تاڵیبان 28 ویلایەتی ئەفغانستانی كۆنترۆڵ كردووە و چاوەڕوانی ڕادەستكردنی پایتەخت دەكات

15-08-2021 04:26
ژمارەیەك چەكداری تاڵیبان لە ناوچەیەكی ویلایەتی لەغمان كە یەك شەممە 15-6-2021 تاڵیبان ویلایەتەكەی كۆنترۆڵ كرد.

پەرەگراف

زۆر خێراتر لەوەی پێشبینی كرابوو، بزووتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر زۆرینەی ناوچەكانی ئەفغانستاندا گرت و گەیشتە دەروازەكانی كابووڵی پایتەخت. باس لە دەستپێكردنی گفتوگۆ بۆ ڕادەستكردنی ئاشتییانەی كابووڵ دەكرێت و هەواڵی پێكهێنانی حكومەتی ڕاگوزەر هەیە. لە كۆی 34 ویلایەت، 28یان كەوتووەتە دەستی تاڵیبان.

لە دواین پێشهاتدا، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سێ‌ سەرچاوەی دیبلۆماسییەوە بڵاوی كردەوە كە بە ئەگەری زۆر عەلی ئەحمەد جەلالی، مامۆستای زانكۆ و وەزیری ناوخۆی پێشووی ئەفغانستان، وەكوو "سەرۆكی حكومەتی كاتی" لە كابووڵ دیاری كراوە، بەڵام سەرچاوەی فەرمی پشتڕاستی نەكردووەتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ بزووتنەوەی تاڵیبان درێژەی بە پێشڕەوییەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ئەفغانستان دا و چەكدارانی بزووتنەوەكە لە چەند لایەكەوە خۆیان گەیاندە دەروازەكانی كابووڵی پایتەخت. هەرچەندە دەنگی تەقە و دەنگۆی پێكدانان لەناو بەشێك ناوچەی شارەكەدا هەبوو، بەڵام بزووتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند كە فەرمانی بە هێزەكانی كردووە لە دەروازەكانی كابووڵدا بمێننەوە و نەچنە ناو شارەكەوە.

لە بەیاننامەی بزووتنەوەی تاڵیباندا هاتووە "بەرپرسیارێتیی ئاسایشی كابووڵ لە ئەستۆی حكومەتی ئەفغانستاندایە و گفتوگۆ بۆ ڕادەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات بەردەوامە".

بەپێی هەندێك لە میدیا جیهانییەكان، شاندێكی بزووتنەوەی تاڵیبان گەیشتووەتە كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆماری ئەفغانستان لە كابووڵ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەت سەبارەت بە ڕادەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی پشتڕاستی نەكردووەتەوە..

هەرچەندە هەندێك میدیا باسیان لەوە كردبوو كە شاندی تاڵیبان لەلایەن عەبدولغەنی برادەر، جێگری ڕابەری تاڵیبان و سەرۆكی شاندنی دانوستانكاری بزووتنەوەكە لە قەتەر، سەرۆكایەتیی دەكرێت، بەڵام محەمەد نەعیم، وتەبێژی نووسینگەی سیاسیی تاڵیبان لە قەتەر، ڕەتی كردەوە و ڕایگەیاند "عەبدولغەنی برادەر یان شاندێك"ی تاڵیبان بۆ كابووڵ نەڕۆیشتووە.

لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی گەیشتنی چەكدارانی تاڵیبان بۆ كابووڵی پایتەخ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانەوە، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان دڵنیایی دایە هاووڵاتیانی پایتەخت كە تاڵیبان بە شەڕ و بەكارهێنانی هێز ناچێتە ناو شارەكەوە و ڕادەستكردنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتییانە دەبێت.

حامید كارزای، سەرۆككۆماری پێشووی ئەفغانستان، لەگەڵ عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاشتیی نیشتمانی لە ئەفغانستان، كۆبووەتەوە. نووسینگەی كارزای ڕایگەیاندووە كە كۆبوونەوەكە پەیوەندیی بە پێكهێنانی شاندێكەوە هەبووە كە دەسەڵاتی دانوستان لەگەڵ تاڵیبانی هەبێت لە دەوحەی پایتەختی قەتەر.

سەرچاوەكانی هەواڵ دەڵێن كە بڕیارە حامید كارزای و عەبدەڵڵا عەبدوڵڵا سەردانی دەوحە بكەن و ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان واژوو بكەن.

مەرجی تاڵیبان بۆ دانوستان، دەستەلەكاركێشانەوەی محەمەد ئەشرەف غەنی، سەرۆككۆماری ئەفغانستانە. سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن كە بڕیارە ئەمڕۆ ئەشرەف غەنی دەستلەكاركێشانەوە ڕابگەیەنێت و دەسەڵات ڕادەستی تاڵیبان بكات.

هاوكات محەمەد ئەشرەف غەنی، سەرۆككۆماری ئەفغانستان، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ زاڵمای خەلیلزاد، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان و نوێنەری ناتۆ كۆبووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەك لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە نەزانراوە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی تاڵیبان لە پایتەخت، ئەمریكا ڕێكارەكانی گواستنەوەی كارمەندانی باڵیۆزخانەكەی لە قەتەر خێراتر كردووە، بەیانیی ئەمڕۆیش فڕینی چەند هێلیكۆپتەرێك لە باڵیۆزخانەكەوە بینراوە.

بەرپرسانی ئەمریكا بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسایان وتووە كە كارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كابووڵ سەرقاڵی سووتاندنی بەڵگەنامە هەستیار و نهێنییەكانن. دووكەڵی سووتاندنی ئەو بەڵگەنامانە بە ئاسمانی كابووڵدا بڵاو بووەتەوە.

گەیشتنی تاڵیبان بە دەروازەكانی پایتەخت، ترس و دڵەڕاوكێی لەناو خەڵكدا دروست كردووە و هەندێك دەیانەوێت شارەكە جێبهێڵن، هەندێك لە هاووڵاتیانیش لەبەردەم بانكەكان ڕزیان بەستووە بۆ وەرگرتنەوەی پارەكانیان لە بانك.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، ڕوو لە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان و فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی دەوڵەت ڕایگەیاندووە كە تاڵیبان "لێخۆشبوونی گشتییی دەركردووە و خواستی تۆڵەكردنەوە لە هیچ كەسێكی نییە".

لە كاتێكدا زۆرینەی وڵاتان سەرقاڵی چۆڵكردنی باڵیۆزخانەكانن لە كابووڵ، وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە كە وڵاتەكەی باڵیۆزخانەكەی لە كابووڵ چۆڵ ناكات، چونكە تاڵیبان دڵنیایی پاراستنی باڵیۆزخانەكانی داوەتەوە ڕووسیا و ژمارەیەك وڵاتی دیكە.

هاوكات ڕووسیا لەگەڵ ژمارەیەك وڵات لە گفتوگۆدایە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش یەبارەت بە بارودۆخی ئەفغانستان.