لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم ژمارەیەك ڕێكار و بڕیاری نوێی ڕاگەیاند

27-07-2021 03:16

پەرەگراف

پاش هەڵكشانی ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا و تەشەنەسەندنی جۆری نوێی ڤایرۆسەكە لە هەرێم كە بە خێراییەكی زۆر بڵاو دەبێتەوە، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم ژمارەیەك ڕێكاری نوێی ڕاگەیاند. ڕێكارەكان بۆ ماوەی هەفتەیەكن و دواتر لیژنەكە بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخەكە بڕیاری نوێ‌ دەردەكات.

بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا:

1- شوێنی ئایینی، بازاڕ، مۆڵ، دووكاندار، شوێنە گەشتیارییەكان، چێشتخانە، كافتریا، هۆتێل و مۆتێلەكان، كارمەندەكانیان ڤاكسین بەكار بهێنن یان تێستی 72 كاتژمێرییان پێ‌ بێت. لیژنەكانی سەر بە قائیمقامیەت و ژووی ئۆپەراسیۆنی پارێزگاكان بەدواداچوونی تەواو دەكەن، هەر كەس و شوێنێك پابەندی ڕێنماییەكە نەبێت، دەست بە جێ‌ شوێنەكەی دادەخرێت.

2- پێویستە هەموو فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم ڤاكسین وەربگرن و بە ماسكەوە دەوام بكەن، هەر فەرمانبەرێك ڕێكارەكان جێبەجێ‌ نەكات، بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونیش، هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان لە گشت دامودەزگاكانی حكومەت دەكات.

3- ڕێگە نادرێت بە هیچ گەشتیارێك بێتە ناو هەرێمی كوردستان، ئەگەر ڤاكسینی وەرنەگرتبێت، یان تێستی 48 كاتژمێری پێ‌ نەبێت.

4- هەر كۆمپانیایەكی گەشتیاری دەركەوت كە تێستی ساختەی پێیە، ئەوا ئەو كۆمپانیا لە گەشتكردن بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت و دەچێتە لیسی ڕەشەوە.

5- سەپاندنی بەستنی ماسك لە دامودەزگاكانی حكومەت و شوێنە گشتی و گەشتیارییەكان، تەنانەت بۆ ئەوانەش كە ڤاكسینیان وەرگرتووە.

6- قەدەغەكردنی بە تەواوەتی هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆنفرانس و چوونە سەرقەبران، هەر لایەنێك پابەندی ئەم ڕێكارە نەبێت، بەپێی یاسا و پێبژاردن سزا دەدرێت، كە لە دوایین بەیانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی پێ‌ كراوە.

7- مەلەوانگە و شوێنە وەرزشییەكان كراوە دەبن، بە مەرجێك ڕێكارە تەندروستییەكان جێبەجێ‌ بكرێت.

8- هۆڵی سینەماكان لە گشت مۆڵ و بازاڕەكان بە داخراوی دەمێننەوە.

9- داخستنی تەواوی هۆڵی بۆنە و ئاهەنگ و مەراسیمەكانی ناو هۆتێلەكان.

10- دانانی پرسە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە، هەر كەسێك پابەند نەبێت، ڕێكار بەرانبەری دەگیرێتە بەر.

11- شوێنە ئایینییەكان بە جێبەجێكردنی ڕێكارە تەندروستییەكان، كراوە دەبن، هەر شوێنێك پابەند نەبێت، ئەوا سزا دەدرێت و دادەخرێت.

12- ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، دەبێت ئەم ڕێكارانە وەكوو خۆیان جێبەجێ‌ بكەن، دەسەڵاتیشیان پێ‌ دەدرێت ئەگەر پێویست بێت لە هەر شوێنێك ڕێكارەكان توندتر بكرێن.

13- لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا داوا لە دەزگا میدیاییەكان دەكات هاوكار بن لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتانەی كە لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمەوە بۆیان دەنێردرێت.

14- ئەم ڕێكارانە بۆ ماوەی هەفتەیەك دەبێت، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوی كۆرۆنا لە ڕۆژی 3-8-2021 جارێكی دیكە كۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پرسە دەكات.