تاڵیبان تادێت لە كابول نزیكتر دەبێتەوە؛ ئابورییە بەهێزەكەشیان پرسیار و گومانێكی زۆر دروست دەكات

14-08-2021 09:30

پەرەگراف

بزوتنەوەی تاڵیبان تادێت سنوری دەسەڵاتەكانی فراوان دەبێت و ویلایەتی نوێ كۆنتڕۆڵ دەكات، بەوەش زیاتر لە كابولی پایتەختی ئەفغانستان نزیك دەبێتەوە، ئەو ئابورییە بەهێز و پارە زۆرەش كە بزوتنەوەكە هەیەتی یارمەتیدەریانبووە لە بەرەوپێشچونەكەیاندا.

بەكتیا، بەكتیكا، لۆگەر نوێترین ویلایەتەكانن كە لەلایەن تاڵیبانەوە كۆنتڕۆڵكراون، هەروەها چونەتە ناو شاری بەل علوم كە تەنها 70 كیلۆمەتر لە كابولەوە دوورە بێ هیچ بەرگرییەك كۆنتڕۆڵیان كردووە.

ئێستا تاڵیبان زۆرینەی ناوچەكانی نزیك كابولی كۆنتڕۆڵ كردووە، لەكۆی 34 ویلایەتی وڵاتەكە، 18ی لەژێر دەستدایە، لەوانە شاری شارانا ناوەندی ویلایەتی بەكتیكا، كە چەك و تەقەمەنییەكی زۆری لێبووە، شەڕەكەش گەیشتووەتە شاری مەزار شەریف ناوەندی ویلایەتی بەلخ لە باكوری وڵات‌و تاڵیبان كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارەیشی ڕاگەیاند.

چەكدارانی تاڵیبان توانیویانە زیندانی ناوەندی ویلایەتی بەكتیكا كۆنتڕۆڵ بكەن و سەرجەم گیراوەكانیان ئازاد كردووە.

ئەو ویلایەتانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كەوتوونەتە دەستی چەكدارەكان لە ناوچە دیار و گەورەكانی ئەفغانستانن، لەوانە قەندەهار كە دووەم گەورەترین شاری ئەفغانستانەو و هیرات سێهەم گەورەترین شار، لەگەڵ غەزنی كە لەسەر ڕێگەی كابولە و تەنها 149 كیلۆمەتر لێوەی دوورە.

كابول لە باكور لەگەڵ جەلال ئاباد لە ڕۆژهەڵات تاكە دوو شاری گەورەن كە ئێستا بەدەست حكومەتەوە ماون، چەكدارانی تاڵیبانیش لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنیاندان.

كابول گەمارۆدراوە

دوای كەوتنی دووەم و سێهەم گەورەترین شاری ئەفغانستان، كابول بە كردەیی بووەتە گەمارۆدراو، دوا هیوا و پێگەی حكومەتە.

چەكدارانی تاڵیبان ئێستا تەنها 50 كیلۆمەتر لە كابولەوە دوورن، ئەوەش وای لە وڵاتە ئەوروپییەكانی وەك بەریتانیا، ئەڵمانیا، دانیمارك، ئیسپانیا كردووە، ستافەكانیان لەناو باڵیۆزخانەكانیان كێشاوەتەوە.

هۆڵەندا و فیلەندا و سوید و ئیتاڵیا و ئیسپانیا، ژمارەی كارمەندانی باڵیۆزخانەكانیان كەمكردووەتەوە بۆ كەمترین، ئەڵمانیاش ئاماژەی بەوەكردووە هەمان ڕێكار دەگرێتەبەر.

نەرویج و دانیمارك بەشێوەیەكی كاتیی باڵیۆزخانەكەیان داخستووە، سویسرا هەرچەندە باڵیۆزخانەی نییە، بەڵام كۆمەڵێك یاریدەدەری سویسری و 40 فەرمانبەری ناوخۆی لەكار وەستاندووە.

كارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریكاش فەرمانیان پێكراوە دۆسیە هەستیارەكان لەناوبەرن و بسوتێنن، سێ هەزار سەربازی ئەمریكیش بۆ پاراستنی ئاسایشی فڕۆكەخانەی كابول و سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەی گواستنەوەكان بڵاوەیانپێدەكرێت.

هیچ بەرگرییەك نییە

جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێت، وڵاتەكەی پێشبینی نەكردووە هێزە ئەفغانییەكان هیچ بەرگرییەكیان نەبێت و نەتوانن ڕێگری لەبەرەوپێشچونەكانی تاڵیبان بكەن.

كێربی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن باسی لەوەكردووە، سەركردایەتی سیاسی و سەربازی ئەفغانستان هیچ ئیرادەیەكیان نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی چەكدارەكان.

وەزیری بەرگری ئەمریكا نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە خێرایی جوڵەی تاڵیبان، ئاشكراشی كردووە ئەو دۆخە خراپەی ئەفغانستان ڕەنگە هۆكارێكی سەرەكی بێت بۆ ئەوەی وا لە جۆ بایدن بكات هێزی دیكە ڕەوانەی وڵاتەكە بكرێت.

پلانی كشانەوە

پەیوەندیدار بە دۆخی ئەفغانستانەوە ماڵپەڕی پۆلۆتیكۆ ئاماژەی بەوەكردووە، پەنتاگۆن پلانی كشانەوەی تەواوی نێردە دیبلۆماسییەكانی لە ئەفغانستان داناوە.

ماڵپەڕەكە لەزاری دوو سەرچاوەی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا جەختیكردۆتەوە، چۆڵكردنی باڵیۆزخانەكەیان بابەتێكی حەتمییە و یەكلاكراوەتەوە.

بەرپرسێكی ئەمریكیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، چەند سەربازێكی ئەمریكی گەیشتونەتە كابول بۆ یارمەتیدانی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانە و چەند كەسێكی دیكەی مەدەنی لەكاتی چۆڵكردنیدا.

لای خۆیەوە پەنتاگۆن ئاشكرای كردووە، ئێوارەی ڕۆژی یەك شەممە دوو كەتیبەی هێزەكانی مارێنز و كەتیبەیەكی هێزە پیادەكان كە سەرجەمیان سێ هەزار سەربازن دەگەنە كابول.

پارە و داهاتێكی زۆر

ئەو بەرەوپێشچونە خێرا و بەهێزەی چەكدارانی تاڵیبان پرسیارێكی زۆری لەبارەی دۆخی دارایی بزوتنەوەكە و ئەوانەی پشتیوانی دەكەن دروستكردووە.

ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا ئاشكرای كردووە، تاڵیبان بەشێكی پارەكانی لەڕێی بەخشینەوە كۆدەكاتەوە، ئاژانسە هەواڵگرییەكان دەڵێن، ناتوانن بە دیاریكراوی بڕی ئەو پارەیە دیاری بكەن كە كۆیانكردووەتەوە، بەڵام بە نزیكەیی ساڵانە بڕەكەی لەنێوان 300 ملیۆن بۆ 1.6 ملیار دۆلاردایە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە تەموزی 2021 بڵاوكراوەتەوە و پشتی بە چەند زانیارییەكی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەندامانی ڕێكخراوەكە بەستووە، بەشێكی زۆری پارەی بزوتنەوەكە لەڕێی چالاكییە تاوانكارییەكانی وەك؛ بەرهەمهێنانی ئەفیون و قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر، هەروەها ڕفاندن و داواكردنی فیدیەوە دەستدەكەوێت.

یەكێك لەدەزگا هەواڵگرییەكان باسی لەوەكردووە، بزوتنەوەی تاڵیبان ساڵانە تەنیا بە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر 460 ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە، هەروەها لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە سەركردەكانی تاڵیبان ساڵی ڕابردوو 464 ملیۆن دۆلاریان لەڕێی دەرهێنانی كانزا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان دەستكەوتووە.