قوباد تاڵەبانی: هەموو هێزو ڕێكخستن‌و جەماوەر دەخەینەگەڕ بۆ سەرخستنی هاوپەیمانییەكەمان

31-07-2021 12:34
پێشوازی بەرپرسانی گۆڕان لە قوباد تاڵەبانی لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی. وێنە؛ بڕیار نامیق.

پەرەگراف

هاوپەیمانی كوردستان كە لە نیوان یەكێتی‌و گۆڕان پێكهێنراوە بۆ هەڵبژاردن، دووەم كۆبوونەوەی ئەنجامدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانییەكە دەڵێت: هەموو هێزی خۆمان‌و ڕێكخستن‌و جەماوەر دەخەینەگەڕ بۆ سەرخستنی هاوپەیمانێتییەكەمان تا باشترین خزمەت بگەیەنین بە كوردستان‌و عێراق.

كۆبوونەوەكە لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان بەڕێوەچوو، ئەوە یەكەم كۆبوونەوەیە دوای دیاریكردنی قوباد تاڵەبانی بە سەرۆكی هاوپەیمانییەكە لە شوێنی لاهور شێخ جەنگی.

تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەكرد، باسی میكانیزمی چۆنیەتی كاركردنی هاوپەیمانییەكەیان كردووەو ئەركەكانیان دابەشكردووە.

"دەمانەوێت ئارامی‌و سەقامگیری بگەڕێنینەوە تابتوانین لە بەغدا بە هێزێكی یەكگرتوو لە ژێر یەك چەتر بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین" سەرۆكی هاوپەیمانییەكە وای وت.

هاوكات دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی "بنەمای سەرەكی هاوپەیمانییەكەمان ئارامی‌و گەڕانەوەی ئومێدە بۆ پڕۆسەی سیاسی".

ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، لە یەكەم ڕۆژەوە گوتویانە كورد دەبێت بەیەكەوە بێت بۆئەوەی بەهێز بێت، پێیوایە، هاوپەیمانییەكەیان هەنگاوێكی باشە بۆ ئامادەكردنی گوتارێكی یەكگرتووی كوردستانی.

بەپێی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان كە بۆ هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆكە، لە كۆی 43 كاندید گۆڕان حەوت كاندیدی دەبێت لەناو هاوپەیمانییەكەدا؛ چوار لە سلێمانی و دوو لە ھەولێر و یەك لە كەركوك.

ئەو دوو حزبە هەماهەنگییان لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامیش هەیە بۆ هەڵبژاردنەكە كە بڕیارە لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازەو عێراق كراوە بە83 بازنەو 83 كورسیی بۆ كۆتای ژنان دیاریكراوە. هەرێمی كوردستان 44 كورسیی پەرلەمانی بۆ دانراوەو كراوە بە 12 بازنەی هەڵبژاردن؛ سلێمانی كراوە بە 5 بازنەی هەڵبژاردن‌و 18 كورسیی، هەولێر 4 بازنەیەو 15 كورسییە، دهۆك 3 بازنەیەو 11 كورسییە.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كەسێك كە تەمەنی لە 28 ساڵ كەمترنەبێت و مەرجە دەستورییەكانی تێدابێت و دانیشتو و دەنگدەری بازنەی هەڵبژاردنەكەی بێت، دەتوانێت خۆی كاندید بكات. لەم هەڵبژاردنەدا هاووڵاتیی دەنگ بە لیست نادات، بەڵكو ڕاستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات لەوبازنەی هەڵبژاردنەی مافی دەنگدانی تێدا هەیە.

بردنەوەی كورسییەكانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی دەنگی كاندیدەكانەو هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ بهێنێت كورسیی پەرلەمان دەباتەوە.