وردەكاریی قەرزەكانی سەر شاسوار عەبدولواحید؛ حكومەت دەڵێت: خۆڵ دەكاتە چاوی خەڵك

20-02-2020 06:07
شاسوار عەبدولواحید


پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید نزیكەی 70 ملیار دینار پارەی حكومەتی هەرێم قەرزارەو حكومەت دەڵێت: حیزبێكی سیاسی دامەزراندووە‌و بۆ خۆدزینەوە لە دانەوەی قەرز خۆڵ لە چاوی خەڵك دەكات.

جووتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم، بەبێ ئەوەی ناوی شاسوار عەبدولواحید بهێنێت دەڵێت"ئەو كەسە نزیكەی 70 ملیار دینار قەرزداری حكومەتەو حكومەت داوای كردووەتەوە".

حكومەتی هەرێم جدییە لە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی كە لای سەرمایەدارانەو سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێكە لەو دەیان سەرمایەدارەی قەرزێكی زۆریان لەسەرە، حكومەت تەئكید دەكاتەوە كەس بەدەر ناكات‌و ڕێكاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە دەگرێتەبەر.

"ئەو كەسە دەیەوێت بەپارەی خەڵك خێر بە خەڵك بكات‌و نەوت‌و گازیان بۆ دابین بكات، من لێرەوە دەڵێم ئەگەر پارەكە بگەڕێنێتەوە دەتوانین تا ڕادەیەكی زۆر سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین، ئەو كەسە كۆمەڵێك سەرپێچی یاساییشی هەیە یەكێك لەوانە زەوتكردنی موڵك‌و ماڵی دەوڵەتەو دەیەوێت ناچەیەكی سەوزی سلێمانی بكاتە ڤێللای شاهانەو بە پارەیەی زۆر بیفرۆشێت" وتەبێژەكەی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وای وت.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی حیزبێكی ئۆپۆزسیۆن دەكات‌و بەردەوام ڕەخنە لە حكومەت‌و حیزبەكانی دیكە دەگرێت، هاوكات بانگەشە بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەكات لە كوردستان‌و ڕۆژی شەممەی داهاتووی دیاریی كردووە بۆ ئەو مەبەستە.

هاوكات لەگەڵ لێدوانەكانی وتەبێژیەكەی حكومەت، پەرلەمانتارێكی پارتی لە لیژنەی دارایی‌و ئابوری پەرلەمانی كوردستان، وردەكاریی قەرزەكانی سەر شاسوار عەبدولواحید‌و چەند بەڵگەنامەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی دەڵێت"كەسێك قەرزدار بێت و سەرەرای تەوابوونی ماوە یاساییەكەی قەرزكەی نەگەرێنێتەوە تاوانبارە. حەیفە گەنجی كورد بەدوای دروشم و هوتافی كەسێكی تاوانباردا بكەوێت".

سەبارەت بەو قەرزانەی حكومەت كە كۆمپانیای نالیا(شاسوار عەبدولواحید خاوەنی بوو، ئێستا بانگەشەی ئەوە دەكات ئەو خاوەنی نییە) چەندین ساڵە وەری گرتووەو نەیگەڕاندووەتەوە، ئەو پەرلەمانتارە لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕای گشتی دەڵێت، بری قەرزی وەرگیراو بریتییە لە 43 ملیارو 750 ملیۆن دینار، بڕی سودی كەڵەكەبوو بۆ ماوەی ٦ ساڵ بریتییە لە 25 ملیارو 750 ملیۆن دینار كە كۆی گشتیی(قەرزو سودەكەی) دەكاتە 695 ملیار دینار.

وەك پەرلەمانتارەكەی پارتی خستوویەتییە ڕوو، لە بەرانبەر ئەو قەرزەدا پشكی خاوەن كۆمپانیاكە بەناوی (شاسوار عەبدولواحید) لە كۆمپانیای(چاڤی) كە چوار موڵكە بە ڕووبەری گشتیی (50 دۆنم) ڕەهن كراوە.

چەندین جار حكومەت بە نووسراوی فەرمیی كۆمپانیای نالیای ئاگادار كردووەتەوە كە قەرزەكە بگەڕێنێتەوە، بەڵام كۆمپانیاكە ئامادە نەبووە، لە ئێستاشدا بەپێی یاسای چاكسازیی، هەموو ئەو كۆمپانیا و بازرگانانەی كە قەرزیان لە حكومەت وەرگرتووە دەبێت قەرزەكە و كۆی گشتی سودی كەڵەكەبوو بۆ حكومەت بگەڕێننەوە.

"ئەگەر لەو ماوەیەی كە بۆیان دیاری كراوە قەرزەكانیان نەگەڕێننەوە حكومەت دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بە مامەڵەكردن بە ڕەهنەكانیان و دەستبەسەرگرتنیان" ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان وادەڵێت.

پەرلەمانتارەكەی پارتی ئەم دوو بەڵگەنامەیەی بڵاوكردووەتەوە