پارتی داوا لە سەدرو لایەنەكانی دیكە دەكات بەشداریی هەڵبژاردن بكەن

14-08-2021 08:20

پەرەگراف

پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە سەدرییەكان‌و ئەو لایەنانەی دیكە دەكات كە بڕیاری بەشدارینەكردنی هەڵبژاردنیان داوە، بە بڕیارەكەیاندا بچنەوەو بەشداریی پڕۆسەكە بكەن كە بڕیارە لە 10-10 بەڕێوەبچێت.

وتەبێژی پارتی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەشداری كۆی لایەنە سیاسییەكان دەروازەیەكە بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهێنانی داواكاری خەڵكی عێراق، هەروەها بۆ هاوكاری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی لە چەقبەستوویی.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

لە ئەنجامی داواكاری خۆپیشاندەرانی پارێزگاكانی عێراق، بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بە داواكاری زۆرینەی جەماوەر بەلایەنە سیاسییەكانیشەوە، ئەم داواكاریەش لە روانگەی چارەسەركردنی ئەو قەیرانە سیاسییانەی كە دووچاری پرۆسەی سیاسی عێراق هاتبوون و لە ئاكامیشیاندا كۆمەڵێك كێشەی كەڵەكەبووی بواری ئابووری و خزمەتگوزاری بەبێ چارەسەر مابوونەوە، سەرچاوەی گرتووە.

بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە و دۆزینەوەی رێگاچارەی گرفت و كێشەكانی هاووڵاتیانی عێراق بەشێوەیەكی گشتی، هەڵبژاردنی پێشوەختە و دروستكردنی كابینەیەكی نوێی حكومەتی فیدڕاڵی بە فاكتەرێكی باش زانرا و، بڕیاڕی لەبارەوە درا. بەڵام هەندێك لایەن، لە ئاكامی زیادبوونی كێشە و گرفتەكان و لێكدانەوەی هەندێ لایەنی بەرچاو لە چۆنیەتی دروستبوونی كێشەكان، رایانگەیاند كە بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكەن. بە رای پارتیمان ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەشداری كۆی لایەنە سیاسییەكان دەروازەیەكە بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهێنانی داواكاری خەڵكی عێراق، هەروەها بۆ هاوكاری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی لە چەقبەستوویی.

بۆیە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، داوادەكەین لە بەڕێزان لە تەیاری سەدری و هەر ٢٦ لایەنی دیكەی كە رایانگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردن ناكەن، لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی عێراق بەبڕیارەكەیاندا بچنەوە و بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن وەكو داخوازییەكی هاووڵاتیان و پێویستییەكی هەنوكەییش بۆ خزمەت گەیاندنی زیاتر بە پرۆسەی سیاسی عێراق و حكومڕانیەكی باش و تەندروست.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٤ـی ئابی ٢٠٢١