دژی حوكمی تاكڕەوی دەوەستنەوە، حوكمی تاكڕەوی مەترسییە بۆ سەر هەموو كەرتەكان"، بوشینە وا دەڵێت.

لە بەرانبەردا ڕەوعە ساڵحی، مامۆستای یاسای دەستووری، هەنگاوەكەی سەرۆكی تونس بە لەپێشینە وەسف دەكات و دەڵێت "لە ڕووی دەستوورییەوە دەبێت"، بە تایبەت كە سەرۆك پەرلەمانی سڕ كردووە نەك هەڵیوەشاندبێتەوە. دەشڵێت كە سڕكردنی پەرلەمان دژی ئەوە نییە كە لە حاڵەتی بەستنی دانیشتنەكانیدا بێت.

ماددەی 80 چی لەخۆ گرتووە؟

ماددەی 80 كە لە دەستووری تونسدا بە وەرزی 80 ناو دەبرێت، تایبەتە بە دەسەڵاتەكانی سەرۆككۆمار.

ماددەكە دەڵێت "سەرۆككۆمار لە حاڵەتی هەبوونی مەترسی لەسەر نیشتمان، یاخود ئاسایشی وڵات و سەربەخۆیی، كە كاریگەریی لەسەر كاروباری ئاسایی فەرمانگەكانی دەوڵەت دروست بكات، دەتوانێت ڕێكاری تایبەت بەو حاڵەتە بگرێتە بەر، ئەوەش بە ڕاوێژكردن لەگەڵ سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل، هەروەها ئاگاداركردنەوەی سەرۆكی دەسەڵاتی دەستووری، ئەو ڕێكارانەش لە بەیاننامەیەكدا بۆ گەڵ ڕوون دەكرێتەوە".

دەبێت ئەو ڕێكارانە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی وڵات بێت لە نزیكترین كاتدا، پەرلەمانیش لەو كاتەدا لە ئەنجامدانی دانیشتنەكانی بەردەوام بێت. سەرۆككۆمار ناتوانێت ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبوەشینێتەوە، ناشتوانێت حكومەت خەتابار بكات.

دوای 30 ڕۆژ لەو ڕێكارانە، دادگای دەستووری دەتوانێت لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل، یاخود 30 ئەندامی ئەنجومەنەكە، ڕێكارەكان درێژ بكەنەوە، یاخود دۆخەكە ئاسایی بێتەوە.

بەڵام بۆ ئەم دۆخەی ئێستا، ڕاشید غەنوشی، سەرۆكی پەرلەمان، ڕەتی كردەوە هیچ ڕاوێژێكی پێ كرابێت بۆ كاراكردنی ماددەی 80 و دەڵێت "هەرچی لەوە زیاتر بڵێت، درۆ دەكات". ئەوەش لە بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە كە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بڵاو كرایەوە.

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە غەنوشی گەیشتە بینای پەرلەمان، بەو نیازەی دانیشتنێك ئەنجام بدات كە سنوورێك بۆ سەرۆكی وڵات دابنێت، بەڵام ئەو هێزەی لە دەرەوەی بیناكە جێگیر كرابوو، ڕێگرییان لێ كرد بچێتە ژوورەوە.

لەبارەی دۆخ و چارەنووسی هیشام مەشیشیی سەرۆكوەزیران، سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرای كردووە، ئێوارەی یەكشەممە بانگراوە بۆ كۆشكی كۆماری لە قەرتاج، دواتر پەیوەندی لەگەڵیدا بڕاوە و پێشبینی دەكرێت دەستبەسەر كرابێت.

لە بەرانبەردا ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكوەزیران و دوو سەرچاوەی دیكەی ئاسایشەوە، ڕایگەیاندووە "مەشیشی لە ماڵەكەیدایە و دەستگیر نەكراوە".

ئەوەی پەیوەندیی بە دادگای دەستوورییەوە هەیە كە لە ماددەی 80دا باس كراوە، تا ئێستا پێكنەهاتووە، مانگی نیسانی ڕابردووش سەعید ڕایگەیاند پەرلەمان ئەو ماوەیەی تێپەڕاندووە كە تێیدا دەبوو دادگاكە دروستكرایە.

هەنگاوەكەی سەرۆكی تونس دوای ڕۆژێك هات لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان دژی حكومەت و حیزبی نەهزەی ئیسلامی، كە بە گەورەترین حیزبی پەرلەمان دادەنرێت، هۆكاری ئەو ناڕەزاییانەش هەڵكشانێكی زۆری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لەو وڵاتەكە، كە گرفتی سیاسی و قەیرانی ئابووریی دروست كردووە.

ڕەوعە ساڵحی پێی وایە بڕیارەكانی قەیس سەعید هەڕەشە نییە بۆ سەر دیموكراسی و دەڵێت "سەرۆك دڵنیابووەتەوە لەوەی ئەو ناڕەزاییەتیانەی لە شەقام سەری هاڵداوە، بووەتە مەترسییەك، بۆیە ئەوە هەنگاوانەی ناوە".

حسێن بوشینە پێی وایە كێشەكە لە دەستوور و یاسادا نییە، بەڵكو شكستی چینە سیاسییەكە و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانە، سەرۆكیش ناتوانێت گەلی تونس كۆبكاتەوە.

قەیس سەعید، سەرۆكی تونس، لە كاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە وڵاتدا، باسی لەوە كرد كە بە یارمەتیی سەرۆكوەزیرانێك كە خۆی دایدەنێت، كاروبارەكان بەڕێوە دەبات، چەند بڕیارێكی دیكەش لەوبارەیەوە دەردەكات "بەپێی دەستوور تا پلەبەندیی كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەووە بۆ تونس و وڵات و كۆمەڵگە ڕزگار بكەن".