كۆرۆنا لە ئێران تەشەنە دەكات؛ هیچ گومانلێكراوێك لە نەخۆشخانەكانی هەرێمدا نییە

22-02-2020 06:36


پەرەگراف

10 تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا لە ئێران تۆماركران‌و یەكێكیان گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی تووشبووان زیاتر لە سەدا 50 بەرزبووەتەوە لە ماوەی 24 كاتژمێردا، لە هەرێمی كوردستان هێشتا كۆرۆنا تۆمار نەكراوەو ڕێوشوێنەكان تووندتر كراون بۆ ڕێگریی لە ڤایرۆسەكە.

تادێت ژمارەی تووشبووان‌و مردن بە كۆرۆنا لە ئێران لە هەڵكشاندایە، كیانووش جیهانپوور، سەرۆكی بەشی پەیوەنییە گشتییەكان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕایگەیاند، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ، 10 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوەو یەكێكیان گیانی لەدەستداوە.

جیهانپوور ئەوەشی خستە ڕوو، بەو ئامارە نوێیەی ئەمڕۆوە ژمارەی تووشبووان بۆ 28 كەس بەرزبووەتەوەو مردووانیش بۆ 5 كەس.

یەكەم حاڵەت لە ئێران لە شاری قوم تۆمار كرا، ئێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە چەندین پارێزگای گرتووەتەوە لەوانەش تارانی پایتەخت، بەرپرسانی ئێران نیگەرانن لەوەی كۆرۆنا بە تەواوی وڵاتەكەیاندا بڵاوبووبێتەوە.

سەدان كەس لەژێر چاودێریی پزیشك‌و لە نەخۆشخانەكانی ئێراندان بە گومانی تووشبوونیان بە كۆرۆنا، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەكراونەتەوە.

مردن بە كۆرۆنا لە ئێران ڕێژەیەكی بەرزی هەیەو نزیكەی لەسەدا 20ی تووشبووان دەمرن بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی ڕاگەیەندراوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە چین كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەو گەشەی ڤایرۆسەكەیەو زۆرترین تووشبووان‌و مردووان بە ڤایرۆسەكە لەو وڵاتەن، ئەوانەی دەمرن كەمترە لە لەسەدا 3ی ژمارەی تووشبووان ئەوەش بەپێی ئامارە فەرمییەكان. هئێشتا ڕوون نییە بۆچی ڕێژەی مردن بەو ڤایرۆسە لە ئێران هێندە بەرزەو بەرپرسانی تەندروستی ئەو وڵاتە ڕوونكردنەوەیان لەوبارەیەوە نەداوە.

بۆ ڕێگریی لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، هەرێمی كوردستان وەك دراوسێی ئێران لە سەرجەم دەروازە سنورییەكانەوە ھاتووچۆی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ڕاگرتووە. تەنھا ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێم كە ئێستا لە ئێرانن ڕێگەیان پێدەدرێت بێنەوە ناو ھەرێم، ئەوەش دوای ئەنجامدانی پشكنین و خستنە ژێر چاودێریی تەندروستییەوە بۆماوەی دوو ھەفتە.

ئەمڕۆش كۆبوونەوەیەكی باڵای حكومەتی هەرێم لەسەر ئەو پرسە ئەنجامدرا، وەزیرانی ناوخۆو تەندروستی‌و پارێزگارەكان‌و وتەبێژی حكومەت بەشداربوون، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا دڵنیایی درا كە ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئەوەی خستە ڕوو، هیچ كەسێك بە گومانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكاندا نییەو چۆڵكردنی بەشێك لە نەخۆشخانەكان تەنیا ئامادەكارییە بۆ دۆخێكی نەخوازراو.

هەروەها رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم باسی لەوە كرد، ئەوەی پێویستە بۆ ڕێگریكردن لە گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە بە هەرێمی كوردستان‌و ئەوەی لەتوانای ئەواندابێت جێبەجێی دەكەن، وتی"ئەوەی دیكەش داوای هاوكاریمان كردووە هەم لە حكومەتی فیدراڵ هەمیش لە ئۆرگانەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بە تایبەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كە لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە ڕۆژانە، تەنانەت هەموو كاتژمێرێك ئەوان ئاگایان لە وردەكارییەكانی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناو ئەوەی لە دەوروبەری ئێمە دەگوزەرێت".

ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی جیهان بەدەوامە لە بڵاوبوونەوە، ئەمڕۆش ڕێژەیەكی بەرزی تووشبوون لە كۆریای باشور تۆماركرا كە 229 حاڵەتی نوێ بوو لە ماوەی تەنها ڕۆژێكدا، بەوەش ژمارەی تووشبووان بۆ زیاتر لە دوو ئەوەندە بەرزبوونەوەو گەیشتنە 433 حاڵەت.

لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی تووشبووان نزیك بووەتەوە لە 78 هەزار كەس كە زۆربەی هەرە زۆریان لە چینن‌و دوای چین، یابان بە پلەی دووەم دێت كە 751 تووشبووی هەیە، ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە نزیكەی 2 هەزارو 370 كەسن كە 17یان لە دەرەوەی چینن‌و دوای چین ئێران پلەی دووەمی هەیە لە تۆماركردنی مردن بە كۆرۆنا، ڤایرۆسەكە لە زیاتر لە 25 وڵات بڵاوبووەتەوە.

مەترسیی ڤایرۆسەكە وایكردووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ پێنجهەمین جار لە مێژوویدا باری لەناكاوی لە سەرتاسەری دونیا ڕاگەیاندووە.

دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپاراستن لێی