فەرمانی دەستگیركردن بۆ میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەرچوو

29-07-2021 03:40

پەرەگراف

دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لە سلێمانی، بڕیاریدا بە دەستگیركردنی د.میران محەمەد عەباس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی تەندروستیی سلێمانی.

فەرمانەكە بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاكی دەركراوە، بەتۆمەتی "تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەك و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران، كە شیاوی خەرجكردن نەبووە و چەكی بازاڕ بووە، كە بەنیوە قیمەت یان كەمتر لە قیمەتی خۆی كڕدراوەتەوە و دواتر بە نەقدی (نەختینە) خەرجكراوە، بە پشتگیریی تۆمەتباری ناوبراو".

میدیای فەرمیی یەكێتی كە هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە دەڵێت "بەپێی یاسا، ئەم كارە بەتاوان هەژماردەكرێت و بەكارهێنانی دەسەڵات و پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی (كسب غیر مشروع)".