قائانی لە سەردانە نهێنییەكەیدا بۆ عێراق چ پەیامێكی پێبووە؟

28-07-2021 07:33

پەرەگراف

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە سەردانێكی نهێنی لە عێراقە، لەگەڵ گروپە چەكدارەكان كۆبووەتەوە، ئەوەش دوای دیدارەكەی كازمی و بایدن لە واشنتۆن و ڕاگەیاندنەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەوەی كە ئەركە جەنگییەكانی سوپای ئەمریكا گۆڕاوە بە ئەركێكی ڕاوێژكاریی.

سەردانەكەی قائانی دوای كۆتایهاتنی گەڕەی چوارەم و كۆتایی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریكا و عێراق هات، كە ڕۆژی دووشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایانگەیاند.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراق دەڵێت "بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ئیسماعیل قائانی سەركردەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران چووەتە نەجەف، یەكەم كۆبونەوەی لەگەڵ سەركردەی میلیشیا چەكدارەكان بووە، هەریەك لە قەیس خەزعەلی سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەبو ئالا وەلائی سەركردەی كەتائیبی سەید شوهەدا، نوێنەری ڕێكخراوی بەدر و سەریا خوراسانی‌و كەتیبەكانی حزبوڵا ئامادەی بوون".

"ئەنجامی گفتوگۆكە چەند بابەتێك بووە دیارترینیان: وەستاندنی هێرشی سەر دامەزراوە بیانییەكان و نوێنەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، فشارخستنەسەر حكومەت و لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی دروستكردنی لیژنەیەك بۆ چاودێریكردنی ئەمریكا، هەروەها جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی نێوان كازمی و بایدن، داواكردنی بەڵێننامەیەك لە حكومەت لەبارەی جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی لە ڕێكەوتنەكەی هەردوولادا هاتووە" سەرچاوەكە وادەڵێت.

سەرچاوە ئەمنییەكە دەشڵێت "ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە قائانی چووەتە بەغداد، كۆمەڵێك كۆبونەوەی لەگەڵ سەركردەی گروپە چەكدارەكان ئەنجامداوە لەوانە، ئەبو فەدك مەحمەداوی سەرۆكی دەستەی ئەركانی حەشدی شەعبی، دواتر لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر باسی دۆسیەی هەڵبژاردنەكان و جوڵە سیاسییەكانی كردووە".

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، ئیسماعیل قائانی دوای بەغداد سەردانی دیمەشق دەكات و لەوێش چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دەدات.

قائانی بەردەوام بەشێوەیەكی نافەرمی دەهاتە خاكی عێراق و سەردانی بەغدادی دەكرد، هاوشێوەی بەرپرسانی دیكە، بەڵام كاتێك مستەفا كازمی بووە سەرۆكوەزیران ئەوە هاتووچۆیەی ڕەتكردەوە، بۆیە بەرپرسانی ئێران ناچاربوون بۆ سەردانەكانیان ڤیزە وەربگرن.

میلیشیاكان ڕێكەوتننامەكە ڕەتدەكەنەوە

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لەكۆتایی ساڵدا "ئەركە جەنگییەكان" كۆتاییان دێت‌و "قۆناغێكی نوێ" لە هاوكاری سەربازی لەگەڵ عێراق دەستپێدەكات.

بایدن لەكاتی پێشوازیكردن لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆشكی سپی وتی "لەكۆتایی ئەمساڵدا ئەركی جەنگیمان نامێنێت" لە عێراق، بەڵام "هاوكارییەكانمان دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت، تەنانەت لەم قۆناغە نوێیەشدا كە باسی دەكەین".

لەڕووی سیاسییەوە پێشوازییەكی گەرم لە ئەنجامەكانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغداد و واشنتۆن كرا، بەڵام میلیشیا چەكدارەكان ئەوەیان ڕەتكردۆتەوە، لە چەند لێدوانێكی سەركردەكانیاندا هاتووە، تا دڵنیا نەبن لە كشانەوە هێرشەكانیان بەردەوام دەبێت.

پێش بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی كۆتایی لەبارەی كۆتایی هاتنی ئەركە جەنگییەكان، چەند زانیارییەك لەزاری لایەنە چەكدارەكانەوە بڵاوكرایەوە كە پێیانوایە ئەو بڕیارە پلانێكی ئەمریكایە بۆ ئەوەی كاتێكی زیاتری هەبێت و ماوەیەكی زۆرتر هێزەكانی لە عێراق بهێڵێتەوە.

نەسر شمەری جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبا كە لایەنێكی حەشدە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا بەتەواویی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ڕەتدەكاتەوە، هەڕەشەی ئەوەش دەكات "بە ئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت تەنانەت دوای گۆڕینی ناونیشانەكەشیان".

ئەو لایەنانە فشارێكی زیاتریان بۆ سەر حكومەتەكەی كازمی دروستكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كابینەكەی ڕوبەڕوی گرفتێكی زۆر بووەتەوە لەڕووی ئابوری و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانەوە.

سنوری ئاسمانیی كێشەیەكی دیكەی میلیشیاكان

میلیشیا چەكدارەكان بە چاوێكی گوماناوییەوە سەیری ڕێكەوتننامەی عێراق و ئەمریكا دەكەن، پرسیار لەبارەی سروشتی مانەوەی ئەمریكا و ژمارەی ئەو هێزانە دەكەن كە ماونەتەوە.

شانەی ڕاگەیاندنەكەیان كە بە "شانەی سوپای پاسداران" ناسراوە، هەڵمەتێكی فراوانیان دەستپێكردەوە كە جەخت لە ئامادەیی هێزە سەربازییەكانی عێراق دەكەنەوە كە گوایە پێویستیان بە هیچ هێزێكی ڕۆژئاوایی نییە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان.

یەكێك لە گرفتەكان ئەوەیە، ئەگەر ئەمریكا بكشێتەوە، عێراق ناتوانێت پارێزگاری لە سنورە ئاسمانییەكەی بكات، چونكە سیستمێكی پێشكەوتووی بەرگریی نییە، بۆیە دەبێت لەوبوارەدا پشت بە ئەمریكا ببەستێت، بەڵام میلیشیا چەكدارەكان ئەوە ڕەتكدەنەوە، چونكە لەوكاتەدا فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئەمریكا دەتوانن بە ئازادی بسوڕێنەوە‌و سنوری ئاسمانیی وڵات كۆنتڕۆڵ بكەن بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

لە كۆبنەوەكەی ڕۆژی سێشەممەی قائانی لە نەجەف، ئەو بابەتە بە گەرمی باسكراوە، سەركردەكەی فەیلەقی قودس پلانێكی ڕوونی بۆ دۆسیەی ئاسمانی داناوە، لیژنەیەكیشی پێكهێناوە بۆ چاودێریكردنی كارەكانی كشانەوەی ئەمریكا.