پەكەكە: چەند هەڤاڵێكمان لەلایەن پەدەكەوە گەمارۆ دراون و شەهید كراون

29-07-2021 12:28
چەند گەریلایەكی پەكەكە لە قەندیل. وێنە؛ ڕێبەر نەجم/پەرەگراف

پەرەگراف

پەكەكە كوژرانی ژمارەیەك گەریلای لەلایەن پارتییەوە ڕاگەیاند كە دەڵێت "لە خەلیفان گەمارۆیان داون و هێرشیان كردوونەتە سەر". لەوبارەیەشەوە داوای " زانیاریی متمانەپێكراو" لە پارتی دەكات بەر لەوەی "سنووری ئارامیمان تێپەڕێت".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "گرووپێكی بچووكی گەریلا لە چوارچێوەی ئەركەكانیاندا ویستوویانە لە شوێنێكەوە بچن بۆ شوێنێكی دیكە، پاش ئەوەی كە گەیشتوونەتە ناوچەی خەلیفان، لە ڕۆژی ٢٦ی تەمووزەوە پەیوەندییان پچڕاوە".

هەپەگە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی كە لە خەڵكی ناوچەكە وەری گرتوون، دەڵێت "هێزێكی پەدەكە ئەو گرووپەمانیان گەمارۆ داوە و هێرشیان كردوونەتە سەر، كە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەند هەڤاڵێكمان شەهید بوون. بەپێی زانیارییەكانی خەڵكی ناوچەكە، هێزەكانی پەدەكە لەو شوێنەدا بڵاو بوونەتەوە و ڕێگە بە هاتووچۆی هیچ كەسێك نادەن".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاماژەی بەوەش كردووە كە "پەدەكە ڕاگەیاندنەكانی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە كە لە ناوچەی خەلیفان پێكدادانێك هاتووەتە ئاراوە‌".

"سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هەڤاڵانەمان نیگەرانیی خۆمان ڕادەگەیەنین و دەڵێین: كە هیچ واتایەك لەو كردەوەیەدا نابینین، ئەم كردەوانە قبووڵ ناكەین، ئەم هەڵوێستە هەر وەكو بە ڕوونی دیارە، تەنیا خزمەت بە دووژمنەكانی گەلی كورد دەكات".

هەپەگە هۆشداریی داوەتە پارتی و دەڵێت "پێش ئەوەی سنووری ئارامیمان تێپەڕێت‌، چاوەڕێ دەكەین كە پەدەكە لە زووتریین كاتدا و بێ ئەوەی كە زانیارییەكان پێچەوانە بكاتەوە، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هەڤاڵانە، زانیاریی متمانەپێكراو بڵاو بكاتەوە".

هەروەها هێزەكانی پاراستنی گەل بانگەوازی لە "گەلی كورد" كردووە، سەبارەت بەم هێرشە كە "بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلەكەمانی كرووەتە ئامانج، هۆشیار بن و داوا لە هەموو لایەنە سیاسییە پەیوەندییدارەكان دەكەین كە لەپێناو ئەركە نەتەوەییەكانیاندا هەست بە بەرپرسیارێتیی بكەن".