ئێران لەبارەی هێزە نەیارەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات

11-08-2021 03:17

پەرەگراف

سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، داوا لە عێراق دەكات هەنگاوی جیددیتر بنێت بۆ دەركردنی "گرووپە چەكدارییەكان"ی نەیاری ئێران لە هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەوە وڵاتەكەی "هەنگاوی پێشدەستانە" لەوبارەیەوە دەنێت. وەزیری دەرەوەی عێراقیش بەڵێنی "ڕووبەڕووبوونەوەی توند"ی هەر هەڕەشەیەكی بۆ سەر ئێران داوە.هەفتەی پێشوویش لە تاران هەمان پرس لەگەڵ سەرۆكی هەرێم تاوتوێ‌ كراوە.

ئێوارەی دوێنێ‌، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران كۆبووەتەوە. بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا)، لە كۆبوونەوەكەدا شەمخانی "ئاماژەی بە بوونی بەشێك لە گرووپە تیرۆریستییە چەكدارییەكانی نەیاری ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كردووە".

سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وتوویەتی "داوا لە دەوڵەتی عێراق دەكەین دەربارەی كردنە دەرەوەی ئەم گرووپانە لە كوردستانی عێراق هەنگاوی جیددیتر بنێت، تا ئێران ناچار بە هەنگاو (هێرش)ی پێشدەستانە نەبێت".

لە وەڵامیشدا وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە "بە توندی ڕووبەڕووی هەر گرووپێك دەبینەوە كە خاكی عێراق بەكار بهێنێت بۆ هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران".

ئەمە لە كاتێكدایە هەفتەی ڕابردوو سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشداریی مەراسیمی دەستبەكاربوونی سەرۆككۆماری نوێی ئێرانیان كرد، دواتریش لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران كۆبوونەوە و دۆسیەی ئاسایشی ئێران یەكێك بووە لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی كە میدیایەكی فەرمیی ئەو وڵاتەیە، لەو كۆبوونەوەیەشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم "جەختی لەوە كردووەتەوە هەرێمی كوردستان پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی كۆماری ئیسلامیی ئێران". ئاماژەی بەوەش كردووە"لە هەموو ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، هەمیشە ئێرانمان لە تەنیشت خۆمانەوە بینیوە".

"شەهید حاجی قاسم سولەیمانی ڕۆڵێكی زۆری لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هێرشی داعشدا هەبوو، خۆمان بە قەرزاری ئێران دەزانین و دڵنیا بن كە هەرێمیش هەرگیز ڕێگە بە دروستبوونی هیچ جۆرە نائارامییەك لە خاكی خۆیەوە بۆ سەر ئێران نادات"، سەرۆكی هەرێم وای وتووە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، ڕەئیسی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و عێراقی بە "ڕیشەیی و لە دڵەوە" وەسف كردووە و لەبارەی ڕۆڵی سولەیمانی لە شەڕی دژی داعشدا وتوویەتی "حاجی قاسم لەو كاتەدا هەر وەكوو شارێك لە شارەكانی ئێران هێرشی كرابێتە سەر، لە گۆڕەپانەكەدا ئامادە بوو و بە هاوكاریی هێزە عێراقییەكان فیتنەی داعشی لەناو برد".

ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی (ئیرنا) دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی بە جەختكردنەوە لەوەی كە خۆمان بە بەشێك لە ئێران و شۆڕشی ئیسلامی دەزانین، وتی: هیوادارین بە هاتنی حكومەتی نوێی ئێران پەیوەندییەكانمان لە هەموو بوارەكاندا فراوانی بەخۆوە ببینێت، چونكە هۆكاری زۆر هەن بۆ بەهێزكردن و فراوانكردنی پەیوەندییەكان بە تایبەت پەیوەندییە ئابوورییەكان".