بافڵ تاڵەبانی: لێدان لە سەروەری یاساو سیخووڕیکردن بەسەر کەسایەتییەکانەوە بنبڕ دەکەین

05-08-2021 06:38

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی بەردەوام دەبن و هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بووە وخەڵکی سنووری سلێمانی و هەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبن.

ھاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتیی کۆبووەوەو دۆخی ناوخۆیی و گۆڕانکارییەکانی ناو حیزبەکەی بۆباسکردوون، بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی گوتویەتی " لێدان لە سەروەری یاسا و سیخووڕیکردن بەسەر کەسایەتییەسیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین و هیچ کەسێکیش نابوورین و رادەستی دادگای دەکەین".

"دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین. هیچ کەسێک لەسەروو یاساوەنەبێت و هەمووان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن. پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین ودابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە

بافڵ تاڵە‌بانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک سە‌رۆك عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە.

لە‌كۆبوونە‌وە‌یە‌كدا کە رزگار عەلی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و سەعدی ئەحمد پیرە،ئاسۆ مامەند، د.سۆران جەمال تاھیر  و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سەرکردایەتیئامادەیبوون، بافڵ تاڵەبانی بەگرنگییەوە ڕۆڵی سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانی لە کۆمەڵگای کوردەواری بەرزنرخاند ورایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێزێکی زۆرەوە لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی عەشیرەتەکانی کوردستان دەڕوانێت و ئەوانداینەمۆی شۆڕش و پێشەنگی گیانفیدایی بوون لەپێناو کوردستان و یەکێتییەکەی مام. ئێمە ئەو مێژووە درەوشاوەیەی ئێوە لەبیرناکەین ویەکێتی حیزبی ئێوەیە.

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتییەوە هاوسەرۆک بەرچاوڕوونی دایە ئامادەبووان و وتی، هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی وبەرژەوەندی گشتیدا بووە و خەڵکی خۆشەویستی سنووری سلێمانی و هەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبن. گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین. هیچ کەسێکلەسەروو یاساوە نەبێت و هەمووان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن. پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆماندەزانین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد وەکچۆن لە رابردوودا هاوکار و پشتیوانی یەکێتی بوون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بەھەمان رۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین. دڵنیاییشی دایە ئامادەبووان کە چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین. لێدان لە سەروەری یاسا و سیخووڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین وهیچ کەسێکیش نابوورین و رادەستی دادگای دەکەین.

لای خۆیانەوە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاند، ئێمە لەرابردوودا پشتیوانی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بووین،لەداهاتووشدا هەروا دەبین. داواکارین یەکێتی بە هەمان رۆحییەتی مام-ەوە بەردەوام بێت لە خەبات و لەناو خەڵکدا بێت. پشتیوانتان دەبین بۆچاکسازی و هەمووان پێکەوە بە ئاراستەی ژیانێکی ئارام هەنگاو دەنێین و بەها باڵاکانی کوردەواری دەپارێزین.