نێچیرڤان بارزانى: خۆمان بە بەشێك لە ئێران و شۆڕشی ئیسلامی دەزانین

06-08-2021 09:15

پەرەگراف

میدیای فەرمیی ئێران لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆككۆماری نوێی ئەو وڵاتە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت كە نێچیرڤان بارزانی وتوویەتی "خۆمان بە بەشێك لە ئێران و شۆڕشی ئیسلامی دەزانین". هەروەها جەختی كردووەتەوە كە ڕێگە بە دروستكردنی هیچ مەترسییەك لە خاكی هەرێمەوە بۆ سەر ئێران نادرێت.

پاش ئەوەی دوێنێ‌ هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەشداریی مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری نوێی ئێرانیان كرد، ئەمڕۆ لە تارانی پایتەخت لەگەڵ سەرۆككۆماری ئێران كۆبوونەوە.

ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی كە میدیایەكی فەرمیی ئەو وڵاتەیە، دەڵێت "سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق پیرۆزبایی لە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی كردووە و وتوویەتی: سەبارەت بە تێڕوانینەكانی ئێوە كە لە وتای دەستبەكاربوونتاندا خرانە ڕوو، نەك تەنیا ئێمە، بەڵكوو هەموو ناوچەكە خۆشحاڵ بوون و بە دڵنیاییەوە پێشوازیی لێ‌ دەكەن".

هەروەها ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی دەڵێت كە نێچیرڤان بارزانی وتوویەتی "دڵنیاین كە قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییە ئابووری، فەرهەنگی و سیاسییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان وەكوو بەشێك لە عێراق، لەگەڵ ئێران دێتە كایەوە".

"نێچیرڤان بارزانی بە جەختكردنەوە لەوەی كە خۆمان بە بەشێك لە ئێران و شۆڕشی ئیسلامی دەزانین، وتی: هیوادارین بە هاتنی حكومەتی نوێی ئێران پەیوەندییەكانمان لە هەموو بوارەكاندا فراوانی بەخۆوە ببینێت، چونكە هۆكاری زۆر هەن بۆ بەهێزكردن و فراوانكردنی پەیوەندییەكان بە تایبەت پەیوەندییە ئابوورییەكان"میدیا فەرمییەكەی ئێران وا دەڵێت.

ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی باس لەوەش دەكات كە سەرۆكی هەرێم "جەختی لەوە كردووەتەوە هەرێمی كوردستان پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی كۆماری ئیسلامی". ئاماژەی بەوەش كردووە"لە هەموو ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، هەمیشە ئێرانمان لە تەنیشت خۆمانەوە بینیوە".

"شەهید حاجی قاسم سولەیمانی ڕۆڵێكی زۆری لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هێرشی داعشدا هەبوو، خۆمان بە قەرزاری ئێران دەزانین و دڵنیا بن كە هەرێمیش هەرگیز ڕێگە بە دروستبوونی هیچ جۆرە نائارامییەك لە خاكی خۆیەوە بۆ سەر ئێران نادات"، سەرۆكی هەرێم وای وتووە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، ڕەئیسی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراقی بە "ڕیشەیی و لە دڵەوە" وەسف كردووە و لەبارەی ڕۆڵی سولەیمانی لە شەڕی دژی داعشدا وتوویەتی "حاجی قاسم لەو كاتەدا هەر وەكوو شارێك لە شارەكانی ئێران هێرشی كرابێتە سەر، لە گۆڕەپانەكەدا ئامادە بوو و بە هاوكاریی هێزە عێراقییەكان فیتنەی داعشی لەناو برد".

هەر لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییە‌كانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئێران، ئارامی و سەقامگیری و بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش، تاوتوێ كران".

"هەردوولا ئاماژەیان بە پەیوەندییە مێژوویییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و جەختیان لەسەر پتەوكردنی بوارەكانی پەیوندیی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامی كردەوە، بەتایبەتی برەودان بە بواری ئاڵوگۆڕی بارزگانی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سنوورەكان و ناوچەكە بەگشتی" سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمدا هاتووە "دوایین پێشهات و پەرە‌سەندنەكانی ناوچەكە و چەند تەوەرێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون".