كۆرۆنا چەند پارێزگایەكی ئێران دەگرێتەوە‌و گیان لەدەستدان گەیشتە 4 كەس

21-02-2020 05:10
خەڵكی ئێران دەمامك دەپۆشن بۆ ڕێگریی لە كۆرۆنا


پەرەگراف

ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران بۆ ۱۸ كەس بەرزبوونەوە كە چوار كەسیان گیانیان لەدەست داوە، ڤایرۆسەكە چەند پارێزگایەكی گرتووەتەوە لە ناویاندا تارانی پایتەخت، بەوهۆیەوە سبەینێ لە قوتابخانەكانی تاران كرا بە پشوو.

تادێت ژمارەی تووشبووان‌و مردن بە كۆرۆنا لە ئێران لە هەڵكشاندایە، كیانووش جیهانپوور، سەرۆكی بەشی پەیوەنییە گشتییەكان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕایگەیاند، بەپێی دواین ئامار ۱۳ كەسی دیكە لەوانە حەوت كەس لە قوم، چوار كەس لە تارانی پایتەخت، دوو كەسیش لە گیلان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

كیانووش جیهانپوور دەڵێت "بە داخەوە لەو ژمارەیە دوو كەس گیانیان لەدەست داوە"، ئەوە جگە لەو دوو كەسەی دیكە كە دوێنێ لە قوم گیانیان لەدەستداو تووشبوونی 3 كەسی دیكەش ڕاگەیەندرابوو.

سەرۆكی بەشی پەیوەنییە گشتییەكان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە زۆرینەی تووشبووەكان لە دانیشتووانی شاری قوم بوون، یان لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی ئەو شارەیان كردووە.

كیانووش جیهانپوور وتیشی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەزاران كەس سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووەو ۷۳٥ كەس بەهۆی گومانی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا لە نەخۆشانەكانی ئێراندا خەوێندراون.

بۆ ڕێگریی لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، لە سەرجەم دەروازە سنورییەكانی ھەرێمی كوردستان ھاتووچۆ لەگەڵ ئێران ڕاگیراو ڕێگە بە ھیچ ھاووڵاتییەك نادرێت بڕوات و بێت.

تەنھا ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێم كە ئێستا لە ئێرانن ڕێگەیان پێدەدرێت بێنەوە ناو ھەرێم، ئەوەش دوای ئەنجامدانی پشكنین و خستنە ژێر چاودێریی تەندروستییەوە بۆماوەی دوو ھەفتە.

ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی جیهان بەدەوامە لە بڵاوبوونەوە، ئەمڕۆش یەكەم حاڵەتی تووشبوون لە لوبنان‌و ئیسرائیل ڕاگەیەندرا، ژمارەی گشتیی تووشبووان لە دونیادا بۆ زیاتر لە 76 هەزارو 600 كەس بەرزبووەوە كە زۆبەی هەرە زۆریان لە چینن، ڤایرۆسەكە لە نزیكەی 30 وڵات بڵاوبووەتەوەو لانیكەم 2 هەزارو 200 كەسی كوشتووەو تەنها كەمتر لە 20 كەسیان لە دەرەوەی وڵاتی چینن.

مەترسیی ڤایرۆسەكە وایكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە، ئەوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.

دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپاراستن لێی

كۆرۆنا گرووپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤدا دەستنیشانكراوە. هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیارییەكان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەتایبەت لە چین، دەركەوتووە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.

نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، كە پێكدێن لە سەرئێشە، هەڵامەت، كۆكە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز، كە هەموو كات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێكجار هۆكاردەبێت بۆ هەوكردنی سییەكان و لوولەكانی هەوا، ڕەنگە تووشبووەكە بكوژێت.

خۆپاراستن

پزیشكانی پسپۆڕ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەن كە خۆیان بە دوور بگرن لە تەوقە كردن بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبو بە ئەنفلۆنزا‌و دەبێت دوای تەوقەكردن دەست بشۆردرێت‌و نابێت دەست ببرێت بۆ چاو و لوت‌و دەم بەبێ دەست شتن، هاوكات بەردەوام بەرلە دەست بردن بۆ ئەو ئەندامانەو خواردنی خواردن، دەست بشۆردرێت.

هەروەها نە مانەوە لە شوێنی قەرەباڵخ‌و داخراو، چونكە لەو شوێنانە ئەگەری توشبون‌و بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە هەیەو بەهۆی پژمین‌و كۆكەو هەناسەی كەسێكی توشبووەوە كەسانی دیكەش توش دەبن، پزیشكان ڕێنمایی ئەوەش دەدەن كە خەڵك دەمامك بەكاربهێنێت.

ئەو كەسانەی نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسەو ڕەبۆو نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە زیاتر مەترسی توشبونی ڤایرۆسەكەو كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە.

كەسانی توشبو دەبێت داببڕێن لە كۆمەڵگەو لە ژێر چاودێریی تیمی تەندروستیی تایبەتدا دەبن.