ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە ئێران‌و گیان لە دەست دانی دوو كەس ڕاگەیەندرا

19-02-2020 10:12
كۆرۆنا لە چین سەری هەڵداو گەشەی كرد، دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە


پەرەگراف

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان بەردەوامەو بەرپرسانی ئێران دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسەیان لە وڵاتەكەیان ڕاگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی بەو ڤایرۆسە مردوون دوو هەزار كەسی تێپەڕاندووەو تەنها 6 كەسیان لە دەرەوەی چین بوون.

نوێترین حاڵەتی مردن بەو ڤایرۆسە لە دەرەوەی چین، ئەمڕۆ لە ئێران ڕاگەیەندرا، د. محەمەد ڕەزا قودیر، سەرۆكی زانكۆی زانستی پزیشكیی قوم، پشتڕاستی كردەوە كە "دوو كەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری قوم گیانیان لەدەست داوە".

ماڵپەڕی ئیرنای ئێرانی لە زاری سەرۆكی زانكۆی زانستی پزیشكیی قوم بڵاوی كردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاودێریی ژمارەیەك نەخۆشیان كردووە كە كێشەی هەناسەدانیان هەبووە، "لەوانە دوو كەسیان گیانیان لەدەست داوە كە پشكنینە سەرەتاییەكان دەریان خست تووشبووی كۆرۆنان".

"بڕیار وا بووە ئێمە لەگەڵ خەڵكی خۆمان ڕاستگۆ بین. هەر لە سەرەتای ئاشكرابوونی ئەنجامی پشكنینەكان، ڕاستییەكەمان بۆ خەڵك ئاشكرا كردووە" د. محەمەد ڕەزا قودیر وا دەڵێت، داواش لە هاووڵاتییان دەكات كە ڕێكارە سەرەتاییەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە بگرنە بەر، لەوانە؛ شتنی دەست و دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، ئاماژەی بەوەش كردووە "پۆشینی دەمامك بۆ ئەو كەسانەی كە تووشبوونی ڤایرۆسەكە نین، پێویست نییە".

تا ئێستا ناسنامەی ئەو دوو كەسە ئاشكرا نەكراوە، وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت "كەسانی نزیكیان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە"، لە شاری قومیش ڕێكاری تەندروستیی ورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتە بەر.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی چین و وڵاتانی دیكەی جیهان لە تەشەنەسەندندایە و بەپێی نوێترین ئامار لە سەرتاسەری جیهان زیاتر لە دوو هەزار كەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە. لەوانەش‌ دوو هەزار و پێنج كەسیان لە چین، دوو كەس لە هەرێمی هۆنگ كۆنگ‌، لە فەڕەنسا و ژاپۆن و فلیپین و تایوانیش یەكی یەك كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین گەیشتووەتە 74 هەزار و 185 كەس و لە 25 وڵاتی دیكەش ڤایرۆسەكە بڵاو بووەتەوە كە زۆرترین حاڵەتی تووشبوون لە دوای چین لە وڵاتی یابانە و 614 حاڵەتە.

ڤایرۆسەكە لە عێراق‌و كوردستان تۆمار نەكراوە، بەڵام ڕێوشوێنی تووند گیراوەتەبەر بەتایبەت لە فڕۆكەخانەو خاڵە سنورییەكان، ڕێگە بە خەڵكی چین نادرێت بێنە خاكی عێراق‌و ئەو عێراقییانەشی لە چینەوە دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی 2 هەفتە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە، لەبەرئەوەی هەندێكجار نیشانەكانی ڤایرۆسەكە 10 ڕۆژ تا 2 هەفتەی دەوێت تا لە كەسی تووشبوودا دەربكەون.

حكومەتی هەرێم داوای لە خەڵك كردووە گەشت بۆ چین نەكەن، لە شارەكانی هەرێم ژووری عەمەلیات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا پێكهێنرا‌وەو داوا لە خەڵك كراوە خۆیان بەدوور بگرن لە ڕاوكردن ‌و دەستلێدان لە ئاژەڵ ‌و باڵندەی كێوی.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە، ئەوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپاراستن لێی

كۆرۆنا گرووپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤدا دەستنیشانكراوە. هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیارییەكان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەتایبەت لە چین، دەركەوتووە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.

نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، كە پێكدێن لە سەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، كۆكە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز، كە هەموو كات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێكجار هۆكاردەبێت بۆ هەوكردنی سییەكان و لوولەكانی هەوا، ڕەنگە تووشبووەكە بكوژێت.

ئەم ڤایرۆسە ساڵی 2002 لە چین بڵاوبوویەوەو لە مرۆڤدا دەستنیشانكرا، گوازرایەوە بۆ 25 وڵات، 8000 كەسی نەخۆش خست و زیاتر لە 700 كەسی كوشت، ڤایرۆسەكە جارێكی دیكە لە ساڵی 2012 سەری هەڵدایەو لە چەند وڵاتێك بڵاو بووەوەو نزیكەی 800 كەسی كوشت.

خۆپاراستن

پزیشكانی پسپۆڕ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەن كە خۆیان بە دوور بگرن لە تەوقە كردن بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبو بە ئەنفلۆنزا‌و دەبێت دوای تەوقەكردن دەست بشۆردرێت‌و نابێت دەست ببرێت بۆ چاو و لوت‌و دەم بەبێ دەست شتن، هاوكات بەردەوام بەرلە دەست بردن بۆ ئەو ئەندامانەو خواردنی خواردن، دەست بشۆردرێت.

هەروەها نە مانەوە لە شوێنی قەرەباڵخ‌و داخراو، چونكە لەو شوێنانە ئەگەری توشبون‌و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە هەیەو بەهۆی پژمین‌و كۆكەو هەناسەی كەسێكی توشبووەوە كەسانی دیكەش توش دەبن، پزیشكان ڕێنمایی ئەوەش دەدەن كە خەڵك ماسك بەكاربهێنێت.

ئەو كەسانەی نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسەو ڕەبۆو نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە زیاتر مەترسی توشبونی ڤایرۆسەكەو كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە.

كەسانی توشبو دەبێت داببڕێن لە كۆمەڵگەو لە ژێر چاودێریی تیمی تەندروستیی تایبەتدا دەبن.