یەكەم پیرۆزبایی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان

15-08-2021 08:31

پەرەگراف

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، سەركردە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و برای ڕابەری بزووتنەوەكە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا "پیرۆزبایی سەركەوتن و ڕزگاركردنی ئەفغانستان"ی لە وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان كردووە.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز لە نووسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، دەڵێت "ئێوارەی ئەمڕۆ 15 / 8 / 2021، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا قسەم لەگەڵ ڕێزدار زەبیحوڵڵا موجاهد، سەركردەی دیاری بزووتنەوەی تاڵیبان كرد و پیرۆزبایی سەركەوتن و ڕزگاركردنی ئەفغانستانمان لێ كردن".

ئەو سەركردەیەی بزووتنەوە دەشڵێت "دڵخۆشی و پەرۆشیی برایان و خوشكان و سەركردایەتیی بزووتنەوە"ی گەیاندووە بە وتەبێژی تاڵیبان و "دوعا و نزای خێرمان بۆ كردن".

"هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ڕێزدار زەبیحوڵڵا موجاهید، زۆر سوپاسی ئەم پەیوەندییە و پەرۆشییەی لێ كردین و دوعا و هیوای سەركەوتن و سەرفرازیی بۆ كردین"، ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز وا دەڵێت.

ئەو برایەی ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەش كردووە كە وتەبێژی تاڵیبان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا "فەرمووی چەند سەركردەیەك لە تەنیشتمەوەن، ڕێز و خۆشەویستیی زۆریان بۆ مسوڵمانانی كوردستان و تەواوی سەركردە و ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامی هەیە".