لە دۆسیەی براكانی لاهور شێخ جەنگیدا؛ ئەفسەرێكی ئاسایش لە سلێمانی دەستگیر كرا

29-07-2021 03:54

پەرەگراف

لە دۆسیەی ئەو سكاڵایەی لەسەر براكانی لاهور شێخ جەنگی‌و دوو كەسی دیكە لەلایەن بازرگانێكەوە تۆمار كراوە، یەكێكە لەو تۆمەتبارانە كە ئەفسەرێكی ئاسایشی سلێمانییە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستگیر كرا، سەرچاوەیەكی باڵا بە پەرەگرافی وت.

سكاڵاكە لەلایەن بازرگانێكەوە لەسەر دوو برای لاهور شێخ جەنگی‌و كوڕی سەرمایەدارێكی دیاری سلێمانی‌و ئەفسەرێكی ئاسایش تۆمار كراوەو دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەرچواریان دەركردووە، ئەمڕۆ لە یەكەم هەنگاوی خستنەبواری جێبەجێكردندا ئەفسەرەكەی ئاسایش دەستگیر كرا.

سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف دەڵێت "ئەفسەرەكە پلەی ڕائیدە لە ئاسایش، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستگیر كرا".

لەو دۆسیەیەدا تائێستا تەنها چوار تۆمەتبار ناویان هاتووە، سەرچاوەكە وتی "سێ تۆمەتبارەكەی دیكەش لە سلێمانین، بەڵام هێشتا دەستگیر نەكراون".

ئەو سكاڵایەی لەسەریان تۆمار كراوە بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە بە تۆمەتی "ڕفاندن‌و بەزۆر لێسەندنی موڵك‌و ماڵ"، ئەو كەسەی سكاڵاكەی تۆمار كردووە دواتر سكاڵاكەی كێشاوەتەوە(تەنەزولی كردووە)، بەڵام ئێستا دەڵێت "ئەوكات لەژێر فشارو هەڕەشەدا سكاڵاكەی كێشاوەتەوە، هەربۆیە ئێستا دادوەر لێی وەرگرتووەتەوەو فەرمانی پێ دەركراوە".

سەرچاوەكەی پەرەگراف زانیاریی زیاتری لەبارەی دۆسیەكەوە ئاشكرا كرد و وتی "ئەو كەسە ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژ ڕفێندراوەو لەو ماوەیەدا هیچ ئەوراقێكی نییەو دۆسیەی یاسایی نەبووە، سكاڵاكار دەڵێت ئەو تۆمەتبارانە ڕفاندوویانەو دواتر لە ژێر فشارو هەڕەشەدا موڵك‌و ماڵەكەییان داگیركردووەو كردویانە بەناوی خۆیانەوە"، سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگاداریش ئەم زانیارییەی پشتڕاست كردەوە كە سكاڵاكە لەسەر ئەم بابەتەیە.

لەبارەی دەستگیركردنی سێ تۆمەتبارەكەی دیكەی دۆسیەكە (دووبراكەی لاهور شێخ جەنگی‌و كوڕی سەرمایەدارەكە) سەرچاوەكە وتی "هێشتا ئەوان دەستگیر نەكراون، بەڵام دۆسیەكە یاساییەو هەر دەبێت ئیجرائات بكرێت‌و بڕیاری دادوەر جێبەجێ بكرێت".

دەستگیركردنی ئەو ئەفسەرەی ئاسایشی سلێمانی، هاوكاتە لەگەڵ دەرچوونی فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

ئەمڕۆ دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لە سلێمانی، بڕیاریدا بە دەستگیركردنی د.میران محەمەد عەباس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی تەندروستیی سلێمانی.

فەرمانەكە بەپێی ماددەی 15 لە یاسای دەستەی دەستپاكی دەركراوە، بەتۆمەتی "تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەك و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران، كە شیاوی خەرجكردن نەبووە و چەكی بازاڕ بووە، كە بەنیوە قیمەت یان كەمتر لە قیمەتی خۆی كڕدراوەتەوە و دواتر بە نەقدی (نەختینە) خەرجكراوە، بە پشتگیریی تۆمەتباری ناوبراو".

میدیای فەرمیی یەكێتی كە هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە دەڵێت "بەپێی یاسا، ئەم كارە بەتاوان هەژماردەكرێت و بەكارهێنانی دەسەڵات و پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی (كسب غیر مشروع)".